Erbil 15°C چوارشەممە 01 ئایار 22:57

بۆ دۆزینەوەی بەختەوەری بڕیاریدا واز لە بەكارهێنانی پارە و تەكنەلۆژیا بهێنێت

کوردستان TV
100%

نزیكەی 15 ساڵ لەمەوبەر مارك بۆیلی بەریتانی بڕیاریدا واز لە بەكارهێنانی پارە بهێنێت، بۆ ئەوەی بەختەوەری خۆی لە ژیانێكی دوور لە پارە و تەكنەلۆژیادا بدۆزێتەوە.
بۆیل كە بە "پیاوی بێ پارە" ناسراوە، زانكۆی بە پسپۆڕی ئابووری و كارگێڕی بازرگانی تەواو كردووە، دوای تەواوكردنی خوێندنی لە كۆمپانیایەكی خۆراكی ئۆرگانیك لە شاری بریستۆڵ لە بەریتانیا كارێكی بە مووچەیەكی باش دۆزییەوە.
ئەو پیاوە ژیانێكی خۆش دەژیا،  بەڵام هەموو شتێك لە شەوێك لە ساڵی 2007دا گۆڕا، لە كاتی "دانیشتنێكی فەلسەفی" دۆستانەدا لەگەڵ هاوڕێیەكی، كە تێیدا باسیان لە كێشەكانی جیهان دەكرد و چۆن بە باشترین شێوە چارەسەریان بكەن بۆ ئەوەی جیاوازییەكی ڕاستەقینە دروست بكەن.
بۆیل دەڵێت :دوای ئەو باسە، بۆم دەركەوت كە پارە ڕەگی زۆربەی كێشەكانە، وتە بەناوبانگەكەشی گاندی بیری هاتەوە كە دەڵێت: ئەو گۆڕانكارییە بە كە دەتەوێت لە جیهاندا بیبینیت.
بۆیل لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریكی دەڵێت: تووشی شۆك بووم كاتێك هاوڕێكەم پێی وتم ڕەگی هەموو كێشەكانی جیهان پارەیە، ئەمەش جۆرێك لە پچڕان و دابڕان لە نێوان ئێمەدا دروست دەكات ، بۆیە بڕیارمدا هەوڵبدەم، ژیان بەبێ پارە بەسەر ببەم.
دوای ماوەیەكی كەم، بۆیل بەلەم و خانووە گرانبەهاكەی فرۆشت و ڕووی لە ماڵێكی كۆن كرد .مانگەكانی یەكەم بۆ بۆیل قورس بوو، چونكە پێویستی بە گۆڕینی ئەو ئاسوودەییانە بوو كە پێی ڕاهاتبوو، وەك قاوەی بەیانیان و زۆر شتی دیكە.
بۆیل دان بەوەدا دەنێت و دەڵێت: دوای چەند مانگێك زۆر ئاسان بوو، دواتر ڕزگارم بوو لەو ڕۆتینەی كە لە ڕابردوودا پێی ڕاهاتبووم.
دواتر بۆیل ناوبانگی دەركرد دوای ئەوەی كتێبەكەی “پیاوێكی بێ پارە”ی بڵاوكردەوە، كە تێیدا بە وردی ئەو تەحەددایانە ڕوون دەكاتەوە كە ڕووبەڕووی بووەتەوە دوای ئەو گۆڕانكارییە ڕیشەییانەی لە ژیانیدا ڕوویانداوە، هەروەها ئەو چارەسەرە پراكتیكیانەی كە بۆی هاتوونەتە پێشەوە بۆ ئەوەی خۆی لە هەموو ئاستەنگەكان بەدوور بگرێت كە دەتوانێت پێی بگات، كە ئامانجەكەی ژیانێكی ئاساییە بەبێ پارە.
بۆیل لە ساڵی 2010دا نووسیویەتی: بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر بۆم دەركەوتووە كە دوو ساڵی ڕابردووم دڵخۆشیترین ساڵەكانی ژیانم بووە.
هەروەها لە ساڵی 2017 بۆیل بڕیاریدا شێوازی ژیانی خۆی بەرەو ئاستێكی دیكە ببات، بەو پێیەی بڕیاریدا خۆی لە زۆربەی ئەو تەكنەلۆژیایە بەدوور بگرێت كە مرۆڤ ڕۆژانە چێژی لێ وەردەگرێت ، لە كارەبا و ئاوی موقتەرو  تا ڕادیۆ و ئینتەرنێت و گەڕایەوە بۆ شێوازێكی ژیانی سادەتر.
هەروەها بۆیل ڕوونی دەكاتەوە كە ژیان بەم شێوەیە ئاسان نییە و دەڵێت : هیوادارە ئەمە ئیلهامبەخش بێت بۆ خەڵك، بۆ ئەوەی كەمتر پشت بە پارە و تەكنەلۆژیا ببەستن و دەشڵێت: من بە تەكنەلۆژیا و بەبێ تەكنەلۆژیا ژیاوم، بۆیە دەزانم چ شتێك زیاتر ئارامی و ڕازیبوونم بۆ دەهێنێت.

شێوازی ژیان هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.