بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش هاتنی نەوتی سپی لە بەغدا، لە دوو هەفتەی ڕابردوو نەوتی سپی بەسەر 94 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکان دابەش کراوە.
ڕێبین زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند: شاندێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق گفتگۆیان کردووە و بەغدا بەڵێنی داوە بەم نزیكانە بڕە نەوتی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان بنێریت.
ڕاشیگەیاند: لە ماوەكانی ڕابردوودا بە نووسراوی فەرمی و لە چەندین کۆبوونەوەدا داوای بەشە نەوتی ماڵانی هەرێمی كوردستانمان کردووە، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا، بەغدا بەڵێنەكەی جێبەجێ بكات و بە چەند وەجبەیەک و هەرجارێ 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.
ڕێبین زەنگەنە جەختی کردووەتەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاستەوخۆ نەوتەکە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستان دابەش دەكات.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوەش داوە کە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێش هاتنی نەوتی سپی لە بەغدا، لە دوو هەفتەی رابردوودا بڕی زیاتر لە 19 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر 94 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکان دابەشکراوە و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.