لە 6/3/1975 بە مەبەستی گەمارۆدانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و كۆتایی هێنان بە خەباتی رزگاریخوازی كورد لە كوردستانی عێراقدا، رژێمی بەعسی لەناوچوو لەگەڵ حكوومەتی ئێرانی سەردەمی شا بە سەرپەرشتی حكوومەتی جەزاییر رێككەوتننامەیەكیان ئیمزا كرد، كە دواتر بە رێككەوتننامەی جەزاییر ناسرا، كە گەمارۆدانی شۆڕشی كوردستان و سست كردنی بزاڤە رزگاریخوازەكەی لە خاڵە هەرە سەرەكییەكانی بوو، بە گوێرەی ئەو رێككەوتننامەیە، رژێمی بەعس دەستی لە نیوەی شەتولعەرەب هەڵگرت بۆ ئێران، لە بەرانبەردا تاران هاریكاری تەواوی رژێمی بەعس بكات لە دەورەدان و گەمارۆدانی شۆڕشی كوردستان بەسەركردایەتی مستەفا بارزانی نەمر، هەر وەكو لە دەقی رێككەوتننامەكەدا دووپات لە گرتنبەری رێوشوێنی ئەمنی كراوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە، رێككەوتننامەی جەزاییر بە یەكێك لە گەلەكۆمە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان دەژمێردرێت لە دژی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان، كە بە هۆیەوە شۆرشی ئەیلوول ناچار بوو، بۆ ماوەی كەمتر لە ساڵێك نوچ بدات ، شۆڕشی ئەیلوول هەرچەندە لە ساتەوەختێكدا بەرپا كراو درێژەی پێدرا كە سیاسەتی جیهانی لە لایەن دوو جەمسەری دژ بەیەكەوە بەڕێوەدەبرا، لەگەڵ ئەوەشدا شۆڕشی ئەیلول بەسەركردایەتی بارزانی نەمر توانی كورد بكاتە یەكێك لەو لایەنانەی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا كاریگەری هەبێت، بارزانی هیچ كاتێك ئامادە نەبوو لە پێناو سەركەوتنی كاتی و وەرگرتنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان بەنیوەچڵ و لەسەر دۆزی رەوای كوردستان سازش بكات، واتە ئامادەنەبوو دەست لە كەركوك و شنگال و خانەقین هەڵبگرێت، یان هیچ كاتێك ئامادە نەبوووە گەلی كوردستان دووچاری قەتلوعام بوون و فەوتان و لەناوچوون بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نسكۆی 1975 زۆر درێژەی نەكێشا زۆری نەبرد لەسەر هەمان ئەو رێبازەی بارزانی نەمر دایڕشتبوو شۆڕش بەرپا كرایەوە و قۆناغێكی نوێ لە شۆڕشی ئەیلوول درێژەی پێدرا، كە دواتر بە قۆناغی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز ناوبرا، جێی باسە هینری كیسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا داڕێژەر و جێبەجێكاری ئەو سیاسەتە بووە، كە رێككەوتننامەی جەزاییری خستەوە ، ئەو رێككەوتننامەیەی یەكێك بوو، لەو رووداوانەی جیهان كە تێیدا وڵاتانی ئیقلیمی و هەندێك لە وڵاتە زلهێزەكانی جیهانیش لەسەر دژایەتی كردنی مافەكانی كورد و شۆڕشی ئەیلول یەكبوون، بەڵام گەلی كوردستان لە پاشی 1975 ەوە و لە سێبەری پرانسیپەكانی رێبازی بارزانی نەمردا شۆرشی گوڵان و بزاوتەكانی تریشی بەرپا كردەوە.
بارزانی نەمر توانی كورد بكاتە یەكێك لەو لایەنانەی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا كاریگەری هەبێت
49 ساڵ بەسەر پیلانە شوومەكەی جەزائیر تێپەڕدەبێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.