Erbil 15°C شەممە 29 حوزەیران 14:00

دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هه‌ڵده‌بژێردرێت

کوردستان TV
100%


بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکانی زیاتر کردووە، بەو پێیەی تا ئێستا لەبارەی دەست نیشان کردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت ڕۆژی 14ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەندامێتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنەکە ھەڵوەشاندەوە.

محەممەد حەلبووسی کە سەرۆکایەتی پارتی تەقەدوم دەکات، دوای ئەوەی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021دا، 37 کورسی بەدەستھێنا بە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی شیعە، سوننە و کورد بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرا.

لە دوای ساڵی 2005ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.

بەپێی ئەوەی، پارتی تەقەدووم لەنێو لایەنە سوننەکانی دیکە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021دا، زۆرترین کورسی بەدەستھێناوە، وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە مافی خۆی دەزانێت.

لە ڕۆژی 14ی ئەم مانگەوە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێ سەرۆکە و تا ئێستا لایەنە سوننەکان ناکۆکن و نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دەست نیشان کردنی کەسێۆ بۆ ئەو پوستە ڕێکنەکەوتوون.

 ڕکابەری بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران زیاتر لەنێوان ھاوپەیمانی قیادە و ھاوپەیمانی عەزم دایە

ڕۆژی 23ی ئەم مانگە، ھاوپەیمانی قیادە کە لە (تەقەدوم و سەروەریی) پێکدێت کۆبوویەوە و ھەریەک لە محەمەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەریان سەر پشک کرد لەوەی ئەوان، کاندیدانی ھاوپەیمانی قیادە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەست نیشان بکەن.

محەمەد حەلبووسی سەرۆکایەتی پارتی تەقەدووم دەکات و خەمیس خەنجەریش سەرۆکایەتی پارتی سەروەریی دەکات دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھاوپەیمانییەکیان بەناوی "قیادە" پێکھێنا.

تا ئێستا ھەریەک لە کەریم شەعلان، سالم عیساوی و زیاد جەنابی لە ھاوپەیمانی "قیادە" بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر،
ھەروەھا لە ھاوپەیمانی عەزم ھەریەک لە موسەننا سامەڕائی و مەحمود مەشەھدانی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، خۆیان کاندید کردووە.
بەڵام تا ئێستا کۆدەنگی لایەنە سوننەکان لەسەر ھیچ کام لەو کاندانە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نییە.

باس لەوە دەکرێت لەنێو کەسانەی کە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، خۆیان کاندید کردووە، زیاتر کەریم شەعلان چانسی زیاترە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.

 لە نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیش ناکۆکی لەسەر کاندیدانی سوننەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەیە

لە ئێستادا، لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە شیعەکانیش لەبارەی کاندیدانی سوننەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ناکۆکن و خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە کە دەنگ بە کام کاندیدی سوننەکان بدەن.

بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕێکنەکەوتوون کە لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگ بە کام کاندیدی سوننەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بدەن، بەڵام ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی پاڵپشتی لە کاندیدی ھاوپەیمانی قیاد، سالم عیساوی دەکات و ھاوکات ھاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری پاڵپستی لە کاندیدی ھاوپەیمانی عەزم، موسەننا سامەڕائی دەکات.

ئێستا دوو ڕێگا لە بەردەم لایەنە سوننەکان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوینەراندا لەنێو خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە.

یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەیە، لایەنە سوننەکان کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێرێن.

دوومیان ئەوەیە، بەدەنگدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.

ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستی بە دەنگی 166 ئەنجوومەنی نوێنەران ھەیە کە ئەوەیش بۆ سوننەکان قورس نییە، چونکە دەتوانن ئەوەیش بە ڕێککەوتن یەکلایی بکەنەوە.

ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کەواتە دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە

ڕۆژی 23ی ئەم مانگە لە میانی دانیشتنی نائاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، نەتواندرا سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە ھەڵبژێردرێت و دواخرا بۆ دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە.
دوای دانیشتنەکەیش، ئەنجوومەنی نوێنەران کەوتە پشووی یاسادانانەوە کە تا دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پشووەکە بەردەوام دەبێت.

بۆیە چاوەڕان دەکرێت تا ئەو کاتەی پشووی یاسادانانی ئەنجوومەنی نوێنەران، تەواو دەبێت لایەنە سوننەکان لەبارەی دەست نیشان کردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بگەنە ڕێککەوتن.

بڕیارە ڕۆژی 18ی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام دەدرێت، بەڵام پڕۆسەکە پارێزگاکانی ھەرێم ناگرێتەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.