Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 09:21

بە فەرمانی مەسرور بارزانی پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە و ژمارەیەک پرۆژەی دیكه‌ دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە

کوردستان TV
100%

لەسەر بودجەی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت.

بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە لەسەر ئەرکی حکوومەت جێبەجێ دەکرێت، ژمارەیەک پرۆژەی تری وەك دروستکردنی پارک و پەرەپێدانی ناوچەی سەوزایی و قیرتاوکردنی گەڕەك و شەقامەكان لە هەڵەبجە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش بۆ بەدواداچوونی کارەکانی ماستەرپلان و دەستپێکردنی ڕێکارەکانی پرۆژەکان سەردانی پارێزگەی هەڵەبجە دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28/2/2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پارێزگەی هەڵەبجەی کرد و لەلایەن ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجەوە پێشوازی لێکرا. لە کۆبوونەیەکدا بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە و بە بەشداری سەرکەوت تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەکان و د. چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە شاندی وەزارەت و جێگرانی پارێزگار و سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە ئامادەی بوون، ڕێکارەکانی بەگەرخستن و جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری بڕیار لە دەستپێکردنیان درا کە لە چەند ڕۆژی پێشوودا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ هەڵەبجە بڕیاری لەسەر جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک بۆ هەڵەبجە دا، لەنێویاندا جێبەجێكردنی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئامانجی سەردانەکەی بۆ پارێزگەی هەڵەبجە ڕوونکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجەمان کردووە بۆ جێبەجێكردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە بۆ ئەوەی بەزوویی ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی تری وەك دروستکردنی پارک و قیرتاوکردنی گەڕەک و شەقامەکانی شارەکە و بۆ ئەو مەبەستەش داوای لەلایەنی پەیوەندار کرد بەخێرایی دەرخستەی پرۆژەکان ئامادە بکەن.

ساسان عەونی، سەبارەت بە بودجە و گرنگی پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە، زیاتر گوتی: ماستەرپلانی هەڵەبجە لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت جێبەجێ دەکرێت و هەوڵ دەدەین لە ماوەیەکی کەمدا تەواو بکرێت، گوتیشی: حکوومەت بە بایەخەوە کار لەسەر پرۆژەی ماستەرپلان دەکات و لەو سۆنگەیەوە بودجەی بۆ دابین دەکات و هەموو ئاسانکاری و هاوکاری و پاڵپشتییەکی پرۆژەکە دەکرێت کە لە چوارچێوەی ماستەرپلانەکەدا دیدگایەک بۆ هەڵەبجە تاکو ساڵی2040 دادەنرێت.

سەبارەت بە تەرخانکردنی گوژمەیەک بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی بەپەلە و هەنووکەیی جگە لە پرۆژەکانی دیکە، ساسان عەونی گوتی: 500 ملیۆن دینار وەک قۆناغی بەپەلە بۆ چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری تەرخان دەکرێت و بەزوویی دەستبەکارەکان دەکرێت. ئەمەش دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت دێت بۆ هەڵەبجە. 

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها پاڵپشتی تەواوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری دەربڕی و جەختی لەسەر جێبەجێكردنی ژمارەیەک پرۆژەی دیکە و ڕێکخستنەوەی شار و جوانکردنی و چارەسەرکردنی گرفتی ئەو زەوییانەی کێشەیان هەیە و تا ئێستا تاپۆیان نییە، لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی 26 نەخشەی بنەڕەتی کە ماوەی زیاتر لە 17 ساڵە ئەو کێشەیە هەیە کردەوە. سەبارەت بە پرۆژە تەواونەکراوەکانیش جەخت لەسەر هەوڵدان بۆ تەواوکردنیان کرایەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.