Erbil 15°C شەممە 29 حوزەیران 08:01

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبوونەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە 2024/2/20 لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆ بوونەوە.
‏‎مەبەستی كۆبوونەوەكە، تاوتوێكردنی هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەیی تەواویان بۆ ئاسانكاری و هاوكاریكردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بە شێوەیەكی شەفاف و پیشەیییانە دەربڕی.
‏‎لە كۆبوونەوەكەدا، كۆمسیۆن باسی ڕێكارە تەكنیكییەكان و دابەشكردنی كات بۆ هەنگاوەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە چوارچێوەی كاتی بەردەستی یاساییی تەمەنی كۆمسیۆندا خستە ڕوو، لە هەمان كاتدا نوێنەری یۆنامیش ئامادەیی نیشان دا كە هاوكاری هەموو هەنگاوەكان بن بۆ سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
‏‎لە كۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك ئەوەی لە ڕابردوودا هەنگاوی جدییان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان هەڵناوە و ئەركی یاساییی خۆیان بەجێ گەیاندووە، ئێستاش بە هەمان پەرۆشی و ڕژدییەوە هەموو كارێكی پێویست ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.