وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەم لەمیانەی دیدارێكدا لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كرد كە هەموو هەوڵێكیان خستۆتەگەڕ تا هیچ بیانوویەك بۆ دواكەوتنی مووچە لەلایەن بەغداوە نەمێنێت.
ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاند "لە چەند مانگی ڕابردوودا لەسەر هەمواری یاسای بودجە و چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ حکوومەتی عێراق گەیشتبووینە ڕێکەوتن و چاوەڕێ بوون لە ڕێی هەمواری یاساکەوە لە پەرلەمان کێشەکە چارەسەر بکرێت و مووچە لە هەموو کێشە و ململانێیەک جیابکرێتەوە".
راشیگەیاند "بەڵام قەیرانی هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و کێشە سیاسییەکان، تا ئێستا ڕێگربوون لە چارەسەری ئەو بابەتە".
هەروەها رایگەیاند "وەک وەزارەتی دارایی هەماهەنگی تەواومان لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق هەیە و ماوەی 10 ڕۆژە تیمە هاوبەشەکان سەرقاڵی وردبینین لە خەرجی و داهاتەکانی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان".
ئاوات جەناب نووری گوتیشی "وەک وەزارەتی دارایی هەموو هەوڵەکمان خستۆتەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تا هیچ بیانوویەک بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەمێنێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.