Erbil 15°C شەممە 01 حوزەیران 16:12

پێشه‌وا هه‌ورامانی: سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانی پارێزگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن

کوردستان TV
100%

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانی پارێزگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ ئاراسته‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت كران، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ هه‌ولێره‌وه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران جێبه‌جێ ده‌كرێن.

پێشه‌وا هه‌ورامانی گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: من لەنزیکەوە ئاگادارم چەند جارێک بوو لەلایەن جەنابی سەرۆک وەزیران پلانی چوونە هەڵەبجە دادەنرا، بەڵام هەرجارە و بە هۆکارێک شتێک دروست دەبوو یان دروست دەکرا سەردانەکە دوا دەکەوت.

راشیگه‌یاند: ئەمڕۆ سەرۆک وەزیران بارزانی هاتە هەڵەبجە و لەگەڵ دانیشتنی لەگەڵ ئیدارەی شارەکە فەرمووی "هاتووم گوێ بگرم و قسەی ئێوەم دەوێ چی بکەین بۆ ئەم شارە".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: بەڵام من نیگەرانیم بینی لەوەی کە بۆچی تا ئێستا ئەوەی بۆ هەڵەبجە کراوە نە لە ئاست تمووحی خەڵکەکەی بووە نە جەنابییان، گوتی کە "هەڵەبجە دەبوو زیاتر و باشتر خزمەت بکرێت و ئەمەی بۆی کراوە من زیاتر لەمەم دەوێت".

پێشه‌وا هه‌ورامانی گوتیشی: سه‌رۆكی حكوومه‌ت لە هەموو بوارەکاندا فەرمانی کرد هەڵەبجە تایبەتمەندی پێ بدرێت و دەبێت ئەم شارە ببووژێتەوە بەو جۆرەی کە دەبوو بۆی بکرێت کە زۆر لەمێژە دەبوو بکرایە!.

ئاماژه‌شی دا: بە فەرمانی جەنابییان هەموو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشتیاری و کشتوکاڵ لە هەڵەبجە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت و ڕێنمایی و مەرجی قورس لەسەر ئەم پارێزگایە دەبێت هەڵبگیرێن و بازرگان و سەرمایەدارانی هان دا کە بێنە هەڵەبجە بۆ کارکردن و حکوومەت ڕێگایان بۆ ئاسان دەکات هەتا خزمەت بکەن.

هه‌روه‌ها گوتی: لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەبێت پارەیەک بۆ پارێزگاکە تەرخان بکرێت، شەقامەکان دەبێت کارییان تێدا بکرێت و چاک بکرێن، دەبێت کۆلێژی تەندروستی دامەزرێت و 500 کەس دابمەزرێندرێن لە هەڵەبجە، ماستەرپلانی هەڵەبجە کاری لەسەر دەکرێت و کەرتی تەندروستی و کۆمەڵێک بواری دیکە کارییان لەسەر دەکرێت کە پێویستن بۆ شارەکە و ڕێککارەکانی بەقەزابوونی خورماڵیش خێرا دەکرێن.

گوته‌بێژی حكوومه‌ت گوتیشی: سەرۆک وەزیران خەمخۆرانە و دڵسۆزانە گوێی لە کەسوکاری قوربانییان دەگرت و لە کاتی ڕوونکردنەوەکانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، حەسرەت و خەمی کوردێکی خاوێن و ڕەسەن و خەمخۆر بەدی دەکرا کە زۆر خەمخۆرانە پرسیاری دەکرد و داوای وەڵامی دەکرد.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بۆ هەموو ئەو داواکارییانەی ئەمڕۆ و یاداشتە 9 خاڵییەکەی پارێزگای هەڵەبجە، لێژنەیەکی تایبەت لەهەولێرەوە دێنە هەڵەبجە و نووسینگەی سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی جێبەجێکردنی خاڵەکان دەکات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ لە کۆتاییدا گرێ کوێرەکەی تووەقوت کرایەوە و لەسەر دەستی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە دانرا کە خواستی دێرینی هەڵەبجەییەکانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.