Erbil 21°C ھەینی 01 تشرینی دووەم 11:20

سەرۆكی حكومەت بەشداری لە ئاهەنگی خولی دەرچووانی پۆلیسی هەولێر دەكات

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/19 ، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی ،سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاهەنگی خولی دەرچووانی پۆلیسی هەولێر بەڕێوەچوو.
مەسرور بارزانی ،سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی مەراسیمەكەدا پیرۆزبایی لە دەرچووانی خوولەكە كردوو رایگەیاند:  كارمەندانی پۆلیس دەبێ دەبێت نموویەكی گەشی دەسەڵات بن لای هاووڵاتیان.
هەروەها سەرۆكی حكومەت گوتی: نابێت پۆلیس و ئاسایش بەرامبەر تاوانباران نەرمی بنوێنن.
دەقی گوتارەكەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان....
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا:
ئەم كاتەتان باش
پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی گشت دەرچووانی ئەم خولە دەكەم . هیوادارم ئەنجامدانی ئەم جۆرە خولانە ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدان و بەهێزكردن و پێشخستنی تواناكانی كارمەندانی پۆلیس.
ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هەیە و دەستخۆشیان لێ دەكەم بۆ ماندووبوون و شەونخوونی و دڵسۆزیی و كارامەییان لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان. من خۆم لە نزیكەوە شاهید و ئاگاداری هەوڵ و خزمەتی بەرچاوی پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆم كە زۆر خۆنەویستانە و لە بارودۆخی سەخت و دژواردا، ئەركەكانیان ڕادەپەڕێنن.
بەشێكی گرنگی ئەركی كارمەندانی پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی ئاسایش و تەناهی و دابینكردنی ئارامی و سەقامگیریی و نەهێشتنی تاوان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانە،لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە چۆن بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێزگرتن و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، مامەڵە و هەڵسوكەوت لەگەڵ هاووڵاتییان بە گشتی دەكەن و چۆن سەرپێچیكاران و تاوانبارانیش ملكەچی بەردەم دادگا دەكەن .

هەروەها كارمەندانی پۆلیس، كە نوێنەرایەتی دەسەڵات و باڵادەستبوون و سەروەری یاسا دەكەن، دەبێ نموونەیەكی جوان و گەشی دەسەڵات بن لای هاووڵاتییان، بەتایبەتی كە ئێوە ڕۆژانە لە نزیكەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆتان لەگەڵ خەڵكدا هەیە، پێویستە لە ڕەفتاركردن لەگەڵ خەڵك، خۆتان لە توندوتیژی و ئەزیەتدان و زوڵم و ستەم كردن و هەموو كارێكی نایاسایی بەدوور بگرن ، هاونیشتمانیان دەبێ ئێوە بە بەشێك لە خۆیان بزانن و هەردوولا تەواوكەری یەكتر بن لە پێناو ئامانجێكی هاوبەش، كە ئەویش پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نیشتمان و سەروماڵی هاووڵاتییانە.
خۆشبەختانە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە كوردستان هەیە كە بووەتە دەسكەوت و سیمایەكی گەشی هەرێمی كوردستان ، بۆ ئەو هەماهەنگیی و هاوكاریی و پەیوەندییە بەهێز و توندو تۆڵەی نێوان خەڵكی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكان دەگەڕێتەوە.
پۆلیس و هێزەكانی تری ئاسایشی ناوخۆ ، نابێ بە هیچ شێوەیەك، هیچ كەمتەرخەمییەك و نەرمییەك بنوێنن لە بەرامبەر تاوانباران و هەموو ئەوانەی دەیانەوێ ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكەمان تێك بدەن و ژیانی هاووڵاتیان بخەنە مەترسییەوە .
ئەمڕۆ جیهان لە پێشكەوتنێكی خێرای تەكنەلۆجیادایە، پێویستە پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانمان، خۆیان لەگەڵ پێشكەوتنەكان ڕابهێنن و لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیاندا سوودی باش لە تەكنەلۆجیا وەربگرن كە بە دڵنیاییەوە، ئاسانكارییەكی زۆر بۆ دەزگا پەیوەندیدارەكانی ناوخۆ دەكات و یارمەتیدەرێكی باشە بۆ ئەوەی ئامانجەكانیان لە بەدواداچوونی تاوانباران و سەپاندنی یاسا و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیریدا بەدەست بهێنن.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجامدانی خولەكانی مەشقكردن و ڕاهێنان و بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاریی و پیشەیی پۆلیس و سەرجەم هێزەكانی ناوخۆ، كارێكی پێویست و گرنگە و هیوادارم لە سەری بەردەوام بن ، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین و شایستەترین شێوە ، ئەركەكانتان بە جێ بگەیەنن و ئارامی و سەقامگیریی بپارێزن .
جارێكی دیكەش پیرۆزبایی دەرچوونتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتن و سەرفیرازیتان بۆ دەخوازم و دڵنیام بە پشتیوانی خوای گەورە و هیممەت و دڵسۆزی و كارامەیی ئێوە، كوردستانمان هەمیشە پارێزراو دەبێت.
شایانی باسە خولی دەرچووانی پۆلیسی هەولێر تایبەتە بە هەڵكوتانە سەر، گەمارۆدان و ئازادكردنی بارمتە. خوولەكە لە بەرواری 9-7-2023  بە ناوی خولی شەهید سەركەوت ئازاد بۆ مەشقی هەڵكوتانە سەر، گەمارۆدان و ئازادكردنی بارمتە بۆ 80 بەشداربوو كرایەوە، بەمەبەستی رێكخستن و مەشقی لقی ئەركە تایبەتییەكانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر كە پێك دێت لەبارەگای لق و سێ پەل،ماوەی خوولەكەش 14 هەفتەی خایاند بە تێكڕای 9 كاتژمێر مەشقی رۆژانە.
هەر لە خوولەكەدا راهێنان بەبەشداربووان لەسەر چەندین جۆرە چەكی سووك و مامناوەند كراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.