Erbil 19°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 15:04

سەڵاح محەمەد عەلی: زیاتر حەز لە (نواندن) دەكەم چونكە زیاتر لە بینەران نزیكە

بەهۆی نەخۆشییەوە نەمتوانی بەشداری لە درامای "8 دیوار" بكەم
کوردستان TV
100%

هونەرمەند"سەڵاح محەمەد سەڵاح"  زیاتر لە (50) ساڵە،لەرێگەی هونەرەكانی (نواندن، كاریكاتێر، گۆرانی وتن) ،خزمەت بە هونەری كوردی دەكات ئەو هەرلەتەمەنی منداڵییەوە لەرێگەی لاساییكردنەوە بەهرەی نواندنی دەركەوتەوە بەهۆی پیشەی دارتاشی باوكیشی، توانی بەهرەی هونەری كاریكاتێری خۆی بدۆزێتەوە ،جگە لەوەش لە هونەری گۆرانی وتن توانی چەندین گۆرانی بۆ تەلەفزیۆنی كەركووك لە ساڵی هەشتایەكانی سەدەی رابردوو تۆمار بكات بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە هونەركەی وەكو ماڵپەڕی كوردستان تیڤی  لەنزیكەوە بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە. 
* سەرەتا وەكو پرسیارێكی كلاسیك ئەگەر بكرێت باس لە ژیانی هونەری خۆت بكەیت.  
- من( سەڵاح محەمەد عەلی) لەساڵی 1951 لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایك بووم هەر لەتەمەنی هەرزەكارییەوە خوولیای زۆربەی هونەرەكانم هەبوو، وەكو نواندن حەزم بەلاساییكردنەوە ئەو فلیمانەم دەكرد كەلە هۆڵی سینەماكانی شاری هەولێر نمایش دەكران، لە هەمان كات لاسایی ئەو دراما عەربیانەم دەكردەوە كە لە تەلەفزیۆنەكان نمایش دەكران، سەبارەت بە هونەری كاریتاتێریش كە بەشێكە لە هونەری شێوەكاری ،كاتی خۆی باوكم (محەمەد عەلی) سندوقی ڕەنگاو ڕەنگی  بۆماڵان دروست دەكرد كە بەكاردەهات بۆ یاتاخ و دۆشەگیان لەسەر دادەنا باوكم ئەم سندوقەی بەچەندین وێنەی  رەنگاو ڕەنگی سەرنج راكێش وەكو تاوس ، كۆتر ..دەڕازاندەوە،لە هەمان كاتدا باوكم دارتاشێكی دەست رەنگین و ناسراو بوو بۆیە دەتواتنم بڵێم كاریگەری باوكم  وای لێكردم دەست بۆ هونەری شێوەكاری ببم بە تایبەت لە هونەری كاریكاتێر و هونەری منداڵان  نابێ ئەوەش لەبیر بكەم كە لە قوتابخانە بەشداری چالاكییەكانی ناوپۆل و گۆڕەپانی قوتابخانە دەكرد ئەم حەزوو ئارەزووە بەردەوام بوو.
* بەڵام هەگبەی ئەرشیفی شانۆ و دراماتان دەوڵەمەندە ئەگەر بكرێت ئاماژە یان پێ بدەیت؟
-وایە  راست دەكەی یەكەمین شانۆگەری بەشدابووم  لەساڵی (1971) بەناوی (داسەكەی شاسوار)  لە نووسینی (ئەمین میرزاكەریم) و دەرهێنانی هونەرمەند (فەتاح خەتاب) ئەم شانۆگەرییە لە شاری هەولێر و بەغدا نمایش كرا.دوای ئەوە بەشداری چەندین شانۆگەریم كردن لەوانە : شانۆگەری (زەنگی تەلەفۆن) ساڵی 1972 لە نووسینس (رسمی جەلال) و دەرهێنانی هونەرمەند (فەتاح خەتاب) لەهەولێر و كەركووك نمایش كرا، شانۆگەری (ئەو دەمەی ئەڤین مەزن تردەبێت) لە نووسینی مامۆستا (ئەحەمەد سالار) دەرهێنانی هونەرمەند (فەرهاد شەریف) لە ساڵی 1992 لە هەولێر نمایش كرا،شانۆگەری (مەملەكەتی ئەفیون) نووسینی ودەرهێنانی هونەرمەند (تەحسین فائق) لە رۆژی جیهانی شانۆ لە ساڵی 1994 لە هۆڵی گەل نمایش كرا، شانۆگەری (كەچەڵ قاقا) نووسینی شێرزاد پۆلیس دەرهێنانی هونەرمەند(ژیلوان تاهیر) ساڵی 200 لە هۆڵی گەل نمایش كرا،شانۆگەری(پەپوكێ بردی)  لەنووسین (ئورگەن) دەرهێنانی هونەرمەند(سەباح عەبدولڕەحمان) ساڵی 2008 لە هەولێر نمایش كرا ،درامای (نامە) لە نووسینی هونەرمەند (چەتۆ حەسن) دەرهێنانی  هونەرمەند (وەلید نانەكەلی)،درامای (هەڵگەڕانەوە) نووسینی كەریم بایز دەرهێنانی  هونەرمەند (تەڵعەت سامان) ،درامای (ترس و ئەڤین) نووسینی(عەبدولڕەحمان پاشا) دەرهێنانی هونەرمەند (رەفیق نووری حەنا) ،فلیمی(گەرەكی داهۆڵەكان)  نووسینی (شێرزاد عەبدولڕەحمان) دەرهێنانی هونەرمەند (حەسن عەلی) ساڵی 2009، درامای (خەونە ئازادەكان)  نووسینی و دەرهێنان (سەباح عەبدولڕەحمان) 2003،درامای (چارەنووس) نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند (حەسن عەلی) ساڵی 2000 ،درامای (كێ بەرپرسیارە) نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند ( ئەحمەد سابیر باڵا بەرز) بۆ تەلەفزیۆنی هەرێم، درامای (مەمی ئالان) لە نووسینی (ئەحمەد خانی) دەرهێنانی هونەرمەند (ناسر حەسن)  لەگەڵ چەندین كاری تر..
* ئەی چالاكییەكانت لە بواری هونەری كاریكاتێری؟
- سەبارەت بە هونەری كاریكاتێریش سەرەتای دەست پێكردنم بە ساڵی  1984 دەستم پێكردووە لەو ساتەوە تائێستا (10) پیشانگای تایبەتیم كردوە لە شارەكانی هەولێر و كۆیە و پیرمام و دیانا و شەقڵاوە  كردۆتەوە.. لە زۆربەی رۆژنامەو گۆڤارەكان  كاریكاتێرەكانم بڵاوكردۆتەوە ..
*  لە هونەری گۆرانی چرینیش خاوەنی چەند گۆرانییەكن دەتوانیت ئاماژەیان پێبدەیت؟ 
-لەبارەی هونەری گۆرانی ووتندا خاوەنی چەندین گۆرانیم وەكو ( لەرێگەی كانی ئاو دێنێ بۆمان)، (ئەی كچی كوردەواری )،(بای شەماڵ) كە لەساڵی 1984 لە تەلەفزیۆنی كەركووك تۆماركرابوون ، بەڵام بەردەوام نەبووم تەینا لە بەرنامەو دراماكان جار جار گۆرانی دەڵێم.
* لە بواری هونەری كاریكاتێری و نواندن شوێن پەنجەتان دیارە،لە كامەیان زیاتر خۆت دەبینیتەوە؟
- ئەوەی راستی بێت زیاتر حەز لە هونەری (نواندن) دەكەم ،چونكە زیاتر لە بینەرانیش نزیكە بەتایبەتی كاتێ لەگەڵ هونەرمەندان (سەلام كۆیی  و ئیبراهیم حەكیم )، وەك ئەكتەر بەشدار بووم لە بەرنامەی (ئاوێنە) ،كە لە كوردستان تیڤی پێشكەش دەكرا ،هەروەها لە بەرنامەی (هەگبەی كوردەواری) لە گەڵ هونەرمەندان (ئەنوەر شێخانی و چەتۆ حەسن) هەستم كرد جەماوەر منیان زیاتر ناسی بۆمنیش زیاترحەزو ئارەزوم بۆ هونەری نواندن بوو.
*لەگەڵ هونەرمەندی كۆچكردوو (ئەنوەر شێخانی )،بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی لە تیڤی كوردستان هەبوو بیرۆكەو ناوەڕۆكی بەرنامەكە چی بوو؟
- بەرنامەكە ناوی (ئاوێنە) بوو،گوزراشتی لە داب و نەریتی كوردەواری دەكرد ،لە هەمان كات دا خەندە ئامێز بوو بینەر چێژی لێوەر دەگرد،سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەست هێنا ،بەجۆرێك جگە لە هاوڵاتی ئاسایی زۆرێك لە بەرپرسان چاوەڕوانی كاتی پەخشكردنی بەرنامەكەیان دەكرد ،بەرنامەكە بە شێوەیەكی رەخنەی بونیادنەر رەخنەی لە دامودەزگاكانی حكومەت دەكرد بەگرە زۆر جاریش لەرێگەی بەرنامەكە كێش و گرفتەكانی هاوڵاتیانی لە نێو داموودەزگاكانی حكومەتی چارەسەر دەكرد.
* بۆچی لە ئێستادا بەرهەمی هونەریت كەمە؟
- ئەوەی راستی بێت  بەهۆی نەخۆشی بەتایبەتی نەخۆشی شەكرە و چەوەری و فشاری خوێن و چاوەكانم ..باری تەندروستیم  رێگام پێ نادات كارەی هونەری بكەم  ،ئەگەرنا زۆرێك لە دەرهێنەران  داویان لێكردوم بەشداریان لەگەڵ دا بكەم هەر بۆنموونە لەم ماوەی دواییەدا مامۆستا "كارۆخ ئیبراهیم حەكیم " داوای لێكردم بەشداری لە درمای "8 دیوار" بكەم بە ڵام بەداخەوە بەهۆی نەخۆشی نەم توانی .
*وەكو شانۆكارێك بینەری شانۆی لە ئێستاداحەز بەچ جۆرە نمایشێك دەكات؟
- بینەری شانۆ لە ئێستادا حەز بەجۆرەنمایشێك دەكات كە ناسۆرییەكانی خۆی تیادا ببینێتەوە یاخود حەزدەكات كەنمایشەكان بۆن و بەرامی كەلتووری كوردەواری لێبێت بەداخەوە لە ئێستا ئەو جۆرە نمایشانە زۆر كەمن ،كاتێ خۆی ئێمەمان كە شانۆگەریمان نمایش دەكرد هۆڵەكان جمەیان دەهات ،بگرە زۆر جار دەرگاو پەنجەری هۆڵەكان دەشكا بۆ ئەوەی نمایشەكە ببنین ،نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت پەیدابوونی ئەو تەكنەلۆژیاییەی ئێستا وسۆسیال میدیا تارادەیەك هۆكار بووە بۆ ئەوەی بینەر كەم رووبكاتە هۆڵەكانی شانۆ.
*پێتان وایە هونەری كاریكاتێری دەتوانێت رەخنە لە داب و نەریتە سلبییەكان نێو كۆمەڵگا بگریت؟
- زۆر جار ئێمەی هونەرمەندانی كاریكارتێر لە رێگەی هونەری كاریكاتێر، چەندین رەخنەی جۆراجۆری نمایش كردووە بەڵام بە داخەوە وەك پێوست بەهەند وەرنەگیراوە ،بۆیە دەتوانم بڵێم نەك هونەری كاریكارتێر بەڵكو هونەركانی تریش وەكو شانۆ و سینەمایش نەیتوانیوە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر وەرگر كردبێت.

هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

کولتوور و هونه‌ر شێوه‌کاری شانۆ هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.