Erbil 22°C شەممە 28 ئەیلوول 04:20

ئیسرائیل ئاگاداری هێرشەكەی چەكدارانی فەلەستینی بووە ؟!

کوردستان TV
100%

مایكل مەككۆل، سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا ڕایگەیاند: 3 ڕۆژ بەر لەئەنجامدانی هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، میسر هۆشداری بە ئیسرائیلییەكان دابوو .
ئەو ئەندامە دیارەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران، لە میانی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەكانی دوای كۆبوونەوەی لیژنەی هەواڵگری سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە، دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند: دەزانین كە میسر3 ڕۆژ بەر لە هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیلییەكانی ئاگادار كردۆتەوە كە شتێكی لەم شێوەیە ڕوودەدات .
لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: نامەوێت زۆر بچمە ناو وردەكارییە نهێنییەكانەوە، بەڵام هۆشدارییەك هەبووە و پرسیارەكە لێرەدا سەبارەت بە ئاستی هۆشدارییەكەیە.
هەروەها مەككۆل ڕوونیكردەوە كە هێرشەكە "ڕەنگە لە ماوەی ساڵێكدا پلانی بۆ دانرابێت" و لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: نازانین چۆن هەستمان پێنەكردووە، نازانین ئیسرائیل چۆن هەستی پێنەكردووە.
شایانی باسە هەر دوێنێ مستەفا بەكری، ئەندامی پەرلەمانی میسر ڕایگەیاند: گواستنەوەی كەشتییە فڕۆكە هەڵگرەكەی ئەمریكا بۆ ناوچەكە "ڕێكەوت نییە" و  ئەمە دەستیپێكردنی پلانی دروستكردنی دەوڵەتی گەورەی ئیسرائیلە . 
بەكری  لەپلاتفۆرمی ئێكس "تویتەر"ی پێشوو نووسیویەتی: سیناریۆی ڕۆژانی داهاتوو مەترسیدارە، بەو پێیەی پلانی دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی ئیسرائیل لە نیلەوە تا فورات دەستی پێكردووە ، چۆڵكردنی غەززە-ش لە دانیشتووانەكەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت لە سینا سەرەتایەكە، دواتر یارییەكە لە لوبنان و پاشان لەسوریا دەست پێدەكات، پاشان قەیران لەگەڵ میسر بە بیانووی هێرشكردنە سەر ئامانجەكانی ئیسرائیل، دروست دەكرێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: پلانەكە ئامادەیە، جوڵەی فڕۆكە هەڵگری ئەمریكییەكان بە ڕێكەوت نییە، ئەوەی دەگوزەرێت نابێت بە كەم سەیر بكرێت، سەرەتاكەی ئێستا لەبەردەم چاوی ئێمەدا ڕوودەدات.
بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممەی رابردوودا لە میانی وتارێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند : ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە وڵاتەكەی پێش هێرشی حەماس هۆشداری لە میسرەوە پێگەیشتووە و گوتی: ئەمە درۆیە.
هەروەها بەگوێرەی ماڵپەڕی تایمز ئۆف ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل دەڵێت:بەر لەهێرشەكەدا هیچ هۆشدارییەكی هەواڵگری گەورە نەبووە، بەڵام هەندێك ئاماژە هەبووە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.