Erbil 15°C دووشەممە 03 حوزەیران 17:13

بە تەواوبوونی 13 به‌نداوی دیكە 269 ملیۆن مه‌تر سێجا‌ ئاوی سه‌رزه‌وی له‌ هه‌رێم زیاد ده‌بێت

کوردستان TV
100%


كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی و تا ئێستاش، كاری وردی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێم كردووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بایه‌خێكی زۆری به‌ دروستكردنی به‌نداو و پۆند داوه و هەر لەم كابینەیەدا جگە لە تەواوكردنی 4 بەنداو، 13 به‌نداوی دیكە بە گوژمەی زیاتر لە 553 ملیار دینار كاركردن تیایاندا بەردەوامە.

عەبدولرەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو لە هەرێمی کوردستان، بە فەمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان ٢١ بەنداو هەن، هەریەک لە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێن"، بەرێوەبەری گشتیی بەنداوەکان ڕوونیشی كردەوە پلانیان داناوە بۆ ئەو بەنداوانەی ئێستە دروست دەکرێن بۆ ئەوەی وێستگەی کارۆئاوی تێدا دابنرێت، لەوانە بەنداوی باوەنوور و مەنداوە؛ هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "وێستگەی کارۆئاوی بۆ هەموو بەنداوە گەورەکان دادەنرێت".

به‌نداوە‌ ته‌واوبووەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
له‌ هه‌ر سێ پارێزگای هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان 18 به‌نداو ته‌واو كراون،‌ كه‌ توانای گلدانه‌وه‌ی 80.756 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاویان له‌خۆ گرتووه‌.‌ له‌و 18 به‌نداوەی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كراون، 5 به‌نداو له‌ پارێزگای هه‌ولێر بووە و ئەوانیش بەنداوەكانی (جەلی، دێگەڵە، حەمامۆك، كۆدەڵە و چەمرگە)، له‌ پارێزگای سلێمانی 4 به‌نداو (شێوەسوور، هەشەزین، چەمی سمۆر و دێوانە)، له‌ پارێزگای دهۆك 2 به‌نداو (بێدۆهی و خەنەس) و له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیانیش 7 به‌نداو (باوەشاسوار، حەسەن كەنووش، هەڕاوە، قادركەرەم، ئاوەسپی ، ویری قادركەرەم و توورەجار) ته‌واو كراون‌ و ده‌ستیان به‌ گلدانه‌وه‌ی ئاو كردووه‌. لە كۆی ئەو 18 بەنداوە، 14 بەنداویان بە گوژمه‌ی 108 ملیار و 68 ملیۆن و 286 هەزار و 798 دینار بووە و 4 بەنداویش گوژمەكەی بە دۆلار دیاری كراوە و بە بڕی 21 ملیۆن و 134 هەزار و 694 دۆلار تەواوكراون.

بەنداوە تەواوبووەكانی كابینەی نۆیەم
لەو 18 بەنداوەی حكومەتی هەرێم تەواوی كردوون، 4 بەنداویان لە كابینەی نۆیەم بووە، ئەوانیش بەنداوی چەمرگە لە هەولێر، دێوانە لە سلێمانی، خەنەس لە دهۆك و توورەجار لە سنووری گەرمیان بووە، كە گوژمەكەیان، 45 ملیار و 55 ملیۆن و 779 هەزار و 650 دینار بووە و توانای گلدانەوەی 29.1 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە.

ئه‌و به‌نداوانه‌ی كاركردن تیایاندا به‌رده‌وامه‌
كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جگه‌ له‌ ته‌رخانكردنی پاره‌ی پێویست بۆ ئه‌و به‌نداوانه‌ی كه‌ ته‌واو نه‌كرابوون، خۆیشی ده‌ستی داوه‌ته‌ دروستكردنی چه‌ند به‌نداوێكی دیكه‌ له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمدا، كه‌ ژمارەیان 13 بەنداوە و زۆربه‌یان له‌ دوایین قۆناغه‌كانی كاركردندان و به‌ كۆتاییهاتنیان،‌ 269 ملیۆن مه‌تر سێجا ‌ ئاوی سه‌رزه‌وی له‌ هه‌رێم زیاد ده‌بێت.
عەبدولرەحمان خانی، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "لە هەوڵی ئەوەداین بۆ ئەمساڵ چوار بەنداویان تەواو بێت و بتوانرێت ئاوی تێدا گل بدرێتەوە".
له‌ كۆی ئه‌و 13 به‌نداوه‌ كاركردن تیایاندا به‌رده‌وامه،‌ 4 به‌نداو له‌ پارێزگای هه‌ولێر و 3 دانەیان‌ له‌ سلێمانی و پشكی دهۆك 2 به‌نداو و به‌نداوێك له‌ سنووری گەرمیان و 3 بەنداویش لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، كە كۆی گوژمەكەیان 553 ملیار و 924 ملیۆن و 726 هەزار و 917 دینار بووە.

ئەو به‌نداوانەی ‌كاری دیزاینیان ته‌واو بووه‌
كابینه‌ی نۆیه‌م، بڕی 21 ملیار و 7٤٣ ملیۆن و 669 هەزار و 96 دیناری بۆ دیزاین و نه‌خشه‌سازیی 41 به‌نداو و 645 هەزار و 139 دۆلاریشی بۆ دیزاینی 6 بەنداو خه‌رج كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان سوود له‌ ئاوی سه‌رزه‌وی وه‌ربگرن و به‌كارهێنانی ئاوی ژێرزه‌وی، كه‌ سامانێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌، كه‌م بكرێته‌وه‌.

به‌نداو به‌ یه‌كێك له‌ دە‌ستكه‌وته‌ ئه‌ندازه‌ییه‌كانی مرۆڤایه‌تی دا‌ده‌نرێت، كه‌ له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ئاو یان به‌ مه‌به‌ستی پاراستن و گلدانه‌وه‌ی ئاو دروست ده‌كرێت. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌نداو و پۆند بۆ ئاودێریی به‌رهه‌می كشتوكاڵی و دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ به‌ كار ده‌هێنرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زێده‌بوونی پێویستیی مرۆڤ، بۆ چه‌ندین مه‌به‌ستی دیكه‌ سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با و پیشه‌سازی و گەشتیاری و هەروەك بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان ئاماژەی بۆ كرد "بەشێکی تر لە بەنداوە بچووکەکان بۆ ئاودێری، ئاوی شیرین و پاراستنی هەرێمی کوردستان لە وشکەساڵی بەکار دەهێنرێت".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.