شارەزایەكی كەشوهەوا رایگەیاند كە شەپۆڵێكی بارانبارین روو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و ماوەی چەند رۆژێك بەردوام دەبێت، لە هەندێ شوێنیش ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
پشتیوان ئیبراهیم شارەزای كەشوهەوا رایگەیاند: له سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین کە سەرچاوەی هەردوو دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستە، كەشێكى باراناوى لە ناوچەكانمان دروست دەکات .
راشیگەیاند: سەرەتای شەپۆڵەکە لە درەنگانی شەو بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە دەگاتە ناوچەکان و بارانەکە مامناوەند و هەندێ کاتیش بە شێوازی تاوەبارانی بەخوڕ دەبێت و تاوەکو درەنگانی شەو، پاشان بارانەکە لاواز دەبێت و ئاسمان هەور دەبێ.
هەروەها رایگەیاند: لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەم بەشێکی تر لە شەپۆڵەکەی دەریایی سوور دەگات و بەپێی کات لەگەڵ دەریایی ناوەڕاست هەردووکیان یەک دەگرن و دەگاتە ناوچەکانی هەرێمی كوردستان.
شارەزاكەی كەشوهەوا گوتیشی: شەپۆڵەكەی رۆژی دووشەم بەهێز دەبێت و لەم شەپۆڵەدا ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە پێشتر لافاو تیایاندا ڕوویداوە، هەروەها هەورتریشقە و هەورەگرمەی بەهێزیشی لەگەڵ دەبێت.
جەختیشی كردەوە: لەم شەپۆڵەدا ئەگەری دروستبوونی هەوری سۆپەرسێڵ هەیە لە ناوچەکانی پاڕێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان و پاڕێزگای هەڵەبجە و دەشتی شارەزوور بەگشتی.
گوتیشی كە پلەکانی گەرما بۆ چەند پلەیەک دەست بەنزمبوونەوە دەکەن .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.