Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 19:58

سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ژمارەیەک لە دامەزراوە و پەیمانگەی سیاسەت و هزر و لێکۆڵینەوەی ئەمەریکی كۆبووه‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مێزگردێکی تایبەتدا لە واشنتن، لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک لە ناوەند و دامەزراوە و پەیمانگەی سیاسەت وهزر ولێکۆڵینەوەی ئەمەریکی (ثينك تانك) کۆبووەوە.

لە مێزگردەکەدا سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و پێویستە ڕێز لە دەستوور و بنەماکانی دیموکراسی و فیدراڵی بگیرێت و وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. ئاماژەشی بەوە دا کە خەڵکی کوردستان قوربانییەکی زۆری لەپێناو مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی داوە و ئامادە نییە لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافەکانی ببێت.

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر بنەمای دەستوور، کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ چارەسەر بکات، لەمبارەیەوە ئاماژەی بە گرینگیی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیی و دەستوورییەکانی حکوومەتی هەرێم کرد.

هەروەها باسی لە پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دا.

لە بەشێکی دیکەی مێزگردەکەدا سەرۆکی حکوومەت باسی لە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و گرینگیی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ڕێککەوتننامەی شنگال کرد.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت وەڵامی پرسیار و سەرنج و تێبینیەکانی ئامادەبووانی دایەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.