مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ دووشەم بەبۆنەی 33ـەمین ساڵیادی راپەڕینی خەڵكی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا رایگەیاند "ئەو دیموكراسییەت و فیدرالیزمەی هێزە سیاسییەكانی عێراق لەسەریان ڕێكکەوتوون و لە دەستووری عێراقی نوێدا چەسپیوون، لەبەردەم مەترسی ڕاستەقینەدان".
مەكتەبی سیاسی پارتی لە پەیامەكەدا هەروەها رایگەیاند "لەم یادە پڕ مانا و شكۆیەدا بەڵێن دەدەین تا هەتایە دەستبەرداری ئامانجە ئازایخوازەكان و ڕزگاری نیشتیمانەكەمان نەبین، پەیمان بە جەماوەری گەلەكەمان دەدەین هەردەم لە ڕیزی پێشەوەی داكۆكی و پاراستنی كوردستان و بەهێزكردن و پێشخستنیدا بین".
راشیگەیاند "ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی کوردستان دەکەینەوە بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان هاوئاراستە و یەکگوتار بین".
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی:
پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
بە بۆنەی(33)ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی گەلەکەمان
ئەمڕۆ (33)ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستانە، بەڕووی جەور و ستەمدا، لەم یادە پڕ مانا و شكۆیەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی كوردستان دادەنەوێنین و بەڵێن دەدەین تا هەتایە دەستبەرداری ئامانجە ئازایخوازەكان و ڕزگاری نیشتیمانەكەمان نەبین، پەیمان بە جەماوەری گەلەكەمان دەدەین هەردەم لە ڕیزی پێشەوەی داكۆكی و پاراستنی كوردستان و بەهێزكردن و پێشخستنیدا بین.
دیرۆکی درێژخایەن و پڕ سەروەریی خەباتی گەلە خۆڕاگرەکەمان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانیەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانمان و بەدیهێنانی مافە زەوتکراو و پێشێلکراوەکانمان، هەمیشە مایەی شانازی بووە بۆ نەتەوە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیمان.
مێژوومان بە قوربانیدان و هەڵوێست و ئیڕادەی ڕۆڵە وەفادار و بەئەمەک و دڵسۆزەکان نەخشێنراوە، ئەو ڕۆڵە وەفادارنەی هەمیشە سپەری بەر ستەم و زۆرداری و سەرکوتکردن بوون، لەو ڕوانگەیەشەوە سەلماندیان کە هێزی گەل تاکە هێزی ڕاستەقینەی شۆڕش و بەرخودان و ڕاپەڕینە.
یەکێک لەو ئەڵقە هەرە چارەنووسسازانەی تێکۆشان و بەردەوامبوونی خەباتی نەپساوەمان، ژیلەمۆی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی 5ی ئاداری 1991 بوو کە بەهیمەت و بەشداریی جەماوەری دڵسۆز و خەڵكی تێكۆشەر و لەخۆبردوو و بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین، هەڵگیرسا.
ڕاپەڕین، وەک پەیامێکی هەقخوزانەی گەلەکەمان و پێویستییەکی قۆناغەکە هاتەئاراوە، هەوێن و هەنگاوێکی مەزن و هیوابەخش بوو بۆ بونیاتنانی ئەزموونێکی نوێی فەرمانڕەوایی لەساڵی(1992)دا کە خۆی لە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی كوردستاندا بینیەوە و بووە بەرجەستەکاری خواست و ویستی جەماوەری ڕاپەڕیوی كوردستان.
ڕێگای بە دامەزراوەییکردن و بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە ڕێگایەکی ئاسان نەبوو، بەڵکو تا بە ئەمڕۆش دەگات کۆمەڵێک کێشە و گیروگرفت و قەیران لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی هەرێم و دەرەوە بەرەوڕووی ئەو قەوارە سیاسییەی هەرێم دەبنەوە، هەر لە رووی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە تاکو هەوڵە نەزۆكەكانی بنکۆڵکردن و لاوازکردنی، بەڵام بە باوەڕی پتەو و خۆڕاگریی و دڵسۆزیی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و هێزە سیاسییە نیشتیمانییەكانی و بە ڕەنج و قوربانی پێشمەرگە قارەمانەكان، شوورەیەکی پۆڵاینی كوردستان، وڵاتمان هەمیشە ئارام و ئاوەدان و پارێزراو و سەقامگیر ماوەتەوە و دەمێنێتەوە، سەرەڕای هەموو فشار و دەسیسەكان.
هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان
ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان سەرباری هەموو ڕاستینە و دەستكەوتەكانی، دوو حەقیقەتی مێژووی بۆ خۆمان و یارونەیاران سەلماندەوە: سەركەوتنی گەل و نیشتیمانەكەمان لە یەكبوون و یەكدەستی و برایەتیماندایە، پەرتەوازەیی و لێكترازانیشمان جگە لە نەهامەتی و زیانمەندبوونی میللەتەكەمان، شتێكی دیكەى پێ نیە، حەقیقەتی دووەمیش ئەوەیە كە زوڵموزۆر و نكوڵیكردنی نەتەوەى كورد و مافەكانی گەلی كوردستان، لە كۆتاییدا جگە لە كەوتن و ڕیسوابوونی زاڵمان و خۆسەپێنەران ئەنجامێكی دیكەی نیە، ڕاپەڕین پەیامی بە هەمووان دا كە گەلی كورد و خەڵكی كوردستان بە هیچ كلۆجێك مل بۆ زۆرداران نادەن چەند بەهێز و دڵڕەق و بێ مروەتیش بن.
لەم یادە شکۆمەندەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە و لەسەر هەمان پرەنسیپ و پەیامی ڕاست و دروستی پارتەکەمان جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی کوردستان دەکەینەوە بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانمان لە خاكەكمان لە دەستكەتەوت و قەوارە نیشتیمانییەكەمان، هاوئاراستە و یەکگوتار بین و هەموو هەوڵێكی ڕژد و دڵسۆزانە بدەین لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و هەموولایەكمان بەرپرسانە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان رەچاو بکەین و ئەرکی لەپێشینەمان پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان و ئەم قەوارەیە و دەستکەوتەکانمان بێت.
كوردستانیانی هێژا
لە سەروبەندی یادی ڕاپەڕیندا، هەلومەرجی سیاسیى عیراق بەرەو قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدار دەڕوات، ئەو دیموكراسییەت و فیدرالیزمەی هێزە سیاسییەكانی عێراق لەسەریان ڕێكکەوتوون و لە دەستووری عێراقی نوێدا چەسپیوون، دەستوورێك كە زۆربەی هەرە زۆری هاووڵاتیان پەسەندیان كردووە، لەبەردەم مەترسی ڕاستەقینەدان و هەوڵی ناوخۆیی و دەرەكی ئاشكرا لە ئارادایە بۆ پاشگەزبوونەوە لە هەموو ڕێكکەوتنە سیاسییەكان، لە هەموو بنەما دیموكراسی و فیدرالییەكان و وەلانانی ئەو دەستوورەی خەڵكی عێراق دەنگیان پێداوە، فشاری زۆر و هەمەلایەنە بەردەوامە بۆ سەپاندنی هەندێك واقیع بەسەر كوردستاندا كە بە درێژایی سەدەیەك بە هێرش و پەلاماری سەربازی تا ئاستی جینۆساید نەیانتوانیووە بەسەر خەڵكی كوردستانیدا بسەپێنن ئێستا بە ناو و لە ڕێی یاساوە دەیانەوێت بیانسەپێنن، بەتایبەتی ئەو بڕیار و هەنگاو و ناهەقیانەی دەرهەق بە خەڵكی كوردستان و قەوارەی دەستووریی هەرێم و ماف و موستەحەقاتەکانی و چەندین پرسی دیکە دەکرێن کە بە پێی دەستوور و یاسا فیدڕاڵییەکان دانیان پیانراوە، بۆیە ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک ئاستەنگ و تەحەدیاتی ئەوتۆداین کە زیاتر پێویستمان بە هاوئاهەنگی و یەكدەستییە لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و بەردەوامی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدای پایتەختی فیدراڵی بەرەو چارەسەرکردنی و یەکلاکردنەوەی گیروگرفتەکان تاکوو جارێکی دیکە کێشە و قەیرانەکان دووبارە نەبنەوە، هەر لەو روانگەیەوە سووربووین لەسەر پاراستنی دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسا و دەستووری فیدراڵی و، جەخت دەكەینەوە لەسەر بنەما سەرەکەییەکانی بونیاتنانەوەی عێراقی نوێ و كۆتایهێنان بە كێشە هەڵواسراوەكان كە خۆیان لە بنەماكانی (هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی)دا دەبیننەوە.
بەم بۆنەیەوە و لەو دەرفەتەدا جارێکی دیکە بە دڵنیاییەوە بەڵێن دەدەین و پێدادەگرین لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەردەوامبوون لەسەر کارنامە و ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان بۆ داکۆکیکردن لە بنەماکانی دیموکراسیەت و فیدرالی و فرەیی سیاسی و هەڵبژاردنی ئازاد و بەرفراوانکردنی پانتایی بەشداریکردنی سیاسی تێكڕای پێكهاتەكانی عێراق و كوردستان بۆ خزمەتگەیاندن و دابینکردنی مافەکانی خەڵک و چاکترکردنی باری ئابووری و هەلومەرجی بژێوی ڕۆژانەیان.
هاووڵاتییانی ئازیزی كوردستان
ئەم یادە بە دەرفەت دەزانین كە پشتیوانی خۆمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەیەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاری كردووە كە دەكاتە ڕۆژی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ. بەڵێن بە جەماوەری گەلەكەمان و هەموو دۆستانی گەلی كوردستان دەدەین كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە جیددی و ڕاستگۆیانە كار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاكوبێگەرد دەكات. بۆ ڕای گشتی كوردستان و عێراق و دنیای ڕادەگەیەنین كە بەشدارێكی بەهێز دەبین لە سەرخستنی هەڵبژاردنەكان و قەبووڵكردنی ئەنجامەكانی لە ڕوانگەی باوەڕی پتەومان بە دیموكراسییەت و كێبركێی دیموكراسییانە و ئاشتییانە و ئیحتیكام و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵك لە حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا.
لە یادی راپەڕینە شکۆدارەکەی كوردستاندا" سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دادەنوێنین.
دروود بۆ شەهیدانی راپەڕینە شکۆدارەکەی ئاداری 1991.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و کوردستان.
هەر شەکاوە و شکۆدارو بێت (33)یەمین ساڵیادی راپەڕین..
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
5ی ئاداری 2024
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.