ءسه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌م له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، تاوه‌كو هه‌مواری بودجه‌ی عێراق ته‌واو ده‌كرێت، ناردنی ئه‌و 618 ملیار دیناره بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.
محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا زۆر بابه‌تی خسته‌ڕوو، به‌ڵام ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندییان به هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو گوتی: ده‌بێت یاسای بودجه هه‌موار بكرێته‌وه و كۆتایی به كێشه داراییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدڕالی بهێنرێت.
گوتیشی: تاوه‌كو هه‌مواری یاسای بودجه ته‌واو ده‌كرێت، ناردنی پاره‌ی مانگانه‌ی 618 ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئێستا له قۆناخی وردبینین بۆ یاسای بودجه، دواتریش به مه‌به‌ستی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی ده‌كه‌ین.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌ر له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا له‌باره‌ی پرسی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: هێشتا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی تێچووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له كێڵگه نه‌وته‌كان له رێگه‌ی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه له گفتوگۆداین و تا ده‌گه‌ین به ڕێككه‌وتنی كۆتایی به‌رده‌وام ده‌بین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.