پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی لە یانەی هەولێر كرد بەبۆنەی گەیشتنیان بە قۆناغی 8ی جامی عێراق.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم یانەی هەولێر لە قۆناغی 16ی جامی عیراق لەنێو یاریگەی ئەحمەد ڕازی لە شاری بەغدا رووبەڕووی یانەی كەرخ بووەوە.
یانەی هەولێر یارییەكەی بە ئەنجامی گۆڵێكی بێ وەڵام بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكۆتا هێنا و خۆی گەیاندە قۆناغی 8ی جامی عێراق، تاكە گۆڵی یارییەكەش لەلایە عەلی موحسین لە خولەكی 25ی گێمی یەكەم تۆمار كرا.
دوای سەركەوتنەكە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی یانەی هەولێر كرد و رایگەیاند "پیرۆزەبایی لە هاندەرانی خۆشەویستی یانەی هەولێر و یاریزانان و ستافی راهێنەران و سەرۆك و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و سەرپەرشتیارانی یانەکە دەکەین بەبۆنەی سەرکەوتنی (یانەی هەولێر) بەرامبەر یانەی (کەرخ) بە 1 گۆڵی بێ بەرامبەر لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناغی شانزەی پاڵەوانێتی جامی عێڕاق و گەیشتنی بە قۆناغی هەشت".
پارێزگاری هەولێر لە پەیامەكەیدا هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ یانەی هەولێر لە یارییەكانی داهاتوو لە خولی ئەستێرەكان و جامی عێراق خواست.
بڕیاریشە یانەی هەولێر لە قۆناغی 8ی جامی عێراق بەرامبەر یانەی نەفت یاری بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.