Erbil 10°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 14:00

پووتین هۆشداری ده‌دات: ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئیسڕائیل و فه‌ڵه‌ستین جه‌نگێكی هه‌رێمی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی ڕووسیا هۆشداری دا له‌ ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی شه‌ڕ و پێكدادان و ململانێكانی نێوان گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ڵه‌ستین و سوپای ئیسڕائیل، ئه‌وا جه‌نگێكی هه‌رێمی له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕوو ده‌دات.

یووری ئوشاكۆف گوته‌بێژی كرملین بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ ڕایگه‌یاند: ڤلادیمێر پووتین سه‌رۆكی ڕووسیا هه‌وڵه‌كانی بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ ده‌ست پێ كردووه‌ و ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سووریا و ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆكی ئێران كردووه‌.

ڕاشیگه‌یاند: هه‌ر ئه‌مڕۆ پووتین له‌گه‌ڵ بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل و مه‌حموود عه‌باس سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌ڵه‌ستین و عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسڕیش له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت قسه‌ ده‌كات.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: سه‌رۆكی ڕووسیا له‌ سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌كانیدا هۆشداری داوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئیسڕائیل و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ڵه‌ستین به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا دوور نییه‌ جه‌نگێكی هه‌رێمی له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست ببێت.

رۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌ كه‌تائیبی عیزه‌دین قه‌سام باڵی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس به‌ هێرشكردن بۆ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازی و شاره‌كانی ئیسڕائیل، ئۆپه‌ڕاسیۆنی تۆفانی ئه‌قسای دژی ئه‌و وڵاته‌ ڕاگه‌یاند و له‌ ئه‌نجامیشدا سه‌دان هاووڵاتی و سه‌رباز كوژران و بریندار بوون.

وه‌ك وه‌ڵامێكیش بۆ هێرشه‌كه‌، سوپای ئیسڕائیل ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنی شمشێری ئاسنینی دژی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ڵه‌ستین ڕاگه‌یاندووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ به‌ چڕی و به‌ به‌رده‌وامی كه‌رتی غه‌ززه‌ و ناوچه‌كانی تر بۆردومان ده‌كات.

جگه‌ له‌ كوژران سه‌دان كه‌س و برینداربوونی هه‌زارانی تر له‌ هه‌ردوولا، ئاژانسێكی ئاواره‌كان سه‌ر به‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی یه‌كه‌می شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كان له‌نێوان هێزه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ڵه‌ستین و سوپای ئیسڕائیل، نزیكه‌ی ملیۆنێك هاووڵاتی فه‌ڵه‌ستینی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ ئاواره‌ بوون و ژماره‌كه‌ش رۆژانه‌ و به‌رده‌وام ڕوو له‌ هه‌ڵكشانه‌.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.