Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 00:35

وته‌كانی مه‌سرور بارزانی له‌ كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ شاری دهۆك

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە 11/21، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دووەمین ڕۆژی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا بە زمانی ئینگلیزی، باسی لە چەندین پرسی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی و جیهانی کرد و وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.

گفتوگۆیەکە لەلایەن مەریەم موشیری بێژەر و پێشکەشکاری BBC ئەنجام درا.

ئەمەی خواره‌وه‌ بەشێکە لە وەڵامەکانی سەرۆکی حکوومەت له‌بارەی تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆیەکە:

دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی حەماس - ئیسرائیل

بەدڵنیاییەوە ئێمە وەکوو گەلێک زۆر شەڕمان بینیوە و دەزانین شەڕ چەنده‌ خراپ و وێرانکەرە. با لەوە دەستپێبکەم کە ئێمە دژی شەڕین و نابێت چەک بۆ چارەسەرکردنی كێشەکان بەکاربهێندرێت.

ئەگەر ئێمە سەیری دۆخی غەززە بکەین. ئەو خەڵکەی لەوێن، ئێستا دۆخیان خۆشترە یان پێش 7ـی ئۆکتۆبەر؟ پێم وابێت وەڵامەکەی زۆر ڕوونە. خەڵکی سیڤل و بێ تاوان باجێکی زۆر قورس دەدەن، ئێمە سەرکۆنەی شەڕەکە و هێرشکردنە سەر خەڵکی سیڤل دەکەین. پێمانوایە دەبێت چارەسەرێکی ئاشتییانە هەبێت بۆ هەر ململانێیەک کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. زۆر ناخۆش و جێگەی خەمبارییە کە دەبینین ململانێیەکی دەیان ساڵە پشتگوێخراوە و دوای ئەوەی بووە شەڕی ڕووبەڕوو ئینجا باسی کێشەکە دەکرێت، بۆیە ئێمە وەکو ئەوەی دوێنێش لە گوتارەکەمدا باسم کرد، دەبێت چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە پێش ئەوەی بگەنە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. کە شەڕ دەستی پێ کرد نازانیت کەی کۆتایی دێت، بەڵام یەک شت بەدڵنیاییەوە دەزانین ئەوەیش ئەوەیە کە قوربانییەکان خەڵکی سڤیل و بێ تاوانن. دەبێت خەڵکی سیڤل بپارێزرێت و هەموومان نیگەرانین لە فراوانبوونی شەڕەکە و مەترسی بڵاوبوونەوەی لە ناوچەکەدا. هیوادارین کۆتایی شەڕەکە ببینین و چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ئەم ململانێیە بێتە دی.

هەڵوێستی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی شەڕی غەززە چییە

پێموایە باشترین شت عێراق کە دەتوانێت بیکات، ئەوەیە خۆی دووربخاتەوە لەم ململانێیە. عێراق بەشی خۆی کێشەی هەیە، ئەگەر ڕێگەیەک هەبێت هاوکاری مرۆیی بگەیەنێت، ئەمە شتێکی باشە. ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازییەوە هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە ئەو خەڵکەی پێویستییان پێیەتی، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ دەرفەتێک نەبووە ئەم هاوکارییانە بگەن.

ئەوانەی دەسەڵاتییان هەیە لەوێ، نەیانتوانیوە ئەو دەروازەیە بکەنەوە و دەرفەتیان نەداوە هاوکارییە مرۆییەکانمان بگەیەنینە ئەوێ، بۆیە عێراق دەتوانێت نێوەندگیری بکات و بە شێوەی ئاشتی دەتوانێت هاوکاریی مرۆیی بگەیەنێت، کە ئەمە شتێکی زۆر باش دەبێت، بەڵام پێموانییە دروشم هاوکاری ئەو خەڵکە بێت، بەڵکو ئەوان پێویستی بە دەرمان و خۆراک و ئاساییشە. دروشم هیچ سوودی نییە، بۆیە باشترین شت کە عێراق دەتوانێت بیکات گەیاندنی هاوکارییە بۆ ئەو خەڵکەی پێویستیی پێیەتی.

دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی

پێموابێت کاتەکە هەڵەبوو، من نامەوێ باسی بڕیارەکە بکەم، بەڵام کاتەکە باش نەبوو بۆ عێراق، چونکە زۆر کێشەی جیاوازمان هەیە. ئێستا هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە بووەتەوە و کێشەی دیکەمان هەیە کە دەبێت چارەسەریان بکەین، ئەمە قەیران و کێشەیەکی نەخوازراو بوو و نەدەبوو ڕووبدات.

ئەگەر ڕێگەیەک هەبووایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، دەبووایە بە شێوازی جیاواز ئەم کێشەیە چارەسەرکرابایە، دەبووایە پەرلەمان ئاگادارکرابایەوە و دەبووایە پەرلەمان خۆی بڕیارەکە بدات، بەڵام دادگایەکت هەبێت لە سەرووی هەموویانەوە بڕیاری تاک لایەنانە بدات، بەبێ بیرکردنەوە لە دەرئەنجامەکەی کە دەبێت چۆن بێت. دۆخەکە بە گشتی لە عێراق هاوکار نییە، ئەمە کێشەیەکە جارێکی دیکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرەنسیپە سەرەکییەکانی هاوبەشی لە عێراقدا، عێراق چەند پێکهاتەیەکی تێدایە، سووننە یەکێکن لەو پێکهاتانە و دەبێت ڕێز لەوان و لە نوێنەرەکانیشیان بگیرێت، ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک بکرێت، دەبێت قبووڵکراو بێت لەلایەن حکوومەت و ئەو پێکهاتەیەش.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

کێشەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەو ململانێیە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت هەیە، بەهۆی ئەوەیە وەکو پێویست دەستوور جێبەجێ نەکراوە و ڕێزی لێ نەگیراوە، کوردستان چەند مافێکی هەیە لەنێو دەستووردا کە بەداخەوە پشتگوێ خراون، ئەم مافانە مافی دەرهێنان، بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتە، بەداخەوە ئەم چەند ساڵە کێشە و ململانێ لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبووە.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە زۆر ڕوونە، ئایا ئێمە وڵاتێکی فیدراڵین یان یان عێراق وڵاتێکی مەرکەزییە؟ ئەمە کێشە سەرەکییەکەیە، ئێمە پێمانوایە پێویستە لە وڵاتی فیدراڵیدا دەسەڵاتەکان دابەش بکرێن و دەسەڵاتەکان بدرێنە ناوچە و هەرێمەکان وەکو ئەوەی لە دەستووردا باس کراوە، بەداخەوە عەقلییەتێک لەلایەن بەشێکی بەرپرسانی بەغدا هەیە کە قۆڕخکارە و دەیەوێت هەموو شتێک لەلایەن ناوەندەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت؛ ئەمە جیاوازییە سەرەکییەکەیە، ئەگەر تۆ وردی بکەی و سەیری کێشەی نەوتیش بکەی، دەبینین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی لە دەستووری عێراقدا جێبەجێ کردووە، بەڵام هیچ کاتێک مافی خۆمان وەکو ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێ دراوە، وەرمان نەگرتووە، کوردستان پابەندە بە دەستوور و ئێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی کارمان کردووە لەسەر بابەتی نەوت و پرەنسیپەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنی، بەڵام بەداخەوە ئێمە ئەو پشتیوانییەی لە حکوومەتی فیدراڵییەوە پێویستیمان پێیەتی، لێمان نەکراوە.

ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیا نێودوڵەتییەکانی بواری نەوت هەیە، ئەم گرێبەستانە یاسایی و بەرکارن؛ بەدڵناییەوە ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێز لەم گرێبەستانە دەگرین، بەڵام تێچوو هەیە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، کۆمپانیاکان وەبەرهێنانیان لە بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام لە بەغدا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و شێوازی گرێبەستەکان جیاوازن.

لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەغدا باسی نرخێک دەکات کە واقیعی نییە؛ شەش دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان داناوە، بۆ نموونە لە کێڵگەی نەوتی گەیارە تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت 34 دۆلارە، دەکرێت لە کێڵگەیەکی دیکەی نەوت 6 دۆلار بێت، بەڵام جیاوازی هەیە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە، ئێمە کە ئەم شتەیان پێ دەڵێین، دەڵێن ئەمە ڕێژەکەیە، چونکە لە بەشێکی دیکەی وڵات یەک دوو دۆلاری تێدەچێت، بەغدا ڕاست دەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کاتێک بەغدا پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی ئەم بەرمیلە نەوتانە دەدات بۆ هەر بیرە نەوتێک، بۆ هەر کۆمپانیایەک شەش دۆلاریان دەداتێ یان 34 دۆلار؟

بەداخەوە تاوەکو ئێستا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە هەرێمی کوردستان دیاری نەکردووە و نازانن چەندە، ئەمە گفتوگۆیەکە لەگەڵ بەغدا کردوومانە لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، چوونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەم رێککەوتنانەیە کە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کردوویەتی. ئەمە مافێکە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی و ئێمە بە هیچ شێوەیەک واز لەم مافە ناهێنین، بۆیە ئێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا قسەمان کردووە، دەتوانین لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کار بکەین بزانین کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت چەندە، کاتێک ئەمە تەواو بوو، ئەو کاتە هەناردەکردنەوەی نەوت ئاسان دەبێت، چونکە بەبێ بەرهەم تۆ هەناردەت نابێت. بۆیە من چاوم لە بەرهەمهێنانە، کاتێ بەرهەمهێنانمان هەبوو دەچینە قۆناغی داهاتوو ئەویش هەناردەی نەوتە لە ڕێگەی تورکیاوە.

ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەین (بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان)، بەڵام ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی بەغدایە، ئایە ئەوان تێچووی بەرهەمهێانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە هەرێمی کوردستان دەدەن؟ ئەگەر توانییان، ئەوان دەست بە بەرهەمهێنان دەکەن، ئێمەش وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانمان دەکەین، هەروەها بە دڵنیاییەوە بەرگریی لەو کۆمپانیایانە دەکەین کە متمانەیان پێ کردووین، کاتێک ئەم رێککەوتنانە ڕێزیان لێ گیرا و حکوومەتی فیدراڵی پارەی کۆمپانیاکانی دا، بەدڵنیاییەوە نەوت هەیە بۆ هەناردەکردن.

شاندی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کردووە و هەفتەی رابردووش شاند لە بەغداوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ وەزارەتی نەوت هەبووە، چەند جار قسەم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ كردووه‌، ئەویش تێگەییشتنی باشی هەیە، وەزارەتیش تێگەیشتنی باشی هەیە، بۆیە هیوادام بگەینە ڕێککەوتنێک و دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکەینەوە.

چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم

بەداخەوە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان، پشتی بە پارەی کاش بەستووە، ئابوورییەک پشت بە پارەی کاش بەستبێت، سنووردارە و تۆ ناتوانی زۆر پەرەی پێ بدەی و ئەو سیستەمانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەمان بوون بەداخەوە زۆر سەرکەوتوو نەبوون و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نەبوون، ئەوەی کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەوڵمان داوە ئەنجامی بدەین، ئەوە بووە کە ژێرخانێک دابنێین پێویست بێت بۆ هاووڵاتی، چونکە لە کابینەی نۆیەمدا هاووڵاتی سەنتەری بایەخپێدانی حکوومەتە و هەموو خزمەتگوزارییەک دابین دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە هاووڵاتییانمان زۆرترین سوودی لێ دەبینن، بۆیە دەبێت ئەم خزمەتگوزارییە بانکییانە بۆ هاووڵاتییان بەردەست بن.

پێویستە حکوومەت پاڵپشتی لە بانکەکان بکات و مافەکانیان بپارێزێت، پێویستە سیستەمی بانکی بەردەوام گەشە بکات، ئێستا ئێمە پڕۆژەیەکمان دەست پێ کردووە بە ناوی (هەژماری من)، مەبەستمانە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 زیاتر نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەری حکوومەت بێنە نێو ئەم سیستەمەوە و تۆماربکرێن، ئەم مانگە پڕۆسەکە لە دهۆک و سلێمانیش دەست پێ دەکات. هەموو فەرمانبەرێکی حکوومەت دەخەینەوە نێو ئەم پڕۆگرامەوە و کەرتی تایبەتیش بە کارکردن لەگەڵ بانکەکان دێتە نێو ئەم پڕۆگرامەوە، هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە هەر بانکێک لەنێو ئەم پڕۆگرامە بەشدارییان کردووە، زۆر بە خێرایی دەبنە گەورەترین بانک لەم وڵاتە و قازانجی زۆر دەکەن، بانک و هاووڵاتییان سوودمەند دەبن و بە دڵنیاییەوە ئێمەش ژێرخانێکمان دەبێت.

ئێستا خەریکین هەزار ATM لە هەرێمی کوردستان دابنێین، هەروەها 40 هەزار وێستگە و شوێنی پارەدانی ئەلیکترۆنی، خەڵکیش کە لە دەرەوە دێن دەتوانن سوودی لێ ببینن و کرێدت کارتەکانیان بەکاربهێنن نەک کاش هەڵبگرن، دەمانەوێت ئابووری خۆمان ببەینە قۆناغێکی باشترەوە و من زۆر گەشبینم.

ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی

بەرنامەی من ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە و چەندین جار باسی ئەم بابەتەم کردووە. بەڵام پێویستە تۆ سیستەمێکت هەبێت کە خەڵکی گەندەڵ نەتوانێت سوودی لێ ببینێت، کاتێک هەموو خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت بە دیجیتاڵ دەکرێن هەموو شتێک شەفاف دەبێت، ئەو کاتە زۆر زەحمەت دەبێت خەڵک بتوانن گەندەڵی ئەنجام بدەن، دەبێت تاکەکانی کۆمەڵگەش هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن لەبارەی ئەم بابەتە،
گەندەڵی تەنها ئەوە نییە خەڵک فێڵت لێ بکات و پارە ببات، بەڵکو بەفیڕۆدانی کاتیش گەندەڵییە، کاتێک فەرمانبەرێکی حکوومی پارەی پێ درا بۆ ئەوەی خزمەت بکات، بەڵام دانیشتووە و هیچ ناکات، ئەمەش گەندەڵییە، بۆیە هەر لەسەرەتای ئەم کابینەیەوە دەستمان کردووە بە نەهێشتنی گەندەڵی، بەڵام ئەمە پڕۆسەیەکە کاتی دەوێت تا دەرئەنجامەکەی دەردەکەوێت، بەڵام پێموابێت لەسەر ڕێگە ڕاستەکەین.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمئاوی

گۆڕانکاری کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی مایەی نیگەرانییە، ئەمە تەنها بەهۆی کەمئاوییەوە نییە، بەدڵنیاییەوە ئاو فاکتەری سەرەکییە، پێموابێت ئەو پانێڵەی بەیانیش باسی ئەوەیان کرد کە چەند ڕووبارەکان کەمیان کردووە، ئاوی ژێر زەوی کەمی کردووە، سوپاس بۆ خوا بارانێکمان هەبوو لە دوو ڕۆژی ڕابردوو، دەبێت نزا بکەین بارانی زیاتر ببارێت، پلانمان هەیە بەنداوی گەورە دروست بکەین بۆ ئەوەی کە ئاو گل بدەینەوە و بتوانین بە شێوەیەکی باشتر سوودی لێ وەرگرین، واتە ئیدارەدانی سەرچاوە ئاوییەکان یەکێکە لە پلانەکانی ئێمە کە کاری لەسەر دەکەین، ئەم بەیانییە گوێم لەوە بوو باسی گاز کرا، ئەو گازەی لە بیرە نەوتەکان دێتە دەرەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەو کارەمان کردووە، ئێمە گازمان کردووەتە کارەبا، بڕیارێکمان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە هەیە کە دەبێت هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت ئەو گازەی کە دێتە دەرەوە و بەفیڕۆ دەچێت جارێکی دیکە بۆ وزە بەکاربهێنرێتەوە، ئەمە تەنیا کاری ئێمە نییە بەڕاستی، ئەمە بەرپرسیارەتییەکی گشتگیرە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، ئێمە بینیمانە کە خەڵکی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ئاوارە دەبن بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، ئەم کۆچی بە کۆمەڵە دەکرێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ئەوروپا بکرێت، بۆیە ئەگەر ئەم کۆچی بە کۆمەڵە مایەی قبووڵکردن نییە، دەبێت شتێک بکەین، بژاردەی دیکەمان لەبەردەستە، بەرپرسیارەتی دارایی هەیە کە دەبێت هەر کەسێک ئەم بەرپرسیارەتییە قبوڵ بکات، بزانین كه‌ چۆن سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان بدۆزینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ریان بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرا و دواتر كۆچی به‌كۆمه‌ڵ ده‌ستی پێ كرد و چوونه‌ وڵاتانی دیكه‌، ئەوە له‌گه‌ڵ خۆیاندا كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسییه‌كانیان ده‌به‌نه‌ ئه‌و وڵاتانه‌وه‌، بۆیه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بێیت سه‌یری كێشه‌كه‌ بكه‌یت كه‌ به‌ ته‌نیا به‌ هاوكارییه‌كی دارایی چاره‌سه‌ر ده‌بێت، دواتر ده‌بێت بێیت پاره‌ی زیاتریان پێ بده‌یت و كێشه‌ی ئه‌منی و ئابوورییان له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆتدا بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌یت، با من شتێك بڵێم؛ ئه‌مه‌ پێشبینی نییه‌ و ئێمه‌ له‌ناو دۆخه‌كه‌داین و ڕووداوه‌كه‌ رووده‌دات و ده‌یبینین، به‌ڕاستی بابه‌تێكی زۆر جیددییه‌، ده‌بیت دونیا به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن، پێموایه‌ خه‌ڵكی عێراق به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی دیكه زیاتر کەوتوونەتە ژێر‌ كاریگه‌رییە نەرێنییەکانی کەشوهەوا، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رچاوه‌ی خۆمان هه‌یه‌.

تواناكانی گه‌نج له‌ هه‌رێمی كوردستان

گه‌نج داهاتووی ئه‌م وڵاته‌ن، من له‌وانه‌م كه‌ بڕوام وایه‌ ده‌بێت هاوكاری ته‌واوی گه‌نجان بكه‌ین، له‌ ئۆفێسه‌كه‌ی من ستافێك هه‌یه‌ كه‌ پێموایه‌ خه‌ڵكی زۆر گه‌نجن و له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانن و له‌ ئۆفێسه‌كه‌ی من كار ده‌كه‌ن و رۆژ به‌ رۆژ زیاتریش ده‌بن، ئه‌مه‌ پاڵنه‌رن و له‌ پشته‌وه‌ی داینه‌مۆی چاكسازیدان و من وه‌به‌رهێنان له‌ تواناكانیان ده‌كه‌م و كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌م و هاوكاری ئه‌م گه‌نجانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ لێهاتوون، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند پرۆگرامێكمان هه‌یه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌، بۆ نموونه‌ ئێستا شتێكمان هه‌یه‌ به‌ ناوی ئەنستیتووتی داهێنان و نوێگەری له‌ كوردستان و هاوكاری ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌كات كه‌ بیرۆكه‌ و توانای نوێ و داهێنەرانەیان هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی رابردوودا پرۆژه‌ی (گه‌شانه‌وه‌)مان راگه‌یاندووه‌ و قه‌رز ده‌ده‌ینه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی بزنسیان هه‌یه‌ و خاوه‌نكار و كارسازن و ده‌توان قه‌رز له‌ بانكه‌كان بكه‌ن و كاری خۆیان بكه‌ن، بۆیه‌ من باوه‌ڕی ته‌واوم به‌وه‌ هه‌یه‌ دره‌فه‌ت به‌ گه‌نجان بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كار و بزنسی خۆیانیان هه‌بێت و بتوانن ستافی خۆیان دابمه‌زرێنن، ئه‌مه‌ زۆری ده‌وێ و بۆ حكوومه‌ت تێچووی زۆری ده‌بێت، هه‌روه‌ها حكوومه‌تیش له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زۆر تێچووی له‌سه‌ر كه‌م ده‌بێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بچنه‌ ناو ئه‌و پڕۆژانه‌ و نابێت ته‌نیا چاویان له‌سه‌ر حكوومه‌ت بێت وه‌كو تاكه‌ شوێن بۆ دامه‌زراندن، به‌ڵكو ده‌بێت چاویان له‌ كه‌رتی تایبه‌تیش بێت، ئه‌وه‌ی من هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌نجامی بده‌م و پێی بگه‌م ئەوەیە ژینگه‌یه‌ك دروست بكه‌م و هاوكاری كه‌رتی تایبه‌ت بم بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ بكات و خه‌ڵكی بتوانن ده‌رفه‌تی کارکردنی زیاتریان هه‌بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت هه‌مواركردنه‌وه‌ له‌ یاسا و رێككاره‌كان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی خانه‌نشینی و مافی خانه‌نشینی ئه‌و كه‌سانه‌ پارێزراو بێت له‌ كه‌رتی تایبه‌ت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ جیاوازییه‌كی زۆر گه‌وره له‌ ڕووی فراوانبوونی كه‌رتی تایبه‌ت‌ دروست ده‌كات كه‌ زۆر زۆر گرنگه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری ناوچه‌كه‌مان.

ڕاستە خه‌ڵك خواستی هه‌یه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌جێبێڵێت و بۆ ده‌رفه‌تی كار بچێته‌ وڵاتێكی دیكه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌ كوردستان ڕوونادات، به‌ڵكو له‌ هه‌موو وڵاتان ئه‌مه‌ رووده‌دات، به‌و مانایه‌ی له‌ وڵاتێكه‌وه‌ ده‌چێته‌ وڵاتێكی دیكه‌ و به‌دوای ده‌رفه‌تی دیكه‌ی كاردا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام من پێت ده‌ڵێم ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 100 هه‌زار كارمه‌ندی بیانیمان هه‌یه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ده‌رفه‌تی كارمان نه‌بێت، چۆن ئه‌م 100 هه‌زار كه‌سه‌ بیانییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن؟ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت كارمان كردووه‌ و پێمان گوتوون كه‌ ده‌بێت 75%ـی كارمه‌نده‌كانیان هێزی كاریان ده‌بێت خه‌ڵكی خۆجێیی بن، بۆیه‌ ئه‌م ده‌رفه‌تانه‌ی كار بۆ خه‌ڵكی هێز له‌ ئاستی خواستی ئێمه‌دا نییه‌، به‌ڵام هه‌موو كارێك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی خۆمان هه‌لی كاریان بۆ بڕه‌خسێنین. شتێكی دیكه‌ش هه‌یه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی هاوبه‌شه‌ واتا خه‌ڵك نابێت وه‌ها سه‌یری حكوومه‌ت بكات وه‌ك تاكه‌ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو حكوومه‌ت به‌شیكه‌ له‌و خه‌ڵكه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ خه‌ڵك ده‌یه‌وێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وانیش هاوكارمان بن، واته‌ ده‌بێت خه‌ڵكیش به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ڵبگرێت، به‌رپرسیارییه‌تێكی هاوبه‌ش‌ هه‌یه‌، واته‌ هه‌موومان ئه‌رك و مافمان هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌ركه‌كانمان به‌جێبهێنین بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانمان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.

رۆڵی ئافره‌ت له‌ كایه‌ی گشتی

ئێمه‌ له‌ كه‌رتی گشتیدا وه‌زیری ئافره‌تمان هه‌یه‌ كه‌ پێموایه‌ له‌ مێژووی كابینه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت نا، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كانی حكوومه‌ت و رێكخراوه‌كاندا، ئێمه‌ ئافره‌تمان هه‌یه‌ كار ده‌كات. من با شتێكت پێ بڵێم، من باوه‌ڕم به‌وه‌ نییه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌رفه‌ت به‌ ئافره‌تان بدرێت ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌گه‌زی جیاوازن، بەڵکو دەبێت لە سەر ئەو بنەمایە بێت کە ئافره‌تان زیره‌كن و سه‌لماندوویانه‌ كه‌ زیره‌ك و لێوه‌شاوه‌ن، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ پێویستمان پێیه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌رفه‌تی یه‌كسانیان پێ بده‌ین، واته‌ بۆ ئافره‌تان و پیاوان وەک یەک هەبێت، منیش به‌دیاریكراوی ئه‌مه‌ ده‌كه‌م و كابینه‌كه‌ی منیش ئه‌مه‌ ده‌كات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ دامه‌زراوه‌ی دیكه‌شمان هه‌یه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی كاروباری ئافره‌تان، ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، ئێمه‌ هاوكاری ئه‌و ئەنجوومەنە و هاوكاری هه‌موو رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ده‌كه‌ین، ده‌بێت به‌شداری ئافره‌تانمان زیاتر بێت، ئه‌مه‌ شتێكی كولتوورییه‌ و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ گۆڕینی عه‌قڵییه‌تی خه‌ڵكی خۆشمانه‌ كه‌ ده‌بێت زۆر پاڵپشتی ئافره‌تان و به‌شدارییان له‌ كۆمه‌ڵگادا بكه‌ن.

وه‌ك چۆن كار ده‌كه‌ین له‌سه‌ر هه‌مه‌چه‌شنكردنی ئابووری كوردستان و داهاتمان، ئێمه‌ به‌ هه‌مانشێوه‌ زۆر ده‌سه‌ڵاتمان به‌ ئیداره‌ خۆجێییه‌كان و ئیداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری زۆریان پێ بگه‌یه‌نین، كاتێكیش ده‌مانه‌وێت خزمه‌تگوزاری زۆریان پێ بگه‌یه‌نن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویستیان به‌ كارمه‌ندی زیاتر هه‌یه‌، بۆیه‌ دیسان به‌دڵنیاییه‌وه‌ خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ ده‌توانن له‌و خزمه‌تگوزارییانه‌دا كار بكه‌ن، به‌ڵام له‌مه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ هه‌وڵمان داوه‌ دره‌فه‌تی زیاتر بڕه‌خسێنین، بۆ نموونه‌ بواری گه‌شتیاری له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئافره‌تان ده‌توانن سوودی زۆری لێ ببینن، چونكه‌ هه‌ر شارێك له‌ هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی كاراكته‌ری خۆیه‌تی كه‌ ئێمه‌ ده‌توانین هانی بده‌ین و پشتیوانی له‌و خاڵه‌ به‌هێزه‌ی بكه‌ین و هاوكاری ئه‌و گوند و ناحییه‌ و ناوچانه‌ بكه‌ین، پاڵپشتیكردنی ئه‌مانه‌ كارێكی باش ده‌بێت، ئێمه‌ به‌دیاریكراوی ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ین، ئێمه‌ قوتابخانه‌كان له‌ ناوچه‌ و شوێنه‌ دووره‌ده‌سته‌كان دروست كردووه‌، هاوكات و ڕێگا و خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌مان گه‌یاندوونێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌موو شتێكمان نه‌كردووه‌ ئه‌وه‌ی پێویست بووه‌ بیكه‌ین، چونكه‌ توانای داراییمان نییه‌، جارێكی دیكه‌ ده‌یڵێمه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ی به‌غدا به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات له‌ به‌شه‌بوودجه‌ی خۆمان، ئه‌گه‌ر ئه‌و پاڵپشتییه‌ داراییه‌مان پێ بگات، بێنه‌ به‌رچاوی خۆت ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی به‌ده‌ستمان هێناوه‌ به‌بێ ئه‌و پاڵپشتییه‌ بووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوكارییه‌ له‌ به‌غداوه‌ هه‌بیت و پشكی خۆمان له‌ به‌غداوه‌ بگات، بێنه‌ به‌رچاوی خۆت كوردستان چۆن ده‌بوو، به‌دڵنیاییه‌وه‌ زۆر جیاواز و شوێنێكی زۆر باشتر ده‌بوو، ئێمه‌ ناوه‌ستین و هه‌موو كار و هه‌وڵێكی خۆمان ده‌ده‌ین و نه‌ك ته‌نیا شاره‌كان، به‌ڵكو چاومان له‌سه‌ر خزممەتکردنی هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستانه‌.

بوونی پێكهاته‌ جیاوازه‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردستان

به‌ر له‌ هه‌موو شتێك من له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی (كه‌مینه‌) نیم بۆ پێکهاتەکان، چونكه‌ له‌م وڵاته‌دا زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ زۆر گرینگ نییه‌، به‌ڵكو له‌ وڵاته‌كه‌كان فره‌چه‌شنی و فره‌نه‌ته‌وه‌یی و فره‌ئایینی گرینگه‌، ئێمه‌ كۆمه‌ڵگه‌ و پێكهاته‌ی جیاوازمان هه‌یه‌ و هه‌موو مافی خۆیان هه‌یه‌، هاوكات یاسا له‌ سه‌رووی هه‌مووانە و ئێمه‌ پاڵپشتی پێكهاته‌یه‌ك ناكه‌ین كه‌ زۆرینه‌ بێت و ‌پێکهاتەی تریش كه‌مینه‌ بێت پشتگوێی بخه‌ین، نه‌خێر ئه‌مه‌ وا نییه‌ و له‌ كوردستان هه‌موو كه‌س یه‌كسانه‌، قسه‌ گرینگ نییه‌، به‌ڵكو كردار گرینگه‌، ئێمه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك و ئاواره‌مان هه‌یه‌ کە له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه‌ هاتوون، هەروەها پێنج سەد هەزار کەس پەنابەرمان لە وڵاتانی دراوسێوە هاتوون، لە هەرێمی کوردستان مافی پێکهاتە جیاوازەکان پارێزراوە.

ئازادی بیروڕا و ڕۆژنامەوانی

من ناتوانم لە جیاتی بەشەکانی دیکەی عێراق قسە بکەم، بەڵام من بەرپرسیارم لە کوردستان و دەتوانم پێت بڵێم بەڵێ لە کوردستان خەڵک ڕەخنە دەگرن، ڕۆژانە ڕەخنە لە حکوومەتەکەم دەگرن و ئازادن لە ڕەخنەگرتن، بەڵام جیاوازی لەنێوان ئاژاوە و ئازادیدا هەیە، هەروەها جیاوازی هەیە لەنێوان ئازادی ڕادەربڕین و ناوزڕاندن، بە گشتی من پێموایە ڕۆژنامەگەری کارێکی بەڕێز و شەڕەفمەندانەیە، من زۆر ڕێزم بۆ ڕۆژنامەوانان هەیە، پێموایە ڕۆژنامەنووسان لێرە لە کوردستان زۆر چالاکن و زۆر کاریگەرن، کەواتە بە دڵنیاییەوە مافی ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتنیان هەیە، هیوادارم زۆربەی ڕەخنەکانیان بۆ بنیاتنانی کوردستان بێت و یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەیە هەڵەکانمان ڕاست بکەینەوە و درک بە کەموکوڕییەکان بکەین بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەری ئەرێنییان هەبێت لەسەر ئەو بڕیارانەی کە ئێمە دەیدەین هەبێت.

پێموایە بە شێوەیەکی گشتگیر ناتوانین باسی بابەتەکان بکەین، بۆ نموونە ئەوانەی دەڵێن کوردستان لە پاشەکشەدایە، هیوادارم داتامان پێ بدەن، هیوادارم بەراوردێک بکرێت و هەندێک داتای پێنج ساڵ لەمەوبەر و 10 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئەمڕۆ بەراورد بکەین، بۆ ئەوەی بزانین کە حکوومەت چۆن مامەڵەی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و پیشەی ڕۆژنامەگەری کردووە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

هیچ کات لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبووم، ئەوە سێیەمین جارە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دوادەخرێت و من هیچ کات لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبووم، بۆیە هیوادارم هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی ئێستادا لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت و چیتر دوانەکەوێت، ئێمە باوەڕی تەواومان بە دیموکراسی هەیە لە هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت ببینە چرای دیموکراسی لە ناوچەکە، هیچ مانای نییە هەڵبژاردن نەکرێت تەنیا لە بەر ئەوەی لایەنێک یان حزبێک نەیەوێت هەڵبژاردن بکرێت، نابێت ئەم مافە لە هاووڵاتییان بسەندرێتەوە و نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێگە بە دواخستنی هەڵبژاردن بدەن.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.