Erbil 15°C دووشەممە 06 ئایار 07:27

ژیار ئیسماعیل: ناتوانم بیربكەمەوە ئەگەر شانۆكار نەبم 

کوردستان TV
100%

خاتوونی هونەرمەند "ژیار ئیسماعیل" یەكێكە لەو ئەكتەرانەی كەشوێن پەنجەی لە نێو شانۆی كوردی دیارە، بەشداری چەندین شانۆگەری كردووە، خاوەنی خەڵاتی باشترین ئەكتەری فیستیڤاڵی شانۆی منداڵان بووە لە هەولێر،كارەكانی لە (كوردستان ،ئێران ،سوێد، ئەڵمانیا) نمایش كراوە،لەم ماوەی دوایی توانی بڕوانامەی ماستەرلەژێر ناونیشانی (ئەركی پێداگۆجی نوێ لە نمایشی شانۆیی منداڵان) بەدەست بهێنێت. ئێمە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە كارو چالاكییەكانی ئەم هەڤپەیڤینەمان وەكو ماڵپەڕی كوردستان تیڤی لەگەڵ سازدا. 
*سەرەتا پێمان باشە باس لە چۆنییەتی ئاشنا بوونت بە هونەری شانۆ  بكەیت .
- من ژیار ئیسماعیل حەوێز لە 1989 لە شارە جوانەكەی هەولێر لەدایك بووم ، دەرچووی پەیمانگا و كۆلیژی هونەرە جوانەكانی هەولێرم لە  بەشی شانۆ/ نواندن ، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر زانكۆیی سەلاحەددین –هەولێر2022 بە ناونیشانی( ئەركی پێداگۆجی نوێ  لە نمایشی شانۆی منداڵان) ،  نزیكەی لە  25-30 نمایشی شانۆ وەك ئەكتەر بەشداریم كردووە ،خەڵاتی باشترین ئەكتەری شانۆی منداڵان پێدراوە لە فیسڤاڵی شانۆی منداڵان لە هەولێر لە ساڵی2010، بەشداری چەندین نمایشی شانۆیم كردوە لە (توركیا،ئێران،سوێد ، ئەلمَانیا) لە ئێستادا مامۆستام لە بەرێوەبەرایەتی چالاكی قوتابخانەكان خزمەت بە جیهانی منداڵان و شانۆی قوتابخانەكان دەكەم ، وەك دۆبلێر كاری دۆبلاژ بۆ دراما و فیلمە بیبانییەكان دەكەم ، سەبارەت بە ئاشنا بوونم بە هونەری شانۆ دەگرێتەوە بۆ بنەماڵە و خێزانەكەم كە چەندین هونەرمەندی تێدا پەروەردە بووە ، باوكم لەساڵی 1952 لە شاری ڕانیە وەك ئەكتەر ڕۆڵی گێراوە ، دوو خوشكی گەورەتر لە خۆم دەرچووی شانۆن و ئەكتەری دیارن ، جگە لە كەسە نزیكەكانی ناو بنەماڵەكەم كە ئەكتەر و شێوەكار و میوزیك ژەنی بە توانان بۆیە ئەو جیهان و ژینگەیی من تێیدا گەورە بووم زۆربەیان هونەرمەند بوون ،كە  بۆ من بوونەتە رێنیشاندەر و  شانازی .   
*ئێوە لە خێزانێكی هونەرین تاچەند ماڵەوە هۆكار بوون بۆ ئەوەی هونەری شانۆ هەڵبژێرت؟
- بێگومان ، كاریگەری زۆر ئەرێنییان لەسەرم هەبووە ، وە دایك و باوك و خوشك وبرا هەمیشە پاڵپشت و رێنماییكارم بوونە هەمیشە هۆكاری بڕوا بە خۆبوون و بەردەوامی منن ، ئەمەش وایكردووە بەردەوام بم و دانەبڕێم .هەمیشە كارەكەم ، پیشەكەم ، هونەرەكەم بە بەرزی سەیر بكەم و دڵسۆز بم بۆیان . 
*سەرەتا بە هونەری نواندن دەستت پێكرد بەڵام لەم دواییەدا كاری دەرهێنانیشت كردووە، زیاتر خۆت لە كامەیان دەبینتەوە؟ 
- ڕاستە چونكە من لە پەیمانگا و كۆلێژی هونەرە جوانەكان پسپۆری نواندنم تەواو كردوە، هەمیشە تواناكانی خۆمم لە ئەكتەر و بەرجەستە كردنی ڕۆڵ بینیوەتەوە، بەڵام هەر لەوە نەمامەوە دەستم بەكاری دەرهێنان كرد بۆ نمایشی شانۆی منداڵان كە لە فیستیڤاڵی چالاكی قوتابخانەكان نمایشكرا بە ناوی (سەمای كچە پەمەییەكان ) هەستم كرد دەتوانم لەدەرهێنانیش سەركەوتوو ببم تا بتوانم زیاترخزمەت بە هونەری شانۆ و نمایش و جیهانی منداڵان بكەم ، بەڕای من ئەكتەری سەركەوتوو دەتوانێت ببیـە دەرهێنەر و ڕاهێنەری باش . 
*هونەرمەندێكی دیار كراو هەیە كاریگەریان لەسەربەرێزتان هەبووبێت؟ 
- كە وتمان هونەر واتە بە هەموو بەشەكانییەوە بۆیە دەلێم، بەڵێ هەر هونەرمەندێك هونەرێكی ئاست بەرز پێشكەش بكات ، بێگومان كاریگەری دەبێت چێژی لێدەبینم و دڵخۆش  دەبم . 
*وەكو شانۆكارێكی ئەكادیمی لە ئێستادا شانۆی كوردی چۆن دەبینی؟
- بەداخەوە، شانۆی كوردی خەریكە بەرەو داڕمان و ڕووخان دەچێت ، بە تایبەت لە شاری هەولێر كە ئەوەش جێگای داخە.  
 *چۆن دەڕوانیتە رەخنەو رەخنەگری شانۆ لە كوردستان ؟
- یەكێك لەگرنگترین ئەو هۆكارانەی كە لە كۆمەڵگە دا لەپێشكەوتن و گۆرانكاری ڕیشەیی دەستی باڵای هەیە، ڕەخنەیە تا ڕەخنە نەبێت بونیاد نابێت ، چونكە ڕەخنە ئاراستە و رێرەوی ژیان بەرەوپێش دەبات و گۆرانكاری دروست دەكات ، چارەسەری ئەو كێشانە دەكات، كە بۆتە هۆی دەست نیشان كردنی ئەو كەم كوڕییەی لەو ناوەندە هەیە ، بەڵام ئایا ئێمە لە شانۆی كوردی ڕەخنەگرمان هەیە؟ ئایا شانۆكاران رۆحی ڕەخنە لێگرتنیان هەیە؟ ئایا تا ئێستا دەرهێنەرانی كورد و شانۆكار لە حەزوو ئارەزووەكانی بینەران شارەزان دەزانن ئەوان چیان دەوێت ؟  بێگومان تا ڕادەیەكی زۆر وەڵاەمەكان بە نەخێرە بۆیە ناتوانین نەڕەخنە گری ئەكادیمی و نە شانۆیەكی باشمان هەبێت، دەتوانم بڵێم ڕەخنەگری شانۆی كوردی بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن . 
*تاچەند شانۆ كاریگەری لەسەر كۆمەڵگا هەیە، راستە شانۆ قوتابخانەی گەلە ؟ 
- هونەر بە گشتی و هونەری شانۆ بەتایبەت كاریگەری بنچینەیی لەسەر كۆمەڵگە و ژینگە و شێوازی ژیانی تاك هەیە ،شانۆ دەتوانێت گۆرانكاری ڕیشەیی لە كۆمەڵگە بكات ، بەشداربێت لە بەرەو پێش چوونی كایەكانی ووڵات ، لە پاراستنی كلتور، لە بەها كۆمەڵایەتییەكان ، هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی ، هەستی نیشتمان پەروەری ،وە ئەوەی زۆر گرنگە زۆربەی دەرونناسان و پەروەردەناسانی  هاوچەرخ دركیان بە ڕۆڵی شانۆ كردوە لە پرۆسەی فێربوون و بە رێگایەكی كاریگەرو باش دادەنرێت بۆ پەروەردە كردنی تاكێكی تەندروست لە ناو كۆمەڵگە . بۆیە شانۆ هەم ئاوێنەی گەلە، هەم ئاوێتەی گەلە .    
*لەم دواییەدا ماستەر نامەت لەسەر شانۆی منداڵان بەدەست هێنا ئەگەر بكرێت باس لە ناوەڕۆكی ماستەرمانەكە بكەیت؟
- تێنزی ماستەر نامەكەم لەژێر ناونیشانی (ئەركی پێداگۆجی نوێ لە نمایشی شانۆیی منداڵان) وەك یەكەم نامەی ماستەر لەسەر ئاستی كوردستان لە بابەتی (پێداگۆجی) بە پلەی نایاب پەسەند كرا ، لەم تێنزە ئەكادیمییە دا شییكاری بۆ سێ نمایشی شانۆی مندڵان كراوە، كە تاچەند شانۆ كاریگەری لەسەر پەروەردە و فێركردنی فێرخوازان هەیە ، كە لە ئێستادا لە ووڵاتە پێشكەوتووخوازەكان ( شانۆ، دراما ،تەكنیك، سینەما) وەك گرنگترین هۆكاری فێربوون بەكاردێن ،دەتوانن زۆرترین ئەنجام بدەن بە دەستەوە . كارم لەسەر خودی مامۆستا كردووە كە وەك ئەكتەر ڕۆڵ دەبینێت بە مەبەستی فێركردن،  بۆیە پێویستی بە میتۆد و تەكنیك و لێهاتوویەكی زۆر دەبێت، گرنگی دان بە جەستە و دەنگی كە دوو بواری گرنگ لە شانۆدا، مامۆستاش لە پۆل بتوانێ سوود لە شانۆی پۆل ،رۆڵ بینینی فێرخوازان ببینێ بۆ پرۆسەی فێركردن وەك( كۆنفۆشیۆس) فەیلەسوفی یۆنانی دەڵێت " پێم بڵێ  بیرم دەچێتەوە، نیشانم بدە ڕەنگە بیرم بمێنێت ، بەشداریم پێبكە هەرگیز بیرم ناچێتەوە" ئەمەش گرنگی لایەنی كرداری و پراكتیكی وانە وتنەو پرۆسەی فێربوون دەردەخات ، كە چیتر فێركردن لە سیستمی بانكی پاولۆ فرێری نەهێلینەوە ،كە فێرخواز مێشكی وەك بانك تەنیا زانیارییەكان وەربگرێت.  دەبێت هەنگاوی نوێ بنێن بگەینە ئاستی ووڵاتانی پیشكەوتوو ،لە پرۆسەی پەروەردەو فێربوون  فێرخواز سەنتەر بێت ، ڕەخنەگر بێت ، داهێنەر بێت ،بۆئەمەش پێوستمان بە میتۆناسی ( پێداگۆجی)ە،  تا كارامەیی مامۆستا بگاتە ئەو ئاستەی لەرێگەی  شانۆ ، چیرۆك ، یاری ، ژینگەیی ئازاد و چێژ بەخش فێرخوازی داهێنەر دروست بكات. 
*چۆن دەڕوانیتە ئاستی شانۆی منداڵان  لەكوردستان؟
-بەداخەوە ئاستی شانۆ بەگشتی لاوازە، كە ئەم خاڵەش گرفتی سەرەكی تێنزی ماستەرەكەمە كە هۆكارەكانی خراونەتە ڕوو. 
گرنگترین ئاستەنگ لەبەردەم شانۆی منداڵان  و شانۆی قوتابخانە  ئاستەنگی كۆمەڵایەتییە كە تێڕوانینی بەشێك لە  خێزان وایە كە شانۆ رێگە خۆشكەرە تا فێرخواز لە وانەكان دور بكەوێتەوە ،ئەم ڕوانگە هەڵەیەش بە داخەوە  بە شكستی فێرخواز كۆتایی دێت، هەروەها مامۆستا و بەرێوەبەری قوتابخانەكان تەنانەت بەشێك لە پسپۆرانی پەروەردەش بەشدارن لەو ئاستەنگە ، چونكە شارەزایی چەمكی شانۆیی پەروەردەیی نین ، كە شانۆ هۆكار و گەیەنەرێكی گونجاو باشە بۆ سەركەوتنی پرۆسەی فێركردن.  خودی شانۆكاران و مامۆستایانی شانۆش لە وئاستەنگیە بەدەر نین ، زۆربەی دەرچووانی پەیمانگا و كۆلێژی هونەرە جوانەكان لە بوارەكانیان دوورن و تەنانەت وەك مامۆستاش ئامادە نین وانەی هونەر بە گرنگ سەیر بكەن لە قوتابخانەكان ، بە داخەوە بێئاگان لەوەی هەموو وانە زانستییەكان بۆ ئەوەی بە سەركەووتوانە بە ئامانج بگات دەبێت بە هونەری شانۆدا تێپەر ببیت ،چونكە پیشەی مامۆستا بەئاگا یا بێ ئاگایانە خۆی لە ئەكتەر و نواندن دەبینێتەوە .  
*ئایا هەموو حەزو ئارەزووەكانت لە شانۆدا بەدیهاتووە؟
- ناتوانم بیربكەمەوە ئەگەر شانۆكار نەبم ، دەبوایە چی بام؟ هونەر و شانۆ ئەو  رێگایەیە كە هەرگیز هەستم نەكردوە پەشیمان بم لە هەڵبژاردنیان . 
*ئێمە زۆر سوپاست دەكەین بۆ دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی هیوای سەركەوتنت بۆ دەخوازین. 
- منیش رێز و خۆشەویستیم هەیە بۆئەو بەسەر كردنەوەتان.
هەڤپەیڤین – كامەران حاجی ئەلیاس

کولتوور و هونه‌ر شانۆ هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.