ئەمڕۆ شەممە، نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی بەغدا و لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
لەگەڵ كردنەوەی بۆرسەكانی كیفاح و حورییە لەبەغدا نرخی دۆلار بەرزبووەتەوە و بە 157 هەزار و 500 دینار بەرامبەر بە 100 دۆلار تۆماركراوە، لەكاتێكدا رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو نرخی 100 دۆلار بە 156 هەزار و 600 دینار بووە.
هەروەها نرخی فرۆشتنی 100 دۆلار لە نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕە ناوخۆییەكانی بەغدا بەرزبووەتەوە، بەو پێیەی نرخی فرۆشتنی 100 دۆلار گەیشتووەتە 158 هەزار و 500 دیناری عێراقی، هاوكات نرخی كڕین بۆ هەر 100 دۆلارێك گەیشتووەتە 156 هەزار و 500 دینار.
سەبارەت بە هەولێریش، بازاڕی بۆرسە لە ڕۆژانی پشووی فەرمیدا مامەڵەی پێوە ناكرێت، بەڵام لە نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراودا نرخی فرۆشتنی 100 دۆلار گەیشتە 157 هەزار و 800 دینار.
شایانی باسە ئێوارەی دوێنێ هەینی نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە و 100 دۆلار بەرامبەر بە 161 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكرا.
دواتریش بانكی ناوەندیی عێراق ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لە ڕاگرتن و كەمكردنەوەی دۆلار دەكەن و ڕایگەیاند: ناردنی دۆلار لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە بەپێی كات و خشتەی دیاریكراوی خۆی لەسەر بنەمای ڕێككەوتن لەنێوان هەردوو دامەزراوەكە بەردەوامە، رۆژی پێنجشەممە-ش بڕێك دۆلار لە كاتی خۆیدا وەرگیراوە.
هاوكات بانكی ناوەندیی عێراق ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتە میدیاییانە ڕەتدەكاتەوە كە باس لە ڕاگرتن و كەمكردنەوەی ئەو بڕە دۆلارە دەكەن كە لەلایەن ئەمریكاوە بۆ بانكی ناوەندی دەنێردرێت.
بەهای 100 دۆلار لەبازاڕە ناوخۆییەكانی بەغدا گەیشتە 158 هەزار و 500 دینار
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.