( نه‌جمه‌دین مه‌لا) ڕۆژنامه‌نووس، شاعیر و نووسه‌ر له‌ڕۆژنامه‌ی ( ژین) دا نووسیویه‌تی : ( ده‌نگخۆشه‌كان وشه ده‌هێننه زمان و ، ئاده‌میزادی پێ دێننه هه‌له‌كه سه‌ما، یا ده‌یخه‌نه‌گریان ..! ده‌نگخۆشیی به‌هره‌یه‌كه خوا ده‌یبه‌خشێ به‌مرۆڤ، له‌وڵاتی سلێمانی ئێستا ده‌نگخۆشمان زۆره، یه‌كه‌مینیان ( دیلان) ه )(1).
زۆر گرینگە بۆ كەسایەتیەك كە چەند بەهرەیەكی تیادا كۆبووبێتەوە ناكرێت هەروا بەسانایی خوێندنەوە بۆ كار‌و تێكۆشان و بەرهەمە ئەدەبی و هۆنراوەكانی و دەنگە خۆش و خۆڕسك و بێ خه‌وشه‌كه‌ی بكرێت، ئەو كەسایەتیە دەهێنێت لەتەواوی ئەو لایەن و بەهرانەی كەلەناخیدا بەرجەستەبووە خوێندنەوەی زانستی و لێكۆڵینەوە و توێژینه‌وه‌ی تایبەتیان بۆ ئەنجام بدرێت،
یەكێك لەو كەسایەتیانەی كە هەموو ژیانی خۆی لەپێناو گەل و نیشتمانه‌كه‌یدا بەخت كرد و ، بەكۆمەڵێك خولیا‌و ئارەزووە وە بۆ هەمیشە سەری نایەوە، ئەویش هونەرمەندی دەنگخۆش و ئه‌و شاعیرەی له‌پێناو ئازادی نه‌ته‌وه‌كه‌یداژیاو قوربانی دا ئه‌و پیاوه ووره به‌رزه ( حەمەساڵه‌ح دیلان) ە
دیلان بەتەنیا دەنگخۆش و شاعیر نەبوو، بەڵكو نووسەر، هونه‌رمه‌ند، شاعیر، ڕەخنەگرو ئاوازدانەر، مەقامبێژ و مەقامزان و مه‌قامناس و زمان زانێكی شارەزا و لێهاتوو بوو.
هەرچەندە دیلان لەناو گەلەكەماندا بەشاعیرێكی به‌رز و دنگخۆشێكی باڵا له چڕینی مه‌قام و به‌سته و سروود دا ناسراوە، بەڵام خودی دیلان زۆر ناڕەحەت و دڵته‌نگ ده‌بوو كە بە هونەرمەند و دەنگخۆش ناوببرێت، هه‌میشه له كۆڕ‌و دانیشتنی له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستان و یارانیدا جه‌ختی له‌وه كردۆته‌وه به‌هونه‌رمه‌ند بانگ نه‌كرێ و ناوی نه‌بردرێ..؟! زیاتر ئاسوودەو خۆشحاڵ دەبوو كه بە شاعیر بناسرێت، چونكه خۆی وته‌نی( من شاعیرم و شعیرم بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌م وتووه) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شاعیرێكی به‌رزی كوردستانه‌و له‌سه‌ر هۆنراوه و هه‌ڵوێسته جوامێرانه‌كه‌ی چه‌ندین جار ڕاپێچی زیندان كراوه،
دیلان له‌زیندانه‌وه له‌ساڵی (1954) دا له‌هۆنراوه‌ی گه‌شتێ دا ده‌ڵێت :
( ئه‌ی تریفه‌ی مانگه‌شه‌وی زیوینی ئاسمان
بۆبه‌تۆسقاڵ جاربه‌جارێ خۆت ئه‌ده‌ی نیشان
ده‌ربكه‌وه ڕووناكی پاك به‌ره سه‌رینم
بۆم ڕووناك كه زیندانی تار ژووری كه‌مینم ...!)
به‌ڵام دیلانی نه‌مر به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و هونه‌ره بێ خه‌وشه‌كه‌ی بۆته به‌شێكی جوان و هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن له‌مێژووی حه‌مه ساڵه‌ح دیلان و مۆسیقا و ئاواز و به‌سته‌ی كوردی.
حه‌مه ساڵه‌ح دیلان كێیه؟!
كوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداری شاری سلێمانی یه ، هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی (مه‌لائه‌حمه‌دی دیلان و فاتمه خان) ، ( حه‌مه ساڵه‌ح و قادر دیلان) سمبولی ده‌نگ و ئاواز و وێژه‌ی كوردین ، ناو و نازناویان هه‌رده‌م پێشه‌نگ بوون له هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و تیپی مۆسیقا له كوردستاندا، كه‌واته هه‌ردوو برا خه‌مخۆر و دڵسۆزی هونه‌ر و ئه‌ده‌بی كوردی بوون.
شاعیر و هونه‌رمه‌ند حه‌مه ساڵه‌ح دیلان له‌ساڵی (1927) ی زاینی له‌یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه دێرینه‌كانی شاری سلێمانی به‌ناوی( ده‌رگه‌زێن) له‌دایكبووه،
دیلانی نیشتمانپه‌روه‌ر له‌دیمانه‌یه‌كدابه‌وشێوه‌یه باس له خۆیی و باب و باپیرانی ده‌كات و خۆی ده‌ناسێنێ :
( من ناوم محه‌مه‌د ساڵه‌ح كوڕی مه‌لا ئه‌حمه‌د دیلان كوڕی مه‌لا ساڵه‌ح كوڕی مه‌لا قایه‌ری شه‌وخوێن، كوڕی مه‌لامحه‌مه‌د كوڕی مه‌لا هه‌مزه‌یه) بناغه‌ی خێزانی ئیمه یاخود بنه‌ماڵه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ دروست كردنی شاری سلێمانی ( 1784 ی زاینی) له‌قه‌ڵاچوالانه‌وه هاتوونه‌ته سلێمانی ، له‌گه‌ڕه‌كی گۆیژه نیشته‌جێ بوون، باوكم كه ناوی مه‌لائه‌حمه‌د دیلانه خوێنده‌وار بوو، به‌ڵام كاسبكار و زۆر شه‌یدای شیعر بوو ، هه‌رچه‌نده خۆی پێی نه‌ئه‌وترا شاعیر، به‌ڵام زۆر له‌شیعر باش ئه‌گه‌یشت، به‌تایبه‌تی شیعری كوردی و شیعری فارسی، ده‌ستپێكردنی خوێندنم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مزگه‌وتی( شێخ باباعه‌لی) له‌گه‌ڕه‌كی خۆمان بوو، به‌ئه‌لف و بێی و خه‌تمی قورئانه‌وه خه‌ریك بووم تا ته‌واوم كرد، پاشان چوومه قوتابخانه‌ی ( خالیدیه)، قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایم ته‌واو كرد، چوومه ناوه‌ندی تا سێی ناوه‌ندیم ته‌واو كرد، گوزه‌رانی خێزانی ئه‌وسای ساڵانی (1945 و 1946) گران و ناهه‌موار بوو، ناساغی ڕووی كرده خێزانه‌كه‌مان به‌تایبه‌تی باوكم، ناچار وازم له‌خوێندن هێنا، له‌كۆتایی ساڵی ( 1946 بۆ 1947) دامه‌زرام به‌فه‌رمانبه‌ر له‌دایره‌ی( انحصاری تووتن) له‌سلێمانی، ته‌مه‌نم له (19) ساڵ تێ نه‌ئه‌په‌ڕی، له‌پاش ساڵ و نیوێك له‌فه‌رمانبه‌ریدا مامه‌وه له‌وه‌زیفه ده‌ركرام ، چه‌ند مانگێكی پێ چوو گیرام و درام به‌مه‌جلیسی عورفی حوكم درام ، به‌ربووم ، گیرامه‌وه، حوكم درام ، به‌ربووم، تاساڵی (1958) ماوه‌ی (11) ساڵ به‌ندی و دوورخستنه‌وه‌م هه‌یه ( یانی گوڵی گه‌نجێتی خۆمم له‌ناو به‌ندینخانه‌دا برده سه‌ر) له‌پاش ئه‌وه‌ی كه ڕژێمی پاشایه‌تی خرا له‌ساڵی (1958) ( 14/7/1958) گه‌ڕامه‌وه بۆ وه‌زیفه بوومه‌وه به‌فه‌رمانبه‌ر به‌ڵام ئه‌مجاره له دائیره‌ی ( انحصاری تووتن) دانه‌مه‌زرامه‌وه، له‌ئیداره‌ی محه‌لی، له‌ئیداره‌ی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی، بووم به ( مأمور مه‌خزه‌ن)، ژیانی من بوو له‌منداڵییه‌وه وه‌كو فه‌رمانبه‌رێك، وه‌كو نیشتمانپه‌روه‌رێك، وه‌ك ئازاردیوێك، وه‌كو ئازارچێژێك، به‌لای ئه‌و هۆش و په‌یوه‌ندیه نیشتمانیه‌ی كه من هه‌مه و بڕواش ناكه‌م تائێسته‌ش پچڕابێت..؟!
له‌پێش ساڵی (1950) به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی خوێنده‌واری باوكم و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته تایبه‌ته‌ی به‌سه‌ر شیعردا هه‌یبوو منیش حه‌زم له‌شیعركرد) (2).
به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و شیعر نووسینی دیلان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ژینگه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی چونكه ڕه‌وانشادی باوكی ( مه‌لائه‌حمه‌دی دیلان) كه‌سێكی ده‌نگخۆش و مه‌قام خوێنێكی ناوداری شاری سلێمانی بووه و شاره‌زاییه‌كی باشیی هه‌بووه له‌شیعردا، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر حه‌مه ساڵه‌ح دیلان داناوه، له‌ده‌نگ و هونه‌ری به‌سته‌و مه‌قامچڕیندا ببێته هونه‌رمه‌ندێكی مه‌زن و ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ستی گه‌نج و پیر دابنێ و ببێته قوتابخانه‌یه‌ك بۆ قوتابی و هه‌واداره‌كانی ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌ی، له‌بواری شیعر نوسین دا ببێته كه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌ر و هاوه‌ڵ و هاوڕێی شاعیرانی سه‌رده‌می خۆی وه‌ك ( گۆران1904_1962 ) ، ( كامه‌ران موكری1929_ 7/12/1986) ، ( ئه‌حمه‌د هه‌ردی1922_29/10/2006) و تاد ،
له‌وڕوانگه‌یه‌وه دیلانی نه‌مر فه‌رموویه‌تی ( باوكم خوالێخۆشبوو مه‌لائه‌حمه‌دی دیلان كه‌سێكی خوێنده‌وار و شیعر دۆست و شیعرزان و ده‌نگخۆش بوو) (3).
له‌به‌رامبه‌رئه‌و هه‌موو وانه‌یه له‌بواری وێژه‌و هونه‌ر كه له‌باوكی یه‌وه فێری بووه، حه‌مه ساڵه‌ح دیلان وه‌ك وه‌فا و ئه‌مه‌كدارییه‌ك بۆ مه‌لائه‌حمه‌دی دیلانی باوك ،
دیلانی نه‌مر هه‌موو شیعره‌به‌نرخه‌كانی له دیوانێكدا كۆكراوه‌ته‌وه و به‌چاپ گه‌یه‌ندراوه به‌ناوی ( دیوانی شیعر محه‌مه‌د ساڵه‌ح دیلان) له‌ئاماده‌و لێكدانه‌وه‌ی په‌راوێزنووسین و پێشه‌كی ( دكتۆر عه‌بدوڵڵا ئاگرین)، دیلانی نیشتمانپه‌روه‌ر نوسیویه‌تی ( دیوانی شیعر پێشكه‌ش :
_ به‌گیانی پاكی مه‌لائه‌حمه‌دی دیلانی باوكم كه‌فێری كردم شیعرم خۆش بوێ .
_ به‌و كه‌سانه بێ كه فێریان كردم كوردم خۆش بوێ ) (4).
لەسەرەتای ساڵی ( 1947) دیلانی دڵسۆزی نیشتمان لە دایرەی ( انحصار) ی توتن لەسلێمانی وەك فەرمانبەر دادەمەزرێت، بەڵام هەرلەو تەمەندا تێكەڵاو بەكاری سیاسی بووه، كەسایەتی و هۆنراوەكانی دیلان سەرنجی دەوروبەر بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت، وەك كەسێكی تێكۆشەرو نیشتمان پەروەر و لاوێكی خوێن گه‌رم و جوامێر‌و بە هەڵوێست دەردەكەوێت ،
هەڵوێستە نەتەوەیی و پێشكەوتووخوازەكانی دیلان دەبێتە هۆی دەركردنی له‌وه‌زیفه‌كه‌ی، دوورخستنه‌وه‌ی لەكاری فەرمانبەرێتی و هەستكردن بەدنیای نابەرابەری و زوڵم و چەوساندنەوەی نەتەوەكەی له‌لایه‌ن ڕژێمی ئه‌وسای عێراقه‌وه، دیلان ڕق ئەستوورترو بەهەڵوێستر دێتەوە كۆڕی تێكۆشان و خه‌بات، تاساڵی( 1948) كەبەشداری ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەكانی ئەو ساڵەدەكات و ڕۆڵێكی چالاك و بەرچاو دەگێڕێت، هۆنراوەكانی دیلان لەناخ و هەست و سۆزی خودی دیلانەوە هەڵقوڵاون كە هەموویان پەیوەست بوون بە نیشتمان و هیواو ئاوات و ئازادی بۆ مرۆڤ و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، كەواتە دیلانی دەنگخۆش و نووسەر و زمان زان و شاعیر ، لەبەهاری تەمەنیدا تێكەڵاو بەكاری سیاسی و ڕۆژ بەڕۆژ ڕق ئەستورتر بووه بەرامبەر به‌داگیركەرانی كوردستان و بەكرداریش خەباتی لەو پێناوەدا كردووە و به‌هه‌ست و ڕۆح و جه‌سته قوربانیشی داوه،
لەسەر هەڵوێستی نیشتمان پەروەرانەی دیلان بۆ چەندین جار ڕاپێچی ژوورەتاریكەكانی زیندان كراوەو حوكم دەدرێت، ئازاد دەكرێتەوە، زیندانی دەكرێتەوە و پاشان لەزێدی خۆی دووردەخرێتەوە بۆ شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی ئێراق.
ده‌بێت ڕاشكاوانه ئاماژە بەوە بدەین كە دیلان ماوەی
( 11) ساڵی تەمەنی لەزیندان و حوكم و دوورخستەوە له زیده‌كه‌ی لە مەنفا دا بەسەر بردووە كه‌واته له‌خۆڕا نه‌یگوتووه( یانی گوڵی گه‌نجێتی خۆمم له‌ناو به‌ندینخانه‌دا برده سه‌ر) ،
ته‌نانه‌ت كاتێك (فاتمه خانی) دایكی كۆچی دوایی ده‌كات ، دیلانی نیشتمانپه‌روه‌ر له‌وساته‌وه‌خته‌دا له‌به‌ندینخانه‌یه و زیندانی كراوه، به‌ڵام كام به‌ندینخانه‌ی عێراق..؟! وه‌ك شایه‌تحاڵێكی ئه‌و ڕۆژگاره، مامۆستا (فه‌وزی كوڕی ڕه‌مزی مه‌لامارف) له‌بیره‌وه‌رییه‌كی زۆر تاڵ و ناخۆش دا نووسیویه‌تی :
( فاتمە خان بە هۆی خەم وخەفەتی کوڕە گەورەکەی ( حەمە ساڵح )یشەوە کە بەردەوام پۆلیس بە شوێنییەوەبوون و ( بەند دەکراو و بەردەدرا و دیسان بەندیان دەکردەوە)، گرفتاری کەمێك ئیفلیجی و کەنەفتەیی تەواو پێوە دیاربوو،بەیانییەکی زوو بوو، حەلاوەخانی دراوسێمان، بە سەروسەرپۆشە سپییەکەی کە هەر وەک دڵی وا سپی پۆش بوو لە دەرگای دا و بە ڕوویەکی پڕ لە خەم و پەژارەوە بە دایکمی گوت:
هەر ئێستا ( فاتمەخانی ژنی مەلا ئەحمەدی دیلان) عەمری خوای کرد و ئامادەبە با بچین بەلایانەوە و هەروەها کوڕینە بڕۆن بە باوکتان بڵێن و ئێوەیش وەرن نەبا پێویستییان پێتان بێت، هۆکارەکەیش ئەوەبوو کە ماڵی مەلا ئەحمەد کچی سەر ماڵەیان نەبوو، هەروەها کاك قادر ( هونه‌رمه‌ند قادر دیلان) یش هاوسەرگیری نەکردبوو تا بۆیان ببێتە بنا‌وان، ئەو کات من مێردمنداڵێك بووم ، تێکەڵی و خۆشەویستی ئەو خێزانە وای لە خەڵکی گەڕەك کردبوو کە وەك پرسە و ناخۆشی خۆیان سەیری بکەن و پلەوپایەی مەلا ئەحمەد و هەروەها دوو کوڕەکەی ببووە جێگەی ڕێزی نەك هەر ئەو گەڕەکە، بگرە شارەکەیش بە گشتی .
کە چووینە بەردەمی ماڵ پیاوانی گەڕەك وەستابوون و ماڵ پڕ بوو لە ژنانی دەرودراوسێ و هەریەکە خۆی بەخاوەن پرسەکە دەزانی و قۆڵی مەردانەیان لێهەڵماڵیبوو تا مەراسیمی شوشتن و کفنی بگرنە ئەستۆ .
هەر کە سەرم بە ژوورەوەدا کرد ، خوایە چی ببینم و چی ببیەم؟؟!!
ئەوەی بینیم و ئەوەی بەر گوێکانم کەوتن ، بە شێوەیەك هەست و سۆزی بزواندم ، ئیتر خۆم بۆ ڕانەده‌گیرا و وەك زۆربەی ئامادەبووان، هاوبەشی گریان و فوغانی (کاکە قادر) بووم .
لەو هەیوانەی کە لەبەردەم ئەو ژوورەی کە دایکی تێدا بە پۆپەشمینێك داپۆشرابوو، بە دەم گریانەوە هەر دەهاتوو دەچوو، بە هەردوو دەست دەیدا بە ڕانیدا؛ (سالە لە کوێی دایکت مرد ... کوڕە سالە گوێت لێمە ... تۆ لە کوێی دایکت مرد)
یەکبینە هەر ئەمەی دەگوت و دەگوتەوە، وەك ئێستە لە گوێکانمدا دەزرنگێتەوە کە پیاوانی ئامادەبوو بە یەکیان دەگووت:
توخوا، وازی لێبێنن با گڕی ئەو دوو خەمەی لە دڵیدایە بەو گریانە دایبمرکێنێتەوە.
( واتە خەمی مردنی دایك و بێسەروشوێنی کاکی)
ئەوەی ژیاننامەی (مامۆستا حەمە ساڵح دیلان) ی خوێندبێتەوە، باش دەزانێت کە تەواو گوڵ و سەرتەرزەی ژیانی لاوییەتی لە بەندیخانەکانی سەردەمی پاشایەتیدا بەسەربردووە، ئەوجا کە دایکیشی دەمرێت ئەو هێشتا هەر لە بەندیخانەدا بووە و بەڵام بێ ئەوەی بزانرێت کە لە چ بەندیخانەیەکدا بووە، بۆیە کاکە قادری برای بەو دەنگە بەرزەوە ئاوا هاواری دەکرد( سالە گوێت لێمە.. تۆ لە کوێیت.. دایکت مرد ) ( 5).
ئەو ژیانە پڕ چەرمەسەری و نەهامەتیەی دیلان بەردەوام دەبێت تا ساڵی ( 1958) كە كۆتایی بەڕژێمی پاشایەتی دێت له عێراق ،
دیلانی خەباتگێڕو دڵسۆز بە نەتەوەكەی دوای ساڵی
( 1958) جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆكاری وەزیفی لە
( الادارة المحلیە_ ئیداره‌ی ناوخۆ) لەناو پارێزگای سلێمانی بەناونیشانی ( مامور مخزن) ،
دیلان لەگەڵ ئەو هەموو ئازار‌و سەختیانەی ژیان لە درێژایی تەمەنیدا ڕووبەڕووی دەبوونەوە ، زۆر لە جاران زیاتر سوورتر دەبوو لەسەر هەڵوێستە بەرزەكانی لەزیندانەكاندا زیاتر خامەكەی دەخستە خزمەتی نەتەوەو نیشتمانەكەی و هەمیشە بیر‌و هۆشی پەیوەستر و دڵسۆزتر دەبوو بۆ نەتەوەكەی ، دیلان ده‌فه‌رموێت :
( هانم ئه‌دا بۆ كۆڕی سوور كۆڕی تێكۆشان
نه‌ترسم بێ له‌ئازار ز له‌قووڵی زیندان
بگه‌مه جێ .. ئاشتی وه‌ك ڕۆژ ده‌رخا هه‌تاوی
قاقای نازدار ، هاژه هاژ و خوڕه‌ی چه‌ماوی)
حه‌مه ساڵه‌ح دیلان و به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و دنیای مه‌قام و به‌سته ...!
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا ئاماژەی پێبدەم بەهرەی دەنگخۆشی و خوێندنی بەستەو مەقامەكانیەتی كەبەرهەمە تۆماركراوەكانی گەواهی ئەو ڕاستیە دەدەن و جێی سه‌رنج و سه‌رسامی گه‌نج و پیره به‌وپه‌ڕی عه‌شقه‌وه گوێ بۆ ده‌نگه پڕسۆزه‌كه‌ی ڕاده‌گرن و ئه‌و شاكاره هونه‌رییانه ئەمڕۆبوونەتە ئەرشیف و گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخی مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی ،
دیلان مەقام زان و مەقامبێژێكی شارەزاو بەسەلیقەبووە، كە خۆی لەقەرەی زۆربەی مەقامە كوردی و ڕۆژهەڵاتیەكان داوە وەك ( سێگا ، بەیات ، عەجەم ، ڕاست ، هومایۆن ، ئەڵاوەیسی و هوزام و چەندینی تر ) هەروەها چەند مەقامێكی تر كە زیاتر لەناو مەلاكان و قورئان خوێنەكانی شاری سلێمانی دا خوێندراون ،
سه‌باره‌ت به‌سه‌ره‌تای هاتنه نێو دنیای هونه‌ری مۆسیقا‌و گۆرانی و چڕینی مه‌قام و درێژه‌دان به‌به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیه‌كه‌ی دیلانی ده‌نگخۆش ده‌فه‌رموێت :
(ته‌مه‌نم سیانزه ساڵان بوو (1940) كه خووم دایه گۆرانی گوتن ،له‌ناو كورد دا حه‌زم له‌ده‌نگی ( شێخ نووری شێخ ساڵه‌ح1896_20/10/1958 ) بوو ، له‌عه‌ره‌به‌كان شه‌یدای ده‌نگی ( محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب13/3/1898_ 4/5/1991 ) بووم و له توركه‌كانیش ده‌نگی ( جه‌لال به‌گ ) م ( جه‌لال به‌گ : ناوی جه‌لال گوزه‌ل سه‌س گۆرانیبێژێكی كوردی باكووری كوردستانه و خه‌ڵكی شاری دیاربه‌كر بووه ( ج،د)
زۆر له‌لام به‌سۆز و خۆش بوو ئه‌مانه په‌لكێشیان كردم بۆ دنیای هونه‌ری گۆرانی، به‌ڵام لاساییان ناكه‌مه‌وه )
دیلانی شاعیر و ده‌نگخۆش ئامۆژگاری ئه‌و گۆرانیبێژانه ده‌كات كه‌لاسایی ده‌كه‌نه‌وه و به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر خوان و به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆیان ، ده‌فه‌رموێت :
(پیسترین په‌تا كه تووشی گۆرانیبێژ ده‌بێ ، ده‌ردی لاسایی كردنه‌وه‌یه...! ئه‌و ده‌نگخۆشه‌ی كه‌تووشی بوو زوو چاره‌سه‌ری خۆی نه‌كات، لێی پیس ده‌كا و به‌هره‌كه‌ی ده‌پوكێته‌وه و مایه‌پووچ و ڕه‌نج به‌خه‌سار ده‌بێ ) (6).
دەنگی دیلان، دەنگێكی خۆڕسك و بێ خه‌وش ، ده‌نگێكی پاراو و ڕه‌سه‌ن ،خاوه‌نی گەروویەكی پاك و زۆر شارەزایانە پەی بە گۆشەو ڕەگەزەكانی مەقام بردووە، دەنگخۆشی و بەرهەمەكانی و شێواز و گەورەیی هونەرەكەی دیلان لەو لایەنەدا زیاتر بەرچاو دەكەوێت ، جیا لەوەی دیلان بەیەكێك لە هێما ویادگاریی و دەنگخۆشەكانی شاری سلێمانی ناودەبرێت ، بەڵام هونەرەكەیی و هۆنراوەكانی لەشاری سلێمانی قەتیس نەبووە، بەڵكو سنووری بەزاندووە و دەنگ و هۆنراوەو ئاوازەكانی سنووریان بڕیوە، بەتایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان كەچەندین هونەرمەند و دەنگخۆش بەڕێچكەو كاریگەری دەنگ و ئاواز و هەڵوێستی دیلان درێژەیان بەڕێگا پیرۆزەكەی هونەری مۆسیقا‌و گۆرانی داوە،
بەرهەمە جوان و هەمیشە لە دڵا شیرینەكانی هه‌رده‌م له‌گوێی هه‌وادارانی ده‌نگی دیلان دا ده‌زرینگێته‌وه وەك ( من برۆی پەیوەستی ئەونازدارە ، لە دەریاوە ، ئەژدیهاك ، تاوێ نەگەڕا، بەردەقارەمان، ئەی تریفەی مانگەشەو، سوبح پێ‌ناكەنێ، ئه‌ڵڵاوه‌یسی ، نەمردم من، تاوان ، لەناكەس كاریا و نەورۆز و كه‌تانه‌و خۆم به‌قوربانی سوخمه‌ی كۆنی و چەندینی تر ) .
ده‌رباره‌ی سروودی نه‌ته‌وه‌یمان ( نه‌ورۆز) و چۆنیه‌تی دانانی هۆنراوه‌كه‌و ئاوازدانانی و خوێندنی و ئه‌و ژه‌نیارانه‌ی هاوكاری هونه‌رمه‌ندی نیشتمانپه‌روه‌ر حه‌مه ساڵه‌ح دیلان بوون، له‌گۆڤار و ڕۆژنامه‌كاندا زۆر له‌وباره‌یه‌وه نووسراو بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌نده هانام برده به‌ر لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبووكه‌كه‌ی كاكه
( هه‌ڵبه‌ست) كوڕی هونه‌رمه‌ند و شاعیر حه‌مه ساڵه‌ح دیلان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزی ساڵی (2022) نووسیویه‌تی و پشتی به‌یاده‌وه‌رییه‌كانی ڕه‌وانشادی باوكی به‌ستووه ( بۆ سەروبەندی مێژووی سروودی نه‌ورۆز).
(ساڵی ١٩٤٨ ناسراو بە ساڵی وەتبە( وثبة) واتە (ساڵی ڕاپەڕین ) بەڕاسپاردەی مامۆستا (برایم ئەحمەد 6/3/1914_8/4/2000) بە شاعیر، دەنگ خۆش و ڕۆشنبیر حەمە ساڵه‌ح دیلان ئەڵێ بەسرودێ بەشداری ئاھەنگی نەورۆزکا.
لەماڵی خۆیانا ڕۆژێ پێش ئێوارەی نەورۆز ئەم سرودە ئەڵێ، کورتەی زانیارییەکە:
حەمە ساڵه‌ح دیلان ده‌گێڕێته‌وه‌و ئەڵێ لەم ساڵەیا جۆره ئازادی و سه‌ربه‌ستییه‌ک له عێراق دا هاتبووه ئاراوه‌و تا ڕادەیەک بۆنە نەتەوەییەکان ڕێپێدراو بوبوون.
بەگوێرەی ئەو ڕاسپاردەیە، پەیوەنییم کرد بە (حاجی تۆفیق بەگەوە_ پیرەمێرد1867_19/6/1950) بۆ ئەوەی شیعرێکم بۆ ئەو بۆنەیە بۆ بنووسێ.
ئەو بەھۆی دۆستایەتی باشی له‌گه‌ڵ باوکما
(مەلا ئەحمەدی دیلان ) جگه له‌وەی چەند جارێکیش شیعره‌کانمی بۆ ده‌ستکاری کردبووم زۆریش حه‌زی له ده‌نگم بوو، سۆراخیم کرد‌و لە به‌رده‌م دوکانه‌که‌ی
( حه‌مه سه‌عی خه‌یات ) نزیک چایخانه‌ی شه‌عب چاوم پێی كه‌وت،
داوای شیعرێکی تازه‌م لێکرد بۆ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ، وتم خۆم ئاوازی بۆ دائه‌نێم و له ئێوارەی ئاهه‌نگی نەورۆزا ئه‌یڵێم، داواکەمی قبوڵ کرد،
پاش وەرگرتنی شیعری نەورۆز لە پیرەمێرد، بەڕێی گەڕانەوەما بۆ ماڵی خۆمان شیعره‌که‌م له‌به‌ر کرد، شیعره‌که‌م بۆ قادری برام ( قادر دیلان) خوێنده‌وه‌و زۆری به دڵ بوو.
پێم وت ئاوازی بۆ دائەنێم، تۆیش یارمه‌تیم به،
ئه‌و شه‌وه به‌سه‌ر ده ئاواز زیاترا بازمدا تا له به‌ره‌به‌یانا به‌سه‌ر ئه‌م ئاوازه‌ی ئێستەیا که‌وتم و هه‌روه‌کو شێت قادرم له خه‌و هه‌ڵسان، وتم گوێبگره، زۆر به دڵی بوو، له‌گه‌ڵما ده‌ستی کرد به کلارنێت لێیان،
ئه‌م ڕۆژی ساڵی تازه‌یه له ماڵی ئێمه‌دا ده‌نگی ئه‌یایەوه،
ئیتر نازانم ئه‌و ڕۆژه‌ش تا دەمی ئێوارێ چه‌ند جارم وتەوە، پاشان بڕیار درا کەسبەینێ ئێوارە ئەم سروودە ئەبێ بببێتە دەسپێکەری ئاھەنگی ئێوارەی جەژنی نەورۆز،
وتن: حەمە ساڵه‌ح دیلان
کەمانچە : قادر دیلان( 1928_18/3/1999)
ئۆکۆردیۆن: ولیه‌م یوحه‌ننا(1934_ 14/9/2005)
تۆمار: نوری وەشتی ( 1935_ 12/5/2001)
دیلانی شاعیر‌و نیشتمان پەروەر ، شاعیری سروشت و جوانی و دەنگخۆش و مەقامبێژ خۆزگە هونەری گۆرانی و مه‌قامبێژی وەك پیشەیەكی هەمیشەیی چاولێكردبا ، ئەوكات زیاتر دەبیندرا گۆرانی و مەقاماتی كوردی چەند ڕازاوەترو دەوڵەمەندتردەبوو به‌ده‌نگ و هه‌ست و چڕینه به‌سۆزه‌كه‌ی دیلان.
دیلانی نه‌مر ئه‌و كه‌سایه‌تیه سه‌نگین و لێوان‌لێو له‌هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری و دژ به‌ڕژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق و داگیركه‌ری كوردستان، به‌ڵام ده‌نگێكی هێمن و خه‌مگین و ئارام به‌خش به‌ڕۆح و جه‌سته‌ی گوێگر‌و هه‌واداره‌كانی، ئه‌و ده‌نگه نه‌رمه زۆرجاربۆته هه‌وێنی ئه‌سرین و ناخ هه‌ژاندنی گوێگر،
( شێركۆ بێكه‌سی شاعیر 2/5/1940_ 4/8/2013) له‌بیره‌وه‌رییه‌كدا ده‌رباره‌ی حه‌مه ساڵه‌ح دیلان ده‌ڵێت :
( دیلانه‌ودیلان
پیاوێ له گوڵه مێخه‌كی موسیقاو
گوڵه مێخه‌كی موسیقا له‌باخی خودا‌و
باخی خودا‌ش له شیعری جوان...
دیلان ،شاعیر و ده‌نگخۆش و نیشتمانپه‌روه‌ر، من بۆخۆم له‌چه‌ند جار زیتر له‌كۆڕ و له‌میوانداریی ماڵان‌دا دانیشتووم و دیلان تێی چریكاندووه، له‌ساڵی (1970) دوای له‌دایكبوونی هه‌ڵبه‌ستی كچم، بانگێشتی ماڵه‌وه‌م كرد، دیلان ته‌نها له‌كۆڕی یاران و هاوڕێی خۆیدا گۆرانی ئه‌ووت، ده‌نگی دیلان ده‌نگێكی به‌هه‌شتی و به‌سۆز و پڕ له چریكه‌ی ته‌زووهێنه‌ر بوو به‌دڵ و ده‌رووندا، له‌ئاستی ئه‌م ده‌نگه‌دا پیاو سه‌رسام ئه‌بوو، دیلان ڕوناكبیر بوو ئاگای له‌ئه‌ده‌بی فارسی و شیعری فارسی و سه‌بكه‌كانی بوو، ئه‌یزانی چی ئه‌ڵێ
ته‌نها خه‌وشی ئه‌م پیاوه ئه‌وه‌بوو، نرخی ئه‌م ده‌نگه‌ی خۆی نه‌ئه‌زانی، پێی ناخۆش بوو، تووڕه ئه‌بوو ئه‌گه‌ر پێت بووتایه گۆرانیبێژ، من زۆر جار له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌غوربه‌تدا به‌ده‌نگی دیلان خۆم مه‌ست ئه‌كرد و ئه‌گریام ، ده‌نگی ڕه‌سه‌ن ئه‌و ده‌نگه بوو كه‌له‌قوڕگ و هه‌ناسه‌ی ئه‌م پیاوه‌وه ئه‌هاته ده‌ره‌وه).
شاكاره ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده نه‌مره( حه‌مه ساڵه‌ح دیلان) مه‌به‌ستم بوو بزانم كه چۆن تۆماركراون و كێ له‌پشتی تۆماركردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌وه بوون، ده‌كرێت بڵێین له‌ساڵی (1948 تا سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كان ، تا ئه‌و كاته‌ی هونه‌رمه‌ند قادر دیلانی برای كوردستان به‌جێ دێڵێ) دیلانی نه‌مر مه‌قام و به‌سته‌كانی تۆماركردووه، جێی ئاماژه پێدانه به‌داخه‌وه هونه‌رمه‌ند حه‌مه ساڵه‌ح دیلان وه‌ك هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، نه‌چۆته ڕادیۆی كوردی به‌غدا به‌رهه‌م تۆماربكات ، ئه‌وانه‌ی هه‌یه و بوونه‌ته ئه‌رشیف هه‌مووی له‌ماڵان له‌شاری سلێمانی تۆماركراوون، بۆئه‌ومه‌به‌سته دووباره هانام برده‌وه به‌رزانیارییه‌كانی كاكه ( هه‌ڵبه‌ست) كوڕی شاعیر و هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه ساڵه‌ح دیلان) چه‌ند زانیارییه‌كی پێ به‌خشیم له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار و له‌كوێ و كێ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی تۆماركردووه ، ئه‌وه به‌شێك له‌شكاره‌كانی دیلانی نه‌مر :
1/ ( لەناکەس کاریا خاکم بەسەر ڕۆیی بەبا عومرم
خوا تۆ بمژینە تا لەبەر قاپی کەسێ ئەمرم
شوکور وشیارە مەحوی تێئەگا دونیا خەراباتە
کە بەد مەستی بکا ئەھلی خراپەی تێ ئەگرم)
مێژوی ئەم شاکارە ھونەرییە بەم شێوەیەیە:
مەقام : ڕاست
ھەڵبەستی مەقام : ( مەحوی 1836_1906)
وتن : حەمە ساڵه‌ح دیلان
هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار :
قادر دیلان ... ( ڤیۆلۆن )
ولیه‌م یوحه‌ننا ... (ڤیۆلۆن)
هادی عه‌نبه‌ر ... ( ڤیۆلۆن)
به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی ... ( عود)
ساجد ڕه‌فیق... ( قانوون)
حاته‌م سه‌عید ... ( ڕیتم )
تۆماركردنی ده‌نگ ... ( نوری وه‌شتی )
ساڵی تۆماركردنی ئه‌و مه‌قامه ... (1959)
دابه‌شكردنی مۆسیقا ... ( قادر دیلان )
شوێنی تۆماركردن ... ( ماڵی هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا) .
2/ ( سوبح پێناکەنێ تا بێ نەوایەک شەو بەدڵ نەگری
گوڵێ ناپشکوێ تا بولبولی سوبحێ بە کوڵ نەگری )
مەقام : ( ماهور / عه‌جه‌م)
ھەڵبەستی مەقام - حەمە ساڵه‌ح دیلان
هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار ...
قادر دیلان ... ( ڤیۆلۆن )
به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی ... ( عود) ، چەند تۆنێ لێئەداو وەڵام ناداتەوە..!
نه‌جاتی عه‌بده ... ( شمشاڵ)
تۆماركردنی ده‌نگ ... ( نوری وه‌شتی )
ساڵی تۆماركردنی ئه‌و مه‌قامه ... (1960)
دابه‌شكردنی مۆسیقا ... ( قادر دیلان )
شوێنی تۆماركردن ... ( ماڵی حه‌مه ساڵه‌ح دیلان) .
3/ مه‌قامی من برۆی په‌یوه‌ستی ئه‌و نازداره ..
( شه‌ش خشته‌كی له‌سه‌ر شیعرێكی سالم )
من برۆی په‌یوه‌ستی ئه‌و نازداره شیر‌و تیرمه
پرچی لوول و زوڵفی ئاڵۆز كۆته‌و زنجیرمه
قوژبنی مه‌یخانه دایم گۆشه‌یی ته‌دبیرمه
سوجده‌بردن بۆ نیگایه كرده‌وه و ته‌فكیرمه
كه‌ی به‌صه‌یحه‌ی من ئه‌گا جزبه‌ی مریدی خانه‌قا
شه‌یخی ئه‌و پیرو مه‌سینه من جوانێ پیرمه)
مه‌قام : عه‌جه‌م
هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار ...
قادر دیلان ... ( ڤیۆلۆن )
ولیه‌م یوحه‌ننا ... ( عود)
نه‌جات عه‌بده .... ( شمشاڵ)
تۆماركردنی ده‌نگ ... ( نوری وه‌شتی)
ساڵی تۆماركردنی ئه‌و مه‌قامه ... (1959)
شوێنی تۆماركردن ... ( ماڵی هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا) .
دابه‌شكردنی مۆسیقا ... ( قادر دیلان ) .
4/ مه‌قامی ( ئه‌ی تریفه)
مه‌قام : به‌یات
هه‌ڵبه‌ستی : حه‌مه ساڵه‌ح دیلان
هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار ...
قادر دیلان ... ( ڤیۆلۆن)
به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی ... ( عود)
ساجد ڕه‌فیق ... ( قانوون)
حاته‌م سه‌عید ... ( ڕیتم)
تۆماركردنی ده‌نگ ... ( نوری وه‌شتی)
ساڵی تۆماركردنی ئه‌و مه‌قامه ... (1959)
شوێنی تۆماركردن ... ( ماڵی هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا) .
مه‌قام : به‌یات به ( شوری سه‌رلا ) وتراوه .
دابه‌شكردنی مۆسیقا ... ( قادر دیلان ) .
تێبینی :
ئه‌م مه‌قامه پێشه‌كییه‌كی هه‌یه، پاش ته‌واوبوونی به‌سته‌ی ( به‌یادم كه) ئه‌وترێ .
به‌رهه‌مێكی كامڵ ، كامڵه ڕه‌چاوی گشت بڕگه و گۆشه‌و پێكهاته‌كانی مه‌قامی به‌یات ئه‌كات .
حه‌مه ساڵه‌ح دیلان كه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆز و خه‌مخۆری نیشتمان بووه، به‌هه‌ردوو ئاراسته‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب بۆنه‌ته‌وه‌كه‌ی تێكۆشاوه ، چه‌نێك ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌رزو له‌لوتكه‌دا بێت هێنده‌ش هۆنراوه‌كانی هه‌ردوو كاره‌كه‌ی به‌یه‌ك ئاراسته هه‌نگاویان هه‌ڵگرتووه و له‌كۆتاییدا ناو و نازناوی حه‌مه ساڵه‌ح دیلان ی خۆشخوان و شاعیری نیشتمان به‌رجه‌سته ده‌بێت.
حه‌مه ساڵه‌ح دیلان له‌كۆتایی ساڵی (1958) ژیانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خاتوو ( ئه‌خته‌ر) پێكهێناوه و به‌روبوومی ئه‌و ژیانه هاوبه‌شه سێ كوڕ و كچێكه به‌ناوه‌كانی ( سروود ، هه‌ڵبه‌ست ، هونه‌ر و كه‌ژاڵ) ته‌مه‌ندارو پڕ ته‌ندروست بن.
ده‌توانین ئه‌وه‌ش بڵێین له‌ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ردا، دیلانی نه‌مر ڕێگا ڕۆشنه و یه‌كێك له‌كوڕه‌كانی هه‌ڵگری ئه‌و مه‌شخه‌ڵه گه‌شاوه‌یه و خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆشه‌و به‌ڕێچكه‌ی دیلانی نه‌مردا هه‌نگاوی هه‌ڵگرتووه و ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌كی ڕێگاپیرۆزه‌كه‌ی باوكیه‌تی، ئه‌ویش كاكه هه‌ڵبه‌ستی كوڕیه‌تی ( دەنگی من بەراورد ناکرێت بە دەنگی باوکم، بەڵام منیش کەمێک لەو بەهرەیەم بەرکەوتووە) .
حه‌مه ساڵه‌ح دیلان پاش (28) ساڵ خزمه‌تكردن له‌وه‌زیفه‌دا، له‌ساڵی (1986) له‌سه‌ر داواوی خۆی خانه‌نشین ده‌كرێت.
بەداخەوە شاعیری نوێخوازو و دەنگخۆش حه‌مه ساڵه‌ح دیلان لەتەمەنی(63) ساڵیدا دوای ململانێیه‌كی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا لە ڕێكەوتی ( 28/10/1990) ژیانئاوایی لە هۆنراوە و دنیای وێژه و هونەرو كوردستان و هاوڕێ ئازیزەكانی ده‌كات و بۆ هەمیشە چاوه‌كانی لێكده‌نێ، له‌گرده‌كه‌ی سه‌یوانی شاری سلێمانی به‌خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌سپێردرێت ،
بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەكانی هەمیشە بەنەمری دەمێننەوە، سڵاو و دروود بۆگیانی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی دیلانی نه‌مر و گڵكۆكه‌ی هه‌میشه چراخان و لێوڕێژبێت له مه‌قامی( خاوكه‌ر و ئه‌ڵڵاوه‌یسی و به‌یات و ،،،تاد).
دیوانی شیعری حه‌مه‌ساڵه‌ح دیلان گه‌واهیده‌ره كه ئه‌م پیاوه چه‌ند دڵسۆز‌و خه‌مخۆر و له‌به‌ره‌ی گه‌له‌كه‌یدا ژیاوه، مانگێك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر كاره‌ساته ناخ هه‌ژێنه‌كه‌ی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و خنكاندنی ئه‌وشاره‌و شه‌هیدكردنی دانیشتوانه‌كه‌ی ، دیلان بۆ ئه‌و كاره‌ساته تراژیدیایه ده‌نووسێ ....
بۆ هه‌ڵه‌بجه
ئـــه‌ی گوڵاڵه‌ی خوێن لێ تكاوی نیسان
ئــاودراوی بـه جـۆگــه‌ی خـوێنـی گـریــان
لــه‌نـــاو گــۆڕا چــریســـكه‌ی دێ برینــم
مــه‌شخـــه‌ڵێكــــه بـــۆ ڕۆژگـــاری ژینـــم
له‌گه‌ڵتان بووم نه‌سووتاوم، ئێستا پشكۆم
خه‌می ئێوه و خه‌می خۆم گرته ئه‌ستۆم
ئه‌گه‌ر دووكه‌ڵ هه‌ناسه‌م بێ به خوێناو
ئـــه‌چنـــم تـــۆڕی ئــــازارم بــــه دێـــراو
هه‌تا ئــــــه‌پوێت ده‌مـــار و ئێســـقانـــم
بـــه‌قـــوربــــانی گـــه‌وره و بچووكــــتانم
(22/4/1988).
جه‌مالی ده‌لاك ( 15/1/2024) هه‌ولێر.
سه‌رچاوه:
(1 و 3 و 6)كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان ( به‌شی دووه‌م) دانانی باكووری ، لاپه‌ڕه(104) .
(2)به‌رنامه‌ی چراكان، ( له‌ناو به‌رنامه‌كه‌دا دیلانی نه‌مر به‌ده‌نگی خۆی ئه‌و ناساندنه بۆ خۆیی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌كات) ئاماده‌و پێشه‌كه‌شكردنی ( ئه‌میر عومه‌ر، كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس ، ساڵی (2006).
(4) كتێبی ( دیوانی شیعر _ حه‌مه ساڵه‌ح دیلان) له‌ئاماده‌و لێكدانه‌وه‌ی په‌راوێزنووسین و پێشه‌كی ( دكتۆر عه‌بدوڵڵا ئاگرین)، چاپی دووه‌م (2013) لاپه‌ڕه ( 56).
(5) مامۆستا فه‌وزی ڕه‌مزی مه‌لا مارف ة تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ( 28/8/2020).
له‌دڵه‌وه سوپاسی بێ پایانم بۆ برای ئازیز كاك ( هه‌ڵبه‌ست دیلان) كوڕی شاعیر و هونه‌رمه‌ند حه‌مه ساڵه‌ح دیلان، له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه هه‌ندێك زانیاریی پێ به‌خشیم ، رۆژی پێنج شه‌ممه (11/1/2024) ( سوید _ هه‌ولێر ) ( جه‌مالی ده‌لاك).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.