Erbil 18°C دووشەممە 11 تشرینی دووەم 03:03

شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك پرسی ئه‌منی و دارایی و ئابووری و هه‌روه‌ها بابه‌تی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان تاوتوێ كران.

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاوی كرده‌وه‌: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشوازی له‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ پێكهاتبوون له‌ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ و ئاوات جه‌ناب نووری وه‌زیری دارایی و ئابووری به‌ ئاماده‌بوونی به‌نگین ڕێكانی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی عێراق.

بڵاویشی كرده‌وه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی گشتی هه‌رێمی كوردستان و عێراق تاوتوێ كران، دواتریش كۆمه‌ڵێك دۆسییه‌ی ئه‌منی و دارایی و ئابووری و هه‌روه‌ها ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان قسه‌ و باسیان له‌سه‌ر كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو به‌ڕێوه‌ بچێت.

هه‌روه‌ها بڵاوی كرده‌وه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان حكوومه‌تی فیدڕالی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان به‌تایبه‌تیش بابه‌تی مه‌رزه‌كان و یه‌كخستنی سیاسیه‌تی گومرگی و یاسای پاراستنی به‌رهه‌مه‌مه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی هاووڵاتییان و وڵات.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێواره‌ی دوێنێ یه‌كشه‌م شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتبوونه‌ شاری به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌كانی سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان.

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌،‌ شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌گه‌ڵ شاندی باڵای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد تەمیمی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان و ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حكوومه‌تی عێراق كۆببوونه‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.