Erbil 15°C شەممە 15 حوزەیران 11:42

پەیامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی

کوردستان TV
100%

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ په‌یامێكی سەبارەت بە بڕیاره‌كه‌ی دوێنێ چوارشه‌می دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ هەڵوەشانەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان بڵاو كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند کە لە پسپۆڕی ئەو دادگایە نییە هەمواری ماددە و بڕگەکانی یاسا بکات.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ به‌یاننامه‌كه‌ی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ:-

ڕۆژی 21 ی شوبات دادگای باڵای فیدڕاڵی عێڕاق لەسەر سکاڵایەک بڕیاری دا بەهەڵوەشانەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان.

ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نیگەرانین لەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بەرامبەر پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، چونکە مافی بەشداری سیاسی لە پەرلەمان و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان و دامودەزگاکانی تری دەوڵەت مافێکی چەسپێنراوە بەپێی دەستووری عێڕاقی و نموونەیەکی جوانە لە هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە ساڵی 1992 تا خولی پێنجەم.

بەداخەوە هەمیشە کەمینەکان وەك لاوازترین ئەڵقە سەیر دەکرێن کە لە هەموو هەنگاوێکی هەر گۆڕانکارییەکدا بە ئاسانی دەستى بۆ دەبرێت.

لە کاتێکدا دادگای فیدڕاڵی ئەوە دەزانێ کە هەمان ماف بۆ دیاریکردنی ڕێژەی کۆتا لە عێڕاق لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان پەیڕەو دەکرێ، بەڵام ئەو مافە لە هەرێمی کوردستان رەت دەکرێ بەرامبەر کورسی کەمینەکان.

ئەگەر چی سەدان دانیشتنی گفتوگۆ لەبارەى داواکارییەکانی کەمینەکان، سەبارەت بە کورسی و پشکەکانی پەرلەمان ئەنجامدرابوو، کە تێیدا داوا دەکرا دەنگدان بەو کورسییانە بۆ (مەسیحی و تورکمان) ڕێک بخرێتەوە و بەئالییەت و شێوازی تایبەت کە زامنی مافەکانیان بکات، بەڵام لەبڕی ئەوەی دادپەروەری بەرامبەریان بکرێ لەو مافە بنەڕەتییە، ئەم دەستکەوتە دیموکراسییەش لەبارچوو و مافی جیاکاری ئەرێنی بەرامبەریان هەڵوەشایەوە.

لەکاتێکدا دادگای فیدڕاڵی دەسەڵاتی ئەوەی نەبوو کە هەمواری یاسا بکات، چونکە دادگا پێشتر خۆی باسی کردوە بە بڕیاری ژمارە (53/ ئیتحادی/2023) و (26/ئیتحادی/2020) کە بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە پسپۆڕی ئەو دادگایە نییە هەمواری ماددە و بڕگەکانی یاسا بکات.

هەروەها دەستووری عێراق بە ڕوونی جەخت لەسەر پێویستی ڕەچاوکردنی نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکانی عێراق لە پەرلەمان دەکاتەوە، بەڵام دادگای فیدراڵی ئەو پشکەی هەڵوەشاندەوە.

ئەو بڕیارەی دادگای وێڕای ئەوەی کاریگەری نەرێنی دەبێ بۆ پێکهاتە و کەمینەکان کە بەشێکی گرینگ و ڕەسەنی ئەو وڵاتەن کە بەپێچەوانەی ئەو بڕیارە چاوەڕێی بڕیار و ڕاسپاردەی باشتریان دەکرد بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و ڕێکخستنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان لە پشک و کورسی پەرلەمان، بەڵام دادگای فیدڕاڵی بە تەواوی کۆتایی بە کورسی کۆتاکان هێنا.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان

22ی شوباتی _ 2024

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.