بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکانی کۆلیژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان، ئهمڕۆ دووشهم وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتى تەندروستى چەند بڕیارێکیان خستە بوارى جێبەجێ کردنەوە.
شاندێكی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى به یاوهری ڕاگرى کۆلیژى پزیشکى زانکۆی گەرمیان، سەردانى وەزارەتى تەندروستییان کرد و لەلایەن د. سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستی پێشوازییان لێ کرا.
لە دیدارێکدا بە وردى تیشک خرایە سەر کێشە و گرفتەکانى کۆلیژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان و بە وردى باس لە نەخشەڕێگهی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە کرا، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى تەندروستى پەرۆشى خۆى بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان نیشان دا و هەموو ئامادەییەکى وەزارەتەکەى لەوبارەیەوە خستەڕوو.
وەزیرى تەندروستى ههروهها ئامادەیى خۆى نیشان دا بۆ دەستەبەرکردنى ستافى پێویست بۆ کۆلیژەکە لە ڕێگەى گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکى کۆلیژى پزیشکى و دواتریش تەنسیبکردنەوەیان بۆ سەر وەزارەتى تەندروستى بە ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنە زانستی و کارگێڕییەکان.
هەروەها بڕیاردرا هەردوو وەزارەتی تهندروستی و خوێندنی باڵا هەماهەنگی بکەن بۆ گۆڕینی پۆلینبەندی نەخۆشخانەکانی دەڤەری گەرمیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری بەمەبەستى راهێنان و ئەنجامدانى لایەنى پڕاکتیکى قوتابییانى کۆلیژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان.
دواتری ههردوو وەزارەت بە هەماهەنگی یاداشتێکى لێکتێگەیشتن ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە نەخشەڕێگهیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە و چوارچێوەیەک بێت بۆ هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەپێناو پەرەپێدانی پرۆسەی خوێندن و راهێنان لە کۆلیژە پزیشکییەکان و پەرەپێدانی زیاتری خزمەتگوزاری تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لە نزیکترین دەرفەتەدا بڕیارەکانى کۆبوونەوە بخرێتە بوارى جێبەجێکردن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.