Erbil 22°C شەممە 28 ئەیلوول 04:29

ئەنجوومەنی وەزیران: پێویستە بە یەکچاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بکرێت لە سەرتاسەری عێراقدا

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا چەند بابەتێکی گرنگ و هەنووکەیی تایبەت بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرد و جەخت کرایەوە کە  پێویستە بە یەکچاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بکرێت لە سەرتاسەری عێراقدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی 10ـی 2023 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان کرد بەبۆنەی گرێدانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، بە ئومێدی ئەوەی ئەم کۆنگرەیە، ببێتە مایەی برەودان بە دەرفەتی کاری هاوبەش و پێکەوەیی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسیيەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکهەڵوێستی لەپێناو دابینکردن و پاراستنی ماف و دەسەڵات و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەپێش هەمووشیانەوە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون، دواهەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی کاری وردبینکردنی خشتەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، کە ماوەی هەفتەیەکە دەستبەکاربوون. ئەم هەنگاوەش، دەستپێشخەری شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بە سەرۆکایەتيی سەرۆک وەزیران لەدوا سەردانی بۆ بەغدا.

لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە هەماهەنگی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا، کە سەرجەم زانیاریی پێویست خراوەتەبەردەست لیژنە هاوبەشەکە، بەم جۆرەش ئەوەی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێ کراوە و ئیتر ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابین بکات و وابەستە نەکرێت بە ناکۆکیی و کێشە سیاسیيەکان و پابەندییەکان و پێویستە بە یەکچاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بکرێت لە سەرتاسەری عێراقی فیدراڵ، بەو پێیەی هاووڵاتییانی عێراقی فیدراڵ بە هەرێمی کوردستانیشەوە، یەکسانن لەبەردەم یاساکان و نابێت جیاکاریی لە پێدانی شایستەی مووچەخۆران لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا بکرێت.

سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر هەموو داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و شەفاف و تۆمارکراو لە سیسته‌مێکی ئەليکترۆنیى پێشکەوتووی بایۆمەتریی، پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ کردووە و بەردەوامیشە لەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی سنوور و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە دەستووردا و بە گوێرەی پێداویستيیەکانی سیستەمی فیدراڵی لە بواری دارایی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێغی ناکات لە هەوڵەکانی لەمبارەیەوە و بە ئەرکی لەپێشینەی دەستووریی و قانونیی خۆی دەزانێت، لەبەرامبەردا ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە کە پابەندیی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات، بە تایبەتیش کە زانیاریی تەواو لەسەر ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان و ئەو یاسا و ڕێنماییانەی کە پەیوەندیدارن هەیە و لە هەمانکاتدا لەناو خشتەکانی بودجەی فیدراڵیشدا بڕەپارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخان کراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە تا شایستەکانی هەرێمی کوردستان ڕابگرن. بۆیە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەک هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاکانی عێراق، مانگانە بێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک، مووچەکانیان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرن.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بابەتی ڕێکار و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهان و دواپەرەسەندنەکانی ئەم بابەتە لە نێوان عێراق و تورکیا و ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان کە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا خرایەڕوو، کە تێیدا ئاماژە بەوە کرا هەرێمی کوردستان لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە 25ـی 06ـی ئەمساڵەوە، پابەندیی خۆی بە ڕادەستکردنی نەوتی ڕۆژانەی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کردووە بەو بڕە نەوتەی داوایان کردووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەبێ ئەوەی حکوومەتی فیدراڵ خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوە خەرج بکات. ئەمەش نیازپاکیی هەرێمی کوردستان پیشان دەدات.

لە هەمانکاتدا هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتیيەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی لەبارەی خەرجیيەکان بە گرنگزانی تاوەکوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهان سەرکەوتوو بێت. کە لە 25ـی 03ـی ئەمساڵەوە نەوت ڕاگیراوە و زیانی دارایی گەورەی بە داهاتی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.