Erbil 17°C چوارشەممە 30 تشرینی یەکەم 22:54

هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم: به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ناكه‌ین

کوردستان TV
100%

هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ی شه‌ممه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ناكه‌ن.

سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕایگه‌یاند، له‌سه‌ر داوای 50 په‌رله‌مانتار سبه‌ی شه‌ممه‌ دانیشتنێكی تایبه‌ت و نائاسایی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، داواشی له‌ سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران كرد به‌شداری دانیشتنه‌كه‌ بكه‌ن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك‌ له‌ هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم (هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی) جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ هیچ ئه‌ندامێكیان به‌شداری دانیشتنه‌كه‌ ناكات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم بڕیایداوه‌ تا كاتێكی نادیار به‌شداری هیچ دانیشتنێكی په‌رله‌مان و پڕۆسه‌یه‌كی سیاسی نه‌كات.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌بێت كه‌ تا ئێستا چه‌ند كه‌سێك بۆ پۆسته‌كه‌ كاندیدكراون.

رۆژی سێشه‌می ڕابردوو به‌ تۆمه‌تی ساخته‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی و له‌سه‌ر بنه‌مای داوایه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار له‌یس دلێمی تۆمار كرابوو، دادگه‌ی باڵای فیدڕالی بڕیاری دا ئه‌ندامێتی محه‌مه‌د حه‌لبووسی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌.

لای خۆشییه‌وه‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی باڵای فیدڕالی به‌ ناده‌ستووری وه‌سف كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی ده‌یانه‌وێ دۆخی سه‌قامگیری عێراق به‌ره‌و ئاقارێكی نادیار به‌رن.

هه‌ر له‌ رۆژی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی محه‌مه‌د حه‌لبووسی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پارتی ته‌قه‌دوم دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و ئه‌ندامه‌كانی، چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد كه‌ له‌مانه‌ی خواره‌وه‌ پێكهاتبوون:-

1- بایكۆتكردنی كۆبوونه‌وه‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت.

2- ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م نوێنه‌رانی پارته‌كه‌ له‌ حكوومه‌تی عێراق كه‌ پێكهاتوون له‌ (محەمەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید بەتال نەجم وەزیری پیشەسازیی و ئەحمەد فەکاک وەزیری رۆشنبیری)

3- ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی نوێنه‌رانی پارته‌كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان و لیژنه‌كانی په‌رله‌مان.

 4- بایكۆتكردنی په‌رله‌مانتاران له‌ سه‌رجه‌م دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

دوێنێ پێنجشه‌م جاسم ئه‌لعمێری سه‌رۆكی دادگه‌ی باڵای فیدڕالی ڕایگه‌یاند كه‌ بڕیاری دادگه‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتاییه‌ و مافی تانه‌دانی تێدا نییه‌ و پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان پابه‌ندی بن و جێبه‌جێی بكه‌ن.

وه‌ك وه‌ڵامێكیش بۆ حه‌لبووسی كه‌ گوتبووی دادگه‌ی باڵای فیدڕالی مافی دوورخستنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی نییه‌، جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ دادگه‌كه‌یان به‌پێی مادده‌ی 93ی ده‌ستوور مافی بینین و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ كه‌یسانه‌ی هه‌یه‌.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.