Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 00:57

به‌ پێچه‌وانه‌ی تۆپی پێ.. تیپی باله‌ی یانه‌ی هه‌ولێر به‌هێزترین یانه‌ی عێراقه‌

کوردستان TV
100%

به‌پێچه‌وانه‌ی تیپی تۆپی پێ، تیپی تۆپی بالەی یانەی هەولێر لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێڕاقدا یەکێکە لە بەهێزترین تیپە بەشداربووەکانی خولەکە كه‌ لە کۆمەڵێك یاریزانی لاو و خوێنگەرم پێكهاتوون و سەرجەم یاریزانه‌كانیشی کوردن.

تیپی باله‌ی یانه‌ی هه‌ولێر تاکو ئێستا باشترین ئاست و ئەنجامی لە خولی نایابی عێڕاق پێشکەش کردووە، ئەم تیپە پسپۆڕ و شارەزایانی شۆك کردووە و بووەتە جێگه‌ی بایەخ و تێڕامان، بە جۆرێك كه‌ کەمترین ژمارەی یاریزانی لەسەر ئاستی سەرجەم یانە بەشداربووەکانی خولەکە هەیە کە بریتییە لە تەنیا (10) یاریزان، بەبێ ئەوەی هیچ یاریزانێکی عەرەبی یانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاقی تیادا بێت.

یانه‌ی هه‌ولێر ئاشكرای ده‌كات: خۆشبەختانە سەرپەرشتیارانی تیپەکە و ستافی راهێنەران بە تایبەتی هەریەك لە کاپتن (کاکە جوان رەمەزان و کاپتن سەنگەر سابیر) بەو پەڕی توانایانەوە هەوڵیان لەگەڵ تیپەکە داوە و جێگه‌ی پەنجەیان بە تەواوی بە تیپەکەوە دیارە.

ڕاشی ده‌گه‌یه‌نێت: ئەم تیپە بەو ئاستەی پێشکەشی دەکات و بەو ئەنجامانەی بەدەستی هێناوە، توانیویەتی بەرگری لە ناوی هەولێر و یانەکەی شاری قەڵا و منارە بكات، بە جۆرێك كه‌ لە کۆی ئەو یارییانەی کە لە قۆناغی یەکەم و دووەم ئەنجامیانداوە کە بریتین لە (10) یاری، لە (9) یاریدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوه‌ و تەنیا لە (1) یاریدا بەرامبەر یانەی گازی باشووری پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە، بە ئەنجامی (3) گێم بەرامبەر (2) گێم تووشی شکست هاتوون، ته‌نانه‌ت له‌و یارییه‌شدا زۆر نزیك بوون لەوەی سەرکەوتن تۆمار بکەن.

یانه‌ی هه‌ولێر هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: لاوەکانمان لەو یارییانەی ئەنجامیان داوە، هەردەم ئەستێرەی یارییەکان بوونە و لە کۆی چوار یاری قۆناغی 8 لە 3 یاریدا ئەستێرەکانی هەولێر ناسناوی پیاوی یارییان وەرگرتووە.

تیپی تۆپی باله‌ی یانه‌ی هه‌ولێر ئێستا له‌ پێشەنگی خولی یانە نایابەکانی عێڕاقە، پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تی یانه‌كه‌ و هانده‌ران له‌ یاریی قۆناغەکانی داهاتووی خولەکەدا پشتگیری تەواویان بکەن تاوەکو سەرکەوتن و ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنن و هەردەم هەولێری شەکرە شار لە پێشەنگ بهێڵنەوە.

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.