سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی دووبارە بەکارهێنانەوەی تێکەڵەی قیڕی کۆن لە هەولێر کردەوە و ڕایگەیاند، بەرنامەیان هەیە لە هەموو ڕوویهکەوە پەرە بە کولتووری ژینگەپارێزی بدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 10ـی 2023 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارگەیەکی دووبارە بەکارهێنانەوەی تێکەڵەی قیڕی کۆنى لە هەولێر کردەوە. کە بەپێی پێوهر و ستانداردە پێشکەوتوو و سەردەمییەکان و ژینگەپارێزی دروستکراوە و یەکەم پڕۆژەی لەم جۆرەیە لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لەو پڕۆژانەی لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکوومەت لەپێناو ژینگەپارێزی و چاکسازی ئابووری ئەنجام دەدرێت.
ڕاشیگەیاند: ئەمە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە ژینگەپارێزی، چونکە تاوەکو ئێستا قیڕی کۆنی هەڵکەنراو، تێکەڵ بە ژینگە دەکرا، بەڵام لە ئهمڕۆ بەدواوە پێویستە قیڕی هەڵکەنراو کۆبکرێتەوە و تێکەڵ بە ژینگە نەکرێت، بەڵکوو لەڕێگەی پڕۆژەی لەم جۆرەوه، قیڕی هەڵکەنراو لەسەرجەم کارگەکانی قیڕی حکوومی و تایبەت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە و ڕیسایکل بکرێ و تێکەڵی ژینگە نەکرێتەوە و سەرئەنجام ژینگە پیس نەکات، ئەمەش بێگومان لەڕووی ئابووریشەوە سوودی دەبێت.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها ڕوونی کردەوە "ئەمە دەستپێکە بۆ ئەوەی بتوانین کارگەی هاوشێوە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دروست بکەین. داوا لە کەرتی تایبەت دەکەین ئەوانیش پڕۆژەی هاوشێوە دروست بکەن، تاوەکو زیاتر بتوانین سوود لەو کەرهستانەی پێشتر فڕێدەدران وەربگرین. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرنامەی هەیە کە لە هەموو ڕوویهکەوە پەرە بە کولتووری ژینگەپارێزی بدات."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.