دیپلۆماتکاران و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەولێر و بەغدا، پێشوازی لە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەكەن و هەروەها پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ”هەڵبژاردنی ئازاد، بێگەرد و دادپەروەرانە” دەردەبڕن و داواش لە هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن پابەندی وادەی هەڵبژاردن بن.
هەریەكە لە کونسولخانەی ئەمەریكا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و هۆڵەندا لە هەولێر لە تویتی جیاوازدا دەستخۆشی و پاڵپشتییان بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان دەربڕیوە و دەڵێن ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان پیادەكردنی بنەماكانی دیموكراسییە لە هەرێمدا، هەروەها نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق پاڵپشتیی خۆی بۆ وادەی هەڵبژاردنەكان دەردەبڕێت و ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاری نیشان دەدات.
ئەمڕۆ یەكشەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی كوردستان بە فەرمی رۆژی 10ی حوزێرانی 2024ی وەك ڕۆژی هەڵبژاردنەكان بۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دیاری كردووە.
کونسولخانەی ئەمەریكا لەوبارەیە لە تویتێكدا دەڵێت "پێشوازی لە ڕاگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنەكان بۆ 10ی حوزێران دەكەین لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، ئێمە پشتگیری لە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەکەین کە بۆ دیموکراسییەکی تەندروست و ئایندەی هەرێمی کوردستانی عێراق زۆر گرنگە".
هەر لەوبارەیەوە كونسولخانەی ئیتاڵیا دەڵێت "کونسولخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر پێشوازی لە بڕیارەکەی نێچیرڤان بارزانی دەکات کە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێم دەکات لە 10ی حوزەیراندا و هانی هەموو لایەنەکان دەدات بە پڕۆسەیەکی ڕێکوپێک و ئازاد و دادپەروەرانەدا بە ئەنجامی بگەیەنن".
جێگری نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەڵێت "10ی حوزەیران وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. هیوادارین هیچ بەربەستێك نەیەتە پێش. نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەیە بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی پشتگیریی خۆی".
کونسولخانەی فەڕەنسا و هۆڵەنداش لە تویتی خۆیاندا پاڵپشتییان بۆ ڕاگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنەكان دەربڕیوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.