كۆی گشتیی ئەو زەوییانەی لە هەرێمی كوردستان دارستان و پاوان پێك دەهێنن، 9 ملیۆن و 480 هەزار و 762 دۆنم زەوییە و پلانی كابینەی نۆیەمیش بووە بەردەوام ئەو ڕووبەرە زیاتر بكات.
دارستانەكان، بە هەردوو شێوازی سروشتی و دەستكرد 2 ملیۆن و 542 هەزار و 993 دۆنمه و لەو ڕووبەرەشدا، 35 هەزار و 472 دۆنم بە شێوەی دەستكردانە داچێندراون.
ڕووبەری پاوان لە خاكی هەرێمی كوردستان، نزیكەی 6 ملیۆن و 937 هەزار و 769 دۆنمە، كە جگە لەوەی كاریگەریی لە سەر كەشوهەوا هەیە و ڕێگە لە داشۆرینی زەوی دەگرێت، بۆ بواری ئاژەڵداری و بەرهەمی هەنگەوانی سوودێكی زۆری هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی دارستانی دەستكرد، لە شارەكان 114 پرۆژە، لە نێوانیاندا 13 پارك بە ڕووبەری هەزار و 586 دۆنم زەوی جێبەجێ كراون. كە لەم بوارەدا پشكی شێر بەر سلێمانی بە 825 دۆنم كەوتووە و بەشی دهۆك 309 دۆنم بووە و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش 262 دۆنم و لە پلەی كۆتاییشدا پارێزگای هەولێر بە 190 دۆنم دێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵی داوە ڕێژەی زۆری زەوییە كشتوكاڵییەكان كە بۆ چاندنی دار گونجاوە، بەكار بێنێت و لەو چوارچێوەیەدا چەندین پرۆژەی گرنگی جێبەجێ كردووە؛ كابینەی نۆیەم تەنیا لە ساڵی 2023، لە 16 نەمامگەی باخداری و 14 نەمامگەی دارستان، كاری بەرهەمهێنانی نەمامی كردووە. لەو پرۆژانەش هەلیكاری بۆ 161 كرێكار ڕەخساندووە و بڕی 805 ملیۆن دیناری عێراقی تێیاندا خەرج كراوە.
عەبدولرەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی ژینگە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "دوو ڕووبەری سەوزایی هەن، ڕووبەری سەوزایی ناو سنووری شارەوانییەكان، كە ڕووبەری سەوزایی هەرێمی كوردستانی گەیاندووەتە 19%- %20، ڕووبەری دووەمیش سەوزایی دارستانەكانی دەرەوەی شارەكانە. لەلایەكی دیكەوە بە پێی ڕێككەوتننامەی پاریس ئەو وڵاتانەی پیشەسازیین، دەبێ ڕووبەری سەوزایی وەكوو قەرەبووی پیسكردنی هەوا، لە وڵاتانی خۆیان زیاد بكەن، بەڵام چونكە ڕووبەری سەوزاییان لە وڵاتی خۆیاندا زۆرە، ئێمە پەیوەندیمان پێوە كردوون بێن لە هەرێمی كوردستان ڕووبەری سەوزایی زیاد بكەن، كە هەم بەسوودە بۆ هەرێمی كوردستان، هەم بۆ ئەو وڵاتانەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سوودی دەبێت."
لە ساڵی 2022، زیاتر لە 230 هەزار و 386 نەمام بەرهەم هێنراون كە لەم بوارەدا پارێزگای سلێمانی زۆرترین بەرهەمی بە 72 هەزار و 692 نەمام هەبووە. لە كۆی ئەو بڕەی كە بەرهەم هێنراوه، نزیكەی 83 هەزار و 630 نەمام فرۆشراوه، كە تەنیا لە پارێزگای هەڵەبجە 38 هەزار و 345 فرۆشراوە و لەو ڕووەوە ئەو پارێزگایە بە پلەی یەكەم دێت.
ژینگەی كوردستان، جگە لە بوونی سروشتییانەی دارستان و پاوان، كەشێكی لەباری بۆ داچاندنی زیاتری دارستانەكان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵ دراوە لە ناو شار و دەوروبەری شارەكان، بە پلان و بەرنامەی جۆراوجۆر ڕێژەی سەوزایی زیاتر بكرێت؛ ئەمەش بۆ مەبەستی پاراستنی ژینگە و پاككردنەوەی هەوا و پاراستنی سیمای سەوزی كوردستان بووە.
دارستان و پاوان نزیكەی 10 ملیۆن دۆنم زەویی هەرێمی كوردستان پێك دەهێنن
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.