ئەمڕۆ یهكشهم 10ی3ی2024، ھاووڵاتیان لەپێكھاتە جیاوازەكان بە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان دەچنە فەرمانگەكان و ئەم رۆژە بە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی بەڕێدەكەن.
رۆژی 10ی ئاداری هەموو ساڵێك رۆژی جلوبەرگی نەتەوەییە لە هەرێمی كوردستان و پێكهاتە جیاوازەكان جلوبەرگی تایبەت بە نەتەوەی خۆیان دەپۆشن و بەگوڵ و شیرینی پیرۆزبایی لە یەكتر دەكەن.
جلوبەرگ یەكێكە لە هێما سەرەكییەكانی ناسنامەی نەتەوەیی و گەلان و نەتەوەكان لێك جیا دەكاتەوە. لە هەرێمی كوردستان رۆژی 10ی ئادار وەك رۆژی جلی نەتەوەیی دیاری كراوە و هاووڵاتییان لەو رۆژەدا جلوبەرگی رەنگاورەنگی نەتەوەیی خۆیان دەپۆشن.
جلوبەرگی کوردی مێژوویەکی دێرینی هەیە و بەپێی ناوچەکانیش شێوازی دیزایین و دوورینەکەی دەگۆڕێت، لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمیش گۆڕانکاری لە مۆدێلەکانی جلوبەرگی رەسەنی کوردەوایدا کراوە، بەڵام هێشتا رەسەنایەتی و مۆرکی خۆی ون نەکردووە و بە یەکێک لە جلوبەرگە نەتەوەییە جوانەکانیش دادەنرێت بەهۆی ئەو رەنگاوڕەنگی و شێوازە تایبەتەی کە هەیەتی بەتایبەت جلوبەرگی کوردی خانمان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.