دادگای باڵای فیدڕالی عێراق ئەمشەو سێشەم راگەیەنراوێكی لەبارەی جێگیركردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە.
دادگای فیدڕالی لە راگەیەنراوەكەدا رایگەیاند: پێویستە هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان پەلە بكەن لە پڕۆسەی جێگیركردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاند: ئامانج لە جێگیركردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان گرەنتیكردنی مووچە و بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتییە.
هەروەها رایگەیاند: پێویستە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدرێت، ئەوانەشی كە بەهۆكاری تەكنیكی لە ماوەی دیاریكراودا هەژماری بانكییان بۆ دروست ناكرێت، پێویستە مووچەكانیان راستەوخۆ پێ بدەن.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) لە مێژە دەستی کردووە بە پرۆسەی تەوتین لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندیی عێراق و گفتوگۆکان لەم بارەیەوە بەردەوامن.
راشیگەیاند: نابێت هیچ لە ڕێکارەكانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە مووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق لە ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە بکرێن.
وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا: داوا دەکەین وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق بە مەرجی تەعجیزی ئەو مافە لە هەرێمی کوردستان زەوت نەکات و بۆ مووچەی مانگی ئادار هیچ کۆت و بەندێک بۆ تەمویلکردنی مووچەخۆران دانەڕێژن، چونکە ئەمە مافی دەستووری و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە و نابێت تێکەڵی هیچ ناکۆکییەکی نێوان هەردوو حکوومەت بکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.