ئەمشەو سێشەم مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەیاننامەیەكی لەبارەی دانیشتن و بڕیارەكانی دادگەی باڵای فیدڕالی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دا كە بڕیارەكانی دادگەكە عێراق بە ئاراستەی سیستەمێكی مەركەزی هەنگاو دەنێت و لە سیستەمی دیموكراتی فیدراڵی دوور دەكەوێتەوە.
مەكتەبی سیاسی پارتی راشیگەیاند: ماددە و بڕگەکانی دەستوور بەردەوام لەلایەن هەندێك لە دامودەزگا فیدراڵییەكانەوە پشتگوێ دەخرێن و پێشێل دەکرێن.
هەروەها رایگەیاند: كەمكردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و نەهێشتنی کورسی پێکهاتەکان و دابەشكردنى هەرێم بۆ چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بێ پاساوی دەستووریى، بەپێشێلکردنی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی دەستوور دادەنرێن.
دەقی بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:-
دوای تێپهربوونی زیاتر له ههشت مانگ بهسهر دانیشتنهكانی دادگای باڵای فیدراڵی و دواخستنی به مهبهست و بێ پاساوی یاسایی و دهستووری، له بریاردان له یهكلاكردنهوهی ئهو داوایهی له سهر یاسای ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان ژماره (1)ی ساڵی 1992ی ههموارکراو پێشكهش كرابوو، دواجار رێكهوتی 21ی شوباتی 2024 دادگا بریارێكی راگهیاند كه تیایدا مافه دهستوورییهكانی ههرێمی كوردستان و بنهماكانی فیدراڵی و پرهنسیپی لێك جیاكردنهوهی دهسهڵاتهكان كه له دهستووری عێراقدا جێگیر كراون، پێشێل كرد. بۆیە بە پێویستمان زانی كە گەلی كوردستان لە ڕێگەی ئەو بەیاننامەوە ئاگاداری ڕووی ناڕەوای بڕیارەكەی دادگابن.
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
ئاشكرایە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو، لەپێناو رەتكردنەوەی دیكتاتۆرییەت و ڕاپەڕین لە دژی ستەمی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بووە بۆ گەیشتن بە ئازادی و هێنانەدی مافە سیاسی و دیموكراسییە ڕەواكانی بەپێی پەیماننامە و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان، تا گەیشتە ئەوەی گەلی كوردستان لەساڵی 1991 بەرامبەر دیكتاتۆرییەت ڕاپەڕێ و لەسەرینی قوربانییەكانییەوە ڕووبەرێكی فراوانی خاكی كوردستانی عێراق ئازاد بكات و قەوارەیەكی سیاسی خاوەن دەسەڵاتەكانی یاسادان و جێبەجێكردن و دادوەریی دابمەزرێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی كە جەنابی سەرۆك بارزانی لەبەهاری هەمان ساڵدا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازادانەی كرد بۆ دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان-عێراق كە لێیەوە دەسەڵاتە سیاسیەكانی دیكەی هەرێم سەریان هەڵدا، و بووە وێستگەیەك بۆ گواستنەوەی شەرعییەتی شۆڕشگێڕیی بۆ شەرعییەتی یاسایی و دیموكراسی، وێڕای ئەوەش پەرلەمانی كوردستان جاڕی فیدراڵیەتی دا وەك بنەمایەك بۆ دیاریكردنی شێوە و سروشتی پەیوەندیی هەرێم لەچوارچێوەی سیستەمێكی دیموكراسیدا بەئامانجی بونیادنانی عێراقێكی نوێ.
لە ئەنجامی ڕووخانی ڕژێمی ديكتاتۆری لە ساڵی 2003دا، زەمینە ڕەخسا بۆ لەدایكبوونی دەستووری عێراقی ساڵی 2005 كە بەرهەمی قوربانیدانی گەلی عێراقە بۆ بەرجەستەکردنی ئامانجەکانی لە ئازادی و دیموکراسی و دامەزراندنی کۆمارێکی فیدراڵی، بەشێوەیەك كە ماف و شکۆی پێکهاتەکانی بپارێزێت و بەیەكسانی مامەڵەيان لەگەڵ بكات، هەروەها دەرگای بەشدارییەكى كاراى لەهەموو ئاستەكانی حوكم و ئیدارە بۆ هەموولایەك كردەوە. ئەمەش بووە مایەی دڵنیایی گەلی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەڕەواكەی تا لەگەڵ هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان بۆ بونیادنانی عێراقێكی نوێ و دامەزراندنی سیستەمێكی فیدراڵی كار بكات، بەوشێوەیەی كە پێكهاتە و دەسەڵاتەكانی لە دەستووردا ڕەنگی داوەتەوە، و ڕەزامەندی نزیكەی 80% پێكهاتەكانی گەلی عێراقى وەدەستهێنا كە لە مێژووی گەلاندا كەم وێنەبوو.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ڕاستییەك هەیە كە چاوپۆشی لێ ناكرێت، ئەویش ئەوەیە ماددە و بڕگەکانی دەستوور بەردەوام لەلایەن هەندێك لە دامودەزگا فیدراڵییەكانەوە پشتگوێ دەخرێن و پێشێل دەکرێن، لە هەمووشیان مەترسیدارتر ئەوەیە کە دادگای باڵای فیدراڵی دەيکات بەپێچەوانەی ئەركە سەرەكییەكانی خۆی کە بریتین لە گەرەنتی كردنی پیادەكردنی بەندەكانی دەستوور و بەرگری لەسیستەمی فیدراڵی و چەسپاندنی لەڕێگای پابەندبوون بە سەروەری دەستوور و دابەشکردنی دەسەڵاتەكان. شایانی ئاماژە بۆ كردنە كە بڕیارە یەک لە دوای یەکانی دادگا بوونەتە هۆی پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەشێوەیەك دادگا خۆی خستۆتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، و هەندێك دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە کە دەستوور پێی نەبەخشیوە.
جگە لە هەموو ئەمانەش، دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارەکانی ئەم دواییەیدا، هەوڵی کەمکردنەوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی هەرێمى داوە، و كارى كردووە بۆ لاوازکردنی دامەزراوەکانی و ڕێگەى خۆش کردووە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان تا زێدەڕۆیی لەسەردەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێم بكەن، لە كاتێكدا کە دەستوور دانی بە شەرعییەتی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری هەرێمدا ناوە بەپێی ماددەکانی (117 و 121). دواجاریش بڕیارەکەی دادگا سەبارەت بە نادەستووریبونی هەندێك لە ماددە و بڕگەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوە دەردەخات كە دادگا ڕێگەی بەخۆی داوە بە هەمواركردنەوەی ياساكە، كە ئەمەش كارى دەسەڵاتی یاسادانانە نەك دەسەڵاتی دادوەری، هەروەها پێشێلکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە کە لە ماددەی (47)ی دەستووردا هاتووە.
ئاشكراشە كەمكردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان ونەهێشتنی کورسی پێکهاتەکان و دابەشكردنى هەرێم بۆ چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بێ پاساوی دەستووری، بەپێشێلکردنی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی دەستوور دادەنرێن، چونكە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ماوەی پتر لە 30 ساڵە كاری پێ دەكرێت و پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێ ئەنجامدراوە و بووەتە بەردی بناغەی دیموكراسی و نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم پێكهاتە و بیروڕا جیاوازەكان، بەشێوەیەك كە هەرێمی كوردستانی وەك بنكەی دیموكراسییەت و پێكەوەژیان لە نێوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكاندا نیشانداوە. لەلایەكی دیكە دادگا لە خاڵی پێنجەمی پاشخانی بڕیارەكەیدا لەبارەی هەردوو سیستەمی یەك بازنەیی و فرەبازنەیی، نەیتوانیوە بیسەلمێنێت كە یەك بازنەیی لەهەرێمدا نادەستوورییە و بگرە ئاماژەیەكی روون دەكات بەوەی كە سیستەمی یەك بازنەیی لایەنی باش و بەهێزی هەیە، هەرچەندە خاڵی لاوازیشی هەیە، ئەوەش بێگومان لە سیستەمی فرە بازنەییشدا تێبینی دەكرێت بەوەی كە لایەنی بەهێز و باشی هەیە لەگەڵ لایەنی لاواز، بەڵام ناگەنە ئەو ئاستەی كە ببنە نادەستووری، بەڵكو ئەوە دەمێنێتەوە بۆهەڵسەنگاندن و دەسەڵاتی یاسادانەر، وەك لەمەوپێش لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراقدا بینیمان كە لەسەرەتادا یاساكە بە یەك بازنەی دانابوو و پاشان كرایە (18) و دواتر (83) و دواتریش لەساڵی 2023 كرایەوە بە (18) بازنە، بەبێ ئەوەی لەهیچ بارێكیاندا بڕیار لە نادەستوریبوونی یاساكە بدرێت، مەگەر دادگای باڵای فیدراڵی خۆی خستبێتە شوێنی یاسادانەری هەرێم بۆیە بڕیاری لە بابەتێكی لەو چەشنە داوە كە دەستوور ئەو دەسەڵاتەی پێ نەبەخشیوە. لەهەمانكاتدا دەبێت بڵێین كە خاڵی لاوازی سیستەمی فرە بازنەییش ئەوەیە كە دەرفەت ناداتە حزبە بچووك و مام ناوەندەكان كە نوێنەرایەتی دەنگەكانیان بە تەواوی بكەن، كە ئەمەش هەر لە بەرژەوەندیی نیشتمانییدا نییە هەرچەندە لە بەرژەوەندیی حزبە گەورەكانە.
لەلایەكی دیكەوە، نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەهەرێمدا، ناكۆكە لەگەڵ ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵی و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا هاتووە بەتەرخانكردنی کورسی بۆ پێکهاتەکان، هەروەها ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی (49/بڕگەی یەکەم) و (125)ى دەستوور، کە جەخت دەكەنەوە لەسەر ڕەچاوکردنی نوێنەرایەتیکردنی هەموو پێکهاتەکانی گەل لە ئەنجوومەنەی نوێنەران، و دەستەبەركردنی مافی سەرجەمنەتەوەکان (وەک تورکمان و کلدان وسریان و ئاشوور و ئەرمەن و هەموو پێکهاتەکانی تر) لە پیادەكردنی مافەڕەواكانیان، لەوانەش مافە سیاسییەكان، بە گەرەنتیكردنی نوێنەرایەتییان لە ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەكاندا.
لەدەرەنجامدا ئەو بڕیارانەی دادگای باڵای فیدراڵی بوونە هۆی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتەكانی فیدراڵی ودەسەڵاتەكانی هەرێم و تێكدانیان، بە شێوەیەک هەڕەشە لەو بنەما دەستوورییانە دەكات كە دەوڵەتی فیدراڵی و سیستەمی دیموكراسییان لەسەر بونیادنراوە، ئەمەش وا دەكات كە عێراق بەئاراستەی سیستەمێكی مەركەزی هەنگاو بنێت و لە سیستەمی دیموكراتی فیدراڵی دوور بكەوێتەوە، بۆیە لەسەر هەموو هاوبەشەکانی حوکمڕانی بە گشتی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە تایبەتی پێویستە بە جیددی و بە پەرۆشەوە کار بکەن لەپێناو پابەندبوون بە دەستوور و بەندەكانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و پەلە بكرێت لە ئامادەكردن و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز و یاسای دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی، بەتایبەتیش دەرچوواندنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شەرعییەتی دەستووریی ئەم دادگایە بەپێی ڕێكارە دەستوورییەکانی كە لەماددەی (92)دا هاتووە، و گەرەنتیكردنی سەربەخۆبوونی دادگاكە و دڵنیابوون لەوەی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور هەنگاو بنێت، هەروەها پێویستە دەستوور ببێتە بنەما بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، و لەمە زیاتر دادگای باڵای فیدراڵی بۆ مەرامی سیاسی بەكار نەهێندرێت.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
5ـی ئاداری 2024
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.