شاره‌زایه‌كی كه‌شناسی پێشبینی كرد كه‌شوهه‌وای هه‌رێمی كوردستان ئیتر روو له ساردی بكات و پله‌كانی گه‌رما به‌ته‌واوی دابه‌زن، ڕاشیگه‌یاند كه له‌م ماوه‌یه‌دا دوو شه‌پۆڵی بارانبارین روو له ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ئیتر به هه‌ردوو بارانه‌كه په‌ڵه بۆ جوتیاران ده‌كه‌وێت.
ئاراس جه‌بار شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگه‌یاند: له‌م ماوه‌یه‌دا دوو شه‌پۆڵی بارانبارین ڕوو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، شه‌پۆڵی یه‌كه‌م لەنێوان 15 بۆ 18ی ئه‌م مانگه ده‌بێت و پێشبینی بارانی مامناوەند و باش دەکرێت لەسەرجەم ناوچەکاندا کە بەشێوەیەکی پچرپچر کاریگەری دەبێت.
ڕاشیگه‌یاند: له‌م ماوه‌یه‌دا پلەکانی گەرما بەرێژەی 6 تا 8 پلەی سەدی ڕوو له نزمبوونه‌وه ده‌كه‌ن و له‌به‌رامبه‌ریشدا رادەی شێ بەڕێژەیەکی بەرچاو به‌رز ده‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: شەپۆلی دووەم لە 19 و 20ی مانگ ده‌بێت و پێشبینی دەکرێت بە ھاتنی نزمەپاڵەپەستۆیەکی قووڵ لە دەریای ناوەڕاستەوە، لەگەڵیدا بارستە ھەوایەکی سارد و شێداری دەبێت.
ئاراس جه‌بار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه لەم قۆناغەدا ئەگەری دابارینی بارانێکی زۆر و زیاتر دەبێت لەگەڵ نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما و ساردبوونی کەشوھەوای ناوچەکە.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه ئیتر له‌دوای ئه‌م واده‌یه‌وه بەفریش لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ده‌بارێت.
شاره‌زاكه‌ی كه‌شناسی پێشبینیشی كرد كه لە ماوەی ھەردوو شەپۆڵەكه‌دا بارانی پێویست بۆ پەڵە و ته‌نانه‌ت زیاتریش ببارێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.