كاتێك بیر لە لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح دەكەیتەوە، یەكەم شت كە بە مێشكتدا دێت داری كریسمسی رازاوە بە ڕووناكی و دیكۆراتی دیكەیە.
رازاندنەوەی داری كریسمس لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە كۆتایی مانگی تشرینی دووەم یا سەرەتای مانگی كانوونی یەكەم دەستپێدەكرێت و بە شێوەیەكی جوان بە ڕووناكی و دیكۆراتی دیكە دەڕازێندرێتەوە.
زۆرێك پێیانوایە نەریتی دانانی داری كریسمس لە سەری ساڵی نوێدا لە ماڵەكاندا لە سەردەمی ڤیكتۆرییە شاژنی بەریتانیا دەستی پێكردووە واتە ئەو كاتەیكە شاژنە ڤیكتۆریا لەنێوان ساڵانی 1873ــ1901 دەستی بەسەر تەختی پاشایەتیدا گرت، شاژنە ڤیكتۆریا و ئەمیر ئەلبێرتی هاوسەری زۆر حەزیان بە داری كریسمس بووە.
لە دوای بڵاوبوونەوەی مەسیحیەت، بۆ یەكەمجار ئەم تەقلیدە لە ئەڵمانیا سەریهەڵدا، پاشان لە سەردەمی شا جۆرجی سێیەمدا بۆ بەریتانیا گوازرایەوە، شا جۆرج باوكی ئەمیر ئەلبێرتی هاوسەری شاژنە ڤیكتۆریا بوو، لە كۆتاییەكانی سەدەی هەژدەدا، هاوسەرە ئەڵمانییەكەی شا جۆرج، كە ناوی "شارلۆت" بوو، وا ڕاهاتبوو درەختێك بۆ خێزانەكەی لە ماڵەكەیاندا بڕازێنێتەوە، بەڵام دەڵین گوایە شاژنە ڤیكتۆریا و ئەمیر ئەلبێرت، یەكەم كەسن كە دانانی داری كریسمس دەكەن بە نەریتێكی گشتی، بۆیە زۆرێك پێیانوایە ئەم نەریتە هی سەردەمی ئەوانە.
بەڵام ئەم نەریتە ڕیشەی زۆر كۆنتری هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێكی دێرین.
ماوەیەكی زۆر بەر لە سەرهەڵدانی مەسیحییەت، درەختە هەمیشە سەوزەكان لە زستاندا، لای خەڵكی مانایەكی تایبەتیان هەبووە، لە زۆرێك لە وڵاتەكاندا باوەڕ وابووە كە درەختی هەمیشە سەوز، جنوكە و ڕۆحی شەڕەنگێزەكان و خێوەكان و سیحری ڕەش و نەخۆشی دووردەخاتەوە.
لە میسری كۆندا، میسرییەكان داری سنەوبەریان لە ماڵەكانیاندا داناوە، ئەو كاتە میسرییەكان خودا "رەع"یان دەپەرست كە سەرێكی هەڵۆی پێوەیە و خۆری لەبەردایە وەك ڕەمزێك بۆ تاج و تەختەكەی، میسرییە كۆنەكان پێیان وابووە گەڕانەوەی خۆر لە هەڵگەڕانەوەی وەرزییدا، سەرەتای چاكبوونەوە و شیفای خواوەند "رەع"ـە لە نەخۆشییەكەی، بۆیە درەختی سنەوبەریان لە ماڵەكانیاندا داناوە وەك ڕەمزی سەركەوتنی ژیان بەسەر مردندا.
ڕۆمانییەكان ئاهەنگ و جەژنی هەڵگەڕانەوەی وەرزی خۆریان هەبووە و بە "ساتورنالیا" ناویان ناوە، وەك ڕێزلێنانێك لە "ساتۆرن"ی خودای كشتوكاڵ.
ڕۆمانییەكان زانییان هەڵگەڕانەوەی وەرزی خۆر واتای ئەوەیە بەم زووانە كشتوكاڵ گەشە دەكات و دەبووژێنەوە، لە خۆشیی ئەمە وەك بۆنەیەك ماڵەكان و پەرستگاكانیان بە درەختی هەمیشە سەوز ڕازاندۆتەوە.
لە باكووری ئەوروپاش، كاهینانی "كەلت" پەرستگاكانیان بە سنەوبەر ڕازاندۆتەوە وەك ڕەمزێك بۆ بەردەوامیی ژیان، ڤایكینگەكان پێیان وابووە سنەوبەر توخمێكە لە توخمە ڕووەكییەكانی "بالدر"ی خودای خۆر.
لە ئەمریكا، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1747 داری كریسمس لەلایەن ئەڵمانییە نیشتەجێكانی بەنسلڤانیاوە دەركەوت، بەڵام بڵاوبوونەوەی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە بوو، چونكە زۆرینەی ئەمریكییەكان پێیان وابوو ئەم درەختە ڕەمزی بتپەرستییە.
لە ساڵی 1659، یاسایەك دەرچوو كە ڕازانەوەی درەختی كریسمسیان لە ئاهەنگەكانی 25ی دیسەمبەردا قەدەغەكرد، ئەم یاسایە تا سەدەی سەدەی 19 پەیڕەو كرا، دوای گەیشتنی كۆچبەرە ئەڵمانییەكان و ئێرلەندییەكان و بڵاوبوونەوەیان لە ئەمریكا ئیدی ئەم ڕێگرییانە لە ناوەراستی سەدەی نۆزدەم هەڵوەشێنرانەوە، ئەمریكییەكان لە ماڵەكانیاندا درەختی سنەوبەریان دانا و بە شیرینی و چوكلێت دەیانڕازاندەوە و ئەمریكییە بە ڕەگەز ئەڵمانییەكانیش بە سێو و گوێز و هەنار و شیرینی و ڕۆشنایی و گڵۆپ دەیانڕازاندەوە، ئیدی داری كریسمس لە ئەمریكاش بووە عادەتێكی گشتی.
لە رۆژی لەدایكبوونی مەسیح هۆی دانانی داری سنەوبەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو دارە هەموو كاتێك سەوز و پر بە گەڵایە تەنانەت لە وەرزی زستانیشدا، لە ساڵی 1947، وڵاتی نەرویج لە تشرینی دووەمی هەموو ساڵیك دارێكی كریسمیس بە دیاری دەبەخشێت بە وڵاتی بەریتانیا وەك سوپاسگوزارێك بۆ ئەو یارمەتییەی كە لەلایەن بەریتانیاوە لە جەنگی جیهانی دووەم پێشكەش بە وڵاتی نەرویج كرا.
لە ئەسكەندەناڤیا و فەرەنسا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا بە هەمان شێوە بوو بە نەرێتێكی بەربڵاوی مەسیحییانە و خەڵكەكەی وەك بۆنەیەكی گشتی كولتووری لێی دەڕوانن و رازاندنەوەی داری كریسمس لە زۆربەی سەنتەری پایتەخت و شارەكانی دیكەی وڵاتانی جیهان لە كۆتایی مانگی تشرینی دووەم یا سەرەتای مانگی كانوونی یەكەم دەستپێدەكرێت و بە شێوەییەكی جوان بە ڕووناكی و دیكۆراتی دیكە دەڕازێندرێتەوە، لە دوای رۆژی لەدایكبوونی مەسیح واتە 26ی دیسێمبەر لە شەوی دوازدەمین كە دەكەوێتە ئێوارەی 5 یا 6ی كانوونی دووەم داری كریسمس و دیكۆرات هەڵدەگیرێت.
مێژووی دانانی داری كریسمس
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.