وەزارەتی پێشمەرگە سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری ئەو دوو شەهیدەی هێزی پێشمەرگە دەکات کە لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سوپای عێراق شەهید بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی 10ـی 2023 وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا نووسیویەتی "بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە دوێنێ یەکشەممە هەواڵی شەهیدبوونی دوو ڕۆڵەی قارەمانی لیوای 18ـی پیادەی وەزارتمان (عەقید قەهار جەوهەر قەهار فەرماندەی فەوجی 1ـی لیوای 18ـی پیادە و هاوڕێ جەوهەر ڕەحمان)ـمان پێگەیشت."
هەروەها نووسیویەتی "بەم بۆنە خەمناکەوە بە ناوی وەزارەتی پێشمەرگەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و کەسوکار و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانیان و تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین، لە یەزدانی مەزن داواکارین سەبر و ئارامی بە ئێمە و ماڵبات و کەس و کارییان ببەخشێت."
پێشووتر لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ڕووداوەکە ئاماژەی بەوە دا کە "ئێمە پابەندبوونمان بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرێکی ڕیشەیی و بەردەوام دووپات دەکەینەوە کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدی بهێنێت."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.