ئەمڕۆ یەكشەم ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە یادی 23 ساڵەی شەهیدكردنی تێکۆشەرى کورد فەڕەنسۆ هەریری، سەردانی نێو یاریگەی نێودەوڵەتى فەڕەنسۆ هەریری كرد و بڕیاری دا له نزیكترین كاتدا چیمەنی یاریگەکە بگۆڕدرێت.
پارێزگارى هەولێر لهمیانهی سهردانهكهیدا گوتی: لە سبەینەوە دەست بە گۆڕین و نۆژەنكردنەوەی چیمەنی یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری دەكرێت.
گوتیشی: هەوادار و وەرزشدۆستان و خەمخۆرانی شاری هەولێر بەردەوام داوایان دەكرد ئاوڕێكی جدی لە یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری بدەینەوە و چاك بكرێت، بەتایبەتی لە وەرزی زستانەدا یاریگەكە كەڵكی یاریكردنی نەدەما، بۆیە ئێمەش رێزمان لە داواكارییەكانی هەوادارانی وەرزشی هەولێر گرت و لە سبەینەوە تیمێكی ئەندازیاری پارێزگاى هەولێر دەست بە چاككردنەوەی یاریگەكە دەكات.
پارێزگاى هەولێر جەختی لەوەش كردەوە پڕۆسهی گۆڕینی چیمهنی یاریگهی فڕهنسۆ ههریری له زووترین كات ئهنجام دهدرێت.
یاریگهی شەهید فەڕەنسۆ ھەریری یاریگهیەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و بەدووەم گەورەترین یاریگهی وەرزشی دادەنرێت لە عێراقدا، لە ساڵی 1956 لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لە کۆتایی ساڵی 2001 بەناوى شەهید فەڕەنسۆ ھەریری کراوە، لە ساڵی 2009 بۆتە یاریگهیەکی نێودەوڵەتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.