سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ بەشێكی فراوانی میدیا عەرەبییەكان كۆبووە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیشدا ڕایگەیاند: پێشبینی دەكرێت لەو ماوەیەدا شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە.
ئهمڕۆ یهكشهم د. جوتیار عادل سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ بەشێك لە میدیا عەرەبییەكان كۆ بووە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیشدا جگە لە پرسە میدیاییەكان، وردەكاریی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقی ڕوون كردەوە.
لە كۆنگرەكەدا د. جوتیار عادل ڕایگەیاند "گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە، ئامانجمان جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی فیدڕاڵیزمە، پێشبینییش دەكرێت جارێكی دیكە شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغدا، لەسەر كۆمەڵێك پرسی یاسای بودجە و مووچە و نەوت و غاز و ناوچە جێناكۆكەكان گفتوگۆ بكەن."
لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان گوتی "پرسی دووبارە ناردنەوەی نەوت، پەیوەندیی بە گفتوگۆی نێوان توركیا و عێراقەوە هەیە، ئەوەی پێویست بووە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش كراوە، لە پرسە یاساییەكان و گرێبەستەكان؛ بەڵام پرسەكە لەنێوان ئەنكەرە و بەغدا ماوەتەوە."
هەروەها لەبارەی بودجەوە، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتی "ئێمە جەخت لە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم دەكەینەوە كە لە یاسای پەسندكراوی بودجە دەرچووە. لە ماوەی ڕابردوودا بڕی پێویستی نەوت ڕادەستی سۆمۆ كراوە؛ ڕۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا كراوە، بۆیە هەموو پابەندییەكان جێبەجێ كراون؛ گرینگە پرسەكە بە بابەتە سیاسییەكانەوە نەبەسترێتەوە و چارەسەر بكرێت."
لە وەڵامی ئەو پرسەی كە بەغدا لە بەرامبەر ناردنی بودجەدا، داوای گەڕانەوەی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، د. جوتیار عادل گوتی "ئێمە یاسای ئیدارەدانی دارایییمان هەیە، لە ماددەی 29ـدا دەڵێت (ئەگەر پارێزگایەك یان هەرێمێك داهاتەكانی ڕادەست نەكات، لە بەشی خۆیدا لە بودجە لێی دەبڕدرێت). ئەمە یاسایە و ئەو پرسەی چارەسەر كردووە؛ كەواتە پێویستە جێبەجێ بكرێت، بەڵام بەداخەوە تەنیا جەخت لە ڕادەستكردنی داهاتەكان دەكرێتەوە و ئەو یاسایە پشتگوێ خراوە."
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە چۆن پرۆژەكانی هەرێمی كوردستان لەو قەیرانانەشدا بەردەوامن، گوتی "قەیرانی دارایی كاریگەریی زۆری بەسەر هەرێمی كوردستانەوە هەبووە، بەڵام كابینەی نۆیەم هەمیشە هەوڵی ئاسانكاری و هاندانی كەرتی تایبەتی داوە، ئاسانكاری زۆر بۆ كۆمپانیاكان كراوە، تەنانەت بۆ كۆمپانیای دەرەكیش، ئەم پرۆژانەی لە كابینەی نۆیەمدا كراون، لەسەر بنەمای بودجەی بەگەڕخستن كراون، هەرچەندە بەراورد بە كابینەكانی پێشوو زۆر كەمتر بووەتەوە، بەڵام پشت بەو بودجەیە و كەرتی تایبەت بەستراوە، چونكە كابینەی نۆیەم ڕێگەی هەمەچەشنەكردنی داهاتی گرتووەتە بەر."
یەكێك لە پرسەكانیی دیكە، بریتی بوو لە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە د. جوتیار عادل ڕایگەیاند:"حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، خودی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكی دووپات كردووەتەوە تاكو هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، بۆ ئەو مەبەستە حكوومەت بڕیاری ئاسانكاری و ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی بۆ تەواوی دامودەزگە پەیوەندیدارەكان گشتاندووە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.