Erbil 15°C یەکشەممە 05 ئایار 14:08

بایدن: لە غەززە 30 هەزار ئافره‌ت و منداڵی مەدەنی کوژراون

کوردستان TV
100%


لە گوتارێکیدا کە لە کۆنگرێس پێشکەشی کرد، سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ڕایگەیاند: لە غەززە زیاتر لە 30 ھەزار فەڵەستینی کوژراون كه‌ زۆربه‌یان  ئافره‌ت و منداڵبوون.

سەرۆکی ئەمریکا بایدن، لە میانی دانیشتنی هاوبەشی ساڵانەی کۆنگرێسدا گوتارێکی لە ژێر ناوی "دۆخی یەکێتییەکە" (State of the Union) پێشکەش کرد و، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین دۆخی غەززە کرد.

لە گوتارەکەیدا بایدن لە بەشی پەیوەست بە غەززە باسی لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ڵه‌ستینی كرد و ڕایگەیاند: ئیسرائیل لە دوای ئه‌م كاته‌وه‌  خوێناویترین ڕۆژی بەسەردا هات.

بایدن باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی هەتا کۆتایی بەدوای گروپه‌ چه‌كداره‌كان بڕوات، لە بەرامبەر ئەمەشدا کاتێک ئیسرائیل هێرشەکانی ئەنجام دەدات، بەرپرسیارێتییەکی وەک نەکردنە ئامانجی کەسانی مەدەنی لەسەر شانە و ڕایگەیاند: ئەم جەنگە لە تەواوی جەنگەکانی پێشتری غەززە زیاتر زیانی گیانی لێکەوتەوە، زیاتر لە 30 ھەزار فەڵەستینی کوژراون و ئەمانە زۆربەیان ئەندامانی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ڵه‌ستینی نەبوون، ھەزاران و هەزاران ژن ومنداڵ کوژران، منداڵانی کچ و کوڕ بێ باوکم بوون.


سەرۆکی ئەمریکا بایدن، ئاماژەی بەوە کرد کە فەرمانی بە سوپای ئەمریکا کردووە بە دروست کردنی بەندەرێکی کاتیی لە کەناری غەززە.

بایدن تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ڕێگەی ئەم بەندەرەوە و لە ڕێگەی دەریاییەوە بڕێکی زۆرتر هاوکاری مرۆیی دەچێتە غەززەوە، بەڵام سەربازانی ئەمریکا پێ ناخەنە ناو غەززەوە.

ڕاشیگەیاند: دەکرێت لە ڕێگەی ئەم بەندەرە کاتییەوە ڕۆژانە بڕێکی زۆر هاوکاری مرۆیی بچێتە غەززەوە، لەگەڵ ئەوەدا پێویستە ئیسرائیلیش ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی بەجێیبگەیەنێت، پێویستە ئیسرائیل ڕێگە بە چوونە ناوەوەی هاوکاری مرۆیی زیاتر بدات و دەبێت دڵنیابین کە کارمەندانی هاوکاریيە مرۆییەکە لە ژێر بۆردومان و تەقەدا نەبن. ئەمەم بە سەرکردە ئیسرائیلییەکان گوتووە. هاوکاری مرۆیی نابێتە پرسێکی سەودا کردن یان پرسی دووەم.

سەرۆکی ئەمریکا بایدن، جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تاکە چارەسەری سیاسیی درێژخایەن بۆ کێشەی ئیسرائیل-فەڵەستین دوو دەوڵەتییە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.