Erbil 15°C سێشەممە 18 حوزەیران 09:44

کارەکانی گەڕان و پشکنین لە شوێنی بۆردوومانەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بەردەوامە

کوردستان TV
100%

شەوی 15ی ئەم مانگە بە 11 مووشەک ھێرشکرایە سەر شاری ھەولێر و دەوروبەری، دواتر سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.

پێنج لەو مووشەکانە بەر ماڵی سەرمایەدارێکی ھەولێر کەوت بەناوی پێشڕەو دزەیی کە لە ئەنجامدا خۆی و منداڵێکی تەمەن 11 مانگ، میوانێک و کارگوزارێکی گیانییان لەدەستدا و16 کەسی دیکەشی ئەندامانی بنەماڵەکەی بریندارن. ھاوکات کارگوزارێکی بە ڕەگەز فلیپینی تا ئێستا بێ سەروشوێنە.

دوای ڕووداوەکە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، وێرای ڕەتکردنەوەی ھەواڵەکەی سوپای پاسداران کە ئاماژە بەوەکرابوو بنکەیەکی مۆسادیان لە ھەولێر بە ئامانج گرتووە، داواشیان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە بەرامبەر بەو ھێرشە بێدەنگ نەبن کە خەڵکی سڤیل کراوەتە ئامانج.

ھاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بە سەرۆکایەتی، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی نەتەوەیی لە عێراق پێکھێنا کە وەزیری ناوخۆی ھەرێم ڕێبەر ئەحمەد ئەندامی لیژنەکە بوو، دوێنێ لیژنەکە سەردانی شوێنی بۆردوومانەکەیان کرد و بڕیارە لەماوەی 48 کاتژمێردا، راپۆڕتی کۆتایی بدرێت بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

دوای ھێرشەکە، کاردانەوەکان لە ناوخۆ و دەرەوە دەستی پێکرد و بەشێکی زۆر لە وڵاتان ئیدانەی ھێرشەکەیان بۆ سەر شوێنێکی سڤیلنشینی ھەولێر کرد.

ھەر بەھۆی ھێرشەکەی ئێران بۆسەر ھەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئەو کۆبوونەوەیەی ھەڵوەشاندنەوە کە بڕیاربوو لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیھان لە داڤۆس لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان ئەنجامی بدات.

هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، بەھەمان ھۆکار، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، عەبدوڵڵاھیان لە داڤۆس ھەڵوەشاندەوە.

خانووەکە تەواو خاپوور بووە، تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی تەندروستی خەریکی گەڕان و پشکنینن، ئەمڕۆش بەشێک لەجەستەی کەسێک دۆزراوەتەوە و بە مەبەستی پشکنین نێردراوە بۆ پزیشکی دادی و چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکە دەکرێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.