ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.3.6، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە د. صالح مهدى الحسناوى، وەزیری تەندروستی عێراق و د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا کە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی تەندروستی هەرێم و عێراق ئامادەى بوون، وەزیری تەندروستی عێراق تیشکى خستە سەر ئامانجى سەردانەکەیان کە مەبەست لێى هەماهەنگی و پاڵپشتیکردنی زیاترى کەرتی تەندروستیە لە هەرێمى کوردستان بەگشتیى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانیان، هیواى خواست لە سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان سەرکەوتووبێت و سوپاسى وەزیرى تەندروستی عێراقیشى کرد کە لە هەموو بارودۆخێکى نەخوازراو کە بە سەر شارى هەولێردا هاتبێت ئامادەیی خۆیان نیشانداوە و هاوکاریی تەندروستیان پێشکەش بە هەولێرى پایتەخت کردووە و ڕایگەیاند: "ئەو هەڵوێستەتان جێگەى پێزانینى پارێزگا و حکومەتى هەرێمى کوردستانە و هیوادارین حکومەتى فیدراڵ و سەرجەم وەزارەتەکانى دیکەى بەغداش هەمان هەڵوێستى بەڕێزتان و وەزارەتى تەندروستى عێراقیان هەبێت".
پارێزگارى هەولێر، جەختیشى لەوەکردەوە کە دابینکردنى پێداویستى پزیشکى و چارەسەرکردنى نەخۆش و باشتر کردنى ڕەوشى کەرتى تەندروستى و نەخۆشخانەکان ئەرکى هەموو لایەکەمانە و ئەو لەویەتى کارەکانە و پەیوەندى بەهیچ کێشە و ململانێیەکى سیاسیەوە نییە، داواشى لە وەزیرى تەندروستى عێراق کرد ڕەچاووى تایبەتمەندى هەولێرى پایتەخت بکرێت لە هاریکاریی و دابینکردنى پێداویستیە پزیشکیەکان و باشتر کردنى ڕەوشى نەخۆشخانەکان، لەبەر ئەوەى جگە لە دانیشتوانى شارى هەولێر ژمارەیەکى زۆرى خەڵک و هاوڵاتییانى دیکەى پارێزگاکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق و ئاوارە و پانابەران سەردانى هەولێر و نەخۆشخانەکانى دەکەن بۆ چارەسەر.
لە کۆتاییدا، وەزیرى تەندروستى عێراق، سوپاسى پارێزگارى هەولێری کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى کە لێیکرا و ئامادەیی هەموو هاوکارییەکى وەزارەتى تەندروستى عێراقی نیشاندا و ڕایگەیاند: "چارەسەرکردنى نەخۆش لە هەر کوێیەکى عێراق بێت، بە ئەرک و بەرپرسیارییەتى خۆمانى دەزانین".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.