له‌یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه دێرینه‌كانی شاری كۆیه، مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ر و وێژه‌و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی، شاری شیعر و ئاواز و گۆرانی ڕه‌سه‌نی كوردی، گه‌ڕه‌كی (به‌فریقه‌ندی) ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی زێدی چه‌ندین شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده، ئه‌و گه‌ڕه‌كه مێژوویه‌كی پرشنگداری هه‌یه له شاره‌كه‌ی (حاجی قادر و ئه‌خته‌ر و دڵدار و مه‌لای گه‌وره و مه‌سعود محه‌مه‌د و مه‌لائه‌سعه‌د و سێوه و ئەحمەدى حەمە مەلا و تایه‌ر تۆفیق و دڵزار و عەونى و كه‌ریم شاره‌زا ....تاد ) .
(هه‌وای خۆشی به‌فریقه‌ندی هه‌ستی دڵان شانه ده‌كا
بۆنی گوڵان دێنێ و ده‌با بولبولان دێوانه ده‌كا
مه‌گه‌ر به‌هه‌شتی خوا وابێ له‌و نه‌سیمه سه‌حه‌رییه‌دا
ڕۆحی هه‌نار ئاماده بێ شه‌راب له‌په‌یمانه بكا .... تاد )(1) .
ده‌بێت ئه‌و گه‌ڕه‌كه به‌هه‌شتێكی خودا، جێ نزرگه‌و لانكه‌ی ئه‌و هه‌موو مرۆڤه هونه‌رمه‌نده پڕ به‌خششه بووه وه‌ك ( تایه‌ر تۆفیق ، سه‌ردار ئه‌حمه‌د و ئەنوەر تاهیر و زاهیر محه‌مه‌د و ...تاد). له‌و گه‌ڕه‌كه دێرینه چاویان به‌دنیا هه‌ڵهێنابێت، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ونووسه‌ر (وریا ئه‌حمه‌د) زاده‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كه شیرینه‌ی شاری كۆیه یه، بۆیه ئه‌وه‌نده هێمن و میهره‌بان و زمانشیرین و خۆنه‌ویست و دڵسۆزه بۆ نه‌ته‌وه و زمان و هونه‌ره‌كه‌ی، خه‌سڵه‌تی جوانی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌و شاره‌كه‌یی و گه‌ڕه‌كی به‌فریقه‌ندی یه، بۆته داینه‌مۆی به‌رده‌وامی له خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی كوردی و به‌دواداچوون و گه‌ڕانی مه‌یدانی بۆ دۆزینه‌وه‌ی گه‌نجینه به‌نرخه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان وه‌ك ( به‌یت بێژ و شایه‌ر و لاوك و حه‌یرانبێژ )، ماوه‌ی نیوسه‌ده‌یه له‌شار، له‌شاخ و له‌هه‌نده‌ران ڕێبوارێكی ماندووی ئه‌و ڕێگا پیرۆزه‌یه، ده‌ست و په‌نجه‌ی له‌سه‌ر ژێكانی هه‌ردوو ئامێره شیرینه‌كه‌ی ( عود و جومبوش) به‌ده‌یان ئاوازی ناسكی به‌باڵای هۆنراوه‌ی جوانی شاعیران‌دا بڕیوه و له‌نێو دنیای ئاوازی كوردیدا به‌رجه‌سته‌و دره‌وشاوه‌ن، هه‌روه‌ها له‌ڕێی خامه‌ی لێوان‌لێو له‌دڵسۆزی بۆ زمان و وشه‌ی شیرینی كوردی هەتا ئەمڕۆ (10) كتێبی به كتێبخانه‌ی كوردی به‌خشیوه، ده‌توانم بڵێم هه‌موویان ده‌كرێت وه‌ك سه‌رچاوه پشتیان پێ ببه‌سترێت، له‌هه‌موو بارودۆخه‌كاندا به‌هه‌سته جوانه‌كه‌ی پارێزگاری له‌ڕه‌سه‌نایه‌تی مۆسیقا و گۆرانی كوردی كردووه و به‌ئاشكرا هه‌ڵوێستی نواندووه.
هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ریی و نیشتمانپه‌روه‌ریی..!
ئه‌م مامۆستا و هونه‌رمه‌نده دیاره‌ی هونه‌ری كوردی ، ناوی ( وریا ئه‌حمه‌د كوڕی حه‌مه مه‌لا كوڕی مه‌لائه‌وڕه‌حمانی كوڕی مه‌لا عه‌وڵا) یه، ئه‌م بنه‌ماڵه ئاینییه له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی گوندی ( كانی وه‌تمان)ن، باوكی هونه‌رمه‌ند (ئه‌حمه‌دی حه‌مه مه‌لا) له‌ساڵی (1913) له‌گه‌ڕه‌كی ( هه‌واوان) له‌شاری كۆیه له‌دایكبووه،
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (وریا ئه‌حمه‌د) له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی و هونه‌ریی و نیشتمانپه‌روه‌ریی له ڕێكه‌وتی ( 19/4/1947) له باوكێكی كۆیی (ئه‌حمه‌دی حه‌مه مه‌لا،1913_1969) و دایكێكی هه‌ولێری (سه‌بیحه عه‌زیز ئه‌حمه‌د مه‌لابه‌كر، 1920_2009) له‌گه‌ڕه‌كی (به‌فریقه‌ندی) چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه.
باوكی یه‌كێك بووه له‌كه‌سایه‌تیه نیشتمانپه‌روه‌ر و ده‌نگخۆش و بازرگانه‌كانه‌كانی شاری كۆیه، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه فراوانه‌كانی و هه‌روه‌ها ئه‌هلی زه‌وق و سه‌فا و خۆشیی (ئه‌حمه‌دی حه‌مه مه‌لا) به‌رده‌وام سه‌رگه‌رمی كۆڕی باده‌نوشین و چڕینی مه‌قام و به‌سته تایبه‌ته‌كانی شاری كۆیه بووه له‌گه‌ڵ هاوڕێ و هاوده‌مه‌كانی كۆڕی دنیای مه‌قامات و ئاڵۆگۆڕی هه‌ستی كوردایه‌تی وه‌ك : (دڵدار ،1918_1948) و (عه‌ونی ،1914_20/7/1992 ) و (عومه‌ری مام عه‌وڵا) و (ساڵحی قه‌ساب) ئه‌ویش له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆیه‌و دوور له‌چاوی خه‌ڵك، چونكه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه كارێكی نابه‌جێ و نه‌شیاو بووه له‌نێو كۆمه‌ڵی كورده‌واری و ئه‌مانیش ڕێز‌و حورمه‌تیان بۆ خه‌ڵك و هاوشارییه‌كانیان داناوه، نووسه‌ر و شاعیر (كه‌ریم شاره‌زا ، 1928_ 23/5/2015) ده‌رباره‌ی باوكی هونه‌رمه‌ند نووسیویه‌تی : (ئه‌حمه‌دی حه‌مه مه‌لا ئوستادی مه‌قام و گۆرانی ڕه‌سه‌نی كوردی بووه له‌شار و ناوچه‌ی كۆیه له‌وشاره زیندووه ، شاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و خه‌باتی كوردایه‌تی سه‌ری هه‌ڵداوه و په‌ره‌ی به‌هونه‌ره ناسكه‌كه‌ی داوه، وه‌ك گۆرانیبێژێكی ڕه‌سه‌نی كوردستان هاتۆته مه‌یدانی هونه‌ری كوردی، به‌ڵام هونه‌ره‌كه‌ی هه‌ر له‌كۆڕو دانیشتنی تایبه‌تی خۆی و هاوه‌ڵانی پێشكه‌ش كردووه و گۆرانی نه‌كردووه به‌هۆیه‌كی ژیان و گوزه‌رانی چونكه پێویستی به‌وه نه‌بووه و دوكاندارو بازرگان بووه) (2).
په‌روه‌ردگاری میهره‌بان هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌دی دوای كوڕێکى دیكه بەناوى (خەسرەو) به‌و خانه‌واده هونه‌ریه به‌خشیوه، زووتر (خەسرەو) به‌ر له‌دایكبوونی مامۆستا وریا كۆچی دوایی كردووه، پاش لەدایکبوونیشى دووبراى بەناوەکانى (دڵدار) و (ئازا) هەردووکیان کۆچییان کردووە، واته وریا ئه‌حمه‌د تاقانه‌ی خانه‌واده‌كه‌یی و دوو خوشك بووه.
هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د له‌وشاره بچوكه به‌ڵام له‌ناوه‌رۆكدا گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌ند له‌هه‌موو كایه‌كانی ژیان، وه‌ك هه‌رمنداڵێكی ئاسایی له‌ته‌مه‌نی دیاریكراودا، كوڕه تاقانه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی (ئه‌حمه‌دی حه‌مه مه‌لا و سه‌بیحه‌خانی عه‌زیزه فه‌ندی هەولێرى) خراوه‌ته به‌رخوێندن و قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی ( زانست ) و ناوه‌ندی له (ناوه‌ندی كۆیه) ته‌واوكردووه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاقانه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی بووه زۆر گرنگییان پێداوه و باوكی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خۆیدا بردوویه‌تی بۆ كۆڕ‌و كۆبوونه‌كانی باده‌نۆشین و كه‌یف و سه‌فا له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی، (له‌به‌رئه‌وه‌ی تاقانه بووم، بابم له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبردمه كۆڕه‌كانیان، له‌گه‌ڵ براده‌ره‌كانی مه‌ی یان ده‌نۆشیی، هه‌موویان نیشتمانپه‌روه‌ر و كه‌سانی سیاسی بوون، دانیشتنه‌كانیان له ده‌ره‌وه‌ی كۆیه لەناوباخەکان بوو، ده‌چوونه ناو ڕه‌زه‌كان تاكه‌س نه‌یانبینێ چونكه بابم لەبنەماڵەیەکى مه‌لازاده بوو، ئاشکرایە چوارپشتمان مه‌لابوونه، باپیرم زۆری پێناخۆشبووه كه بابم مه‌ی خواردۆته‌وه، له‌به‌رئه‌وه بابم دایم خۆی له‌چاوی باپیرم شاردۆته‌وه، له‌بیرمه مامۆستا تایه‌ر تۆفیق یادی به‌خێر كه ده‌هاته‌وه كۆیه ئاماده‌ی دانیشتنه‌كانی بابم و هاوەڵانى ده‌بوو، ده‌یانخوارده‌وه بەهەموویان جۆش و خرۆشیان به‌ئێواره‌كانیان ده‌به‌خشی، زۆر له‌و گۆرانیانه‌ش کە تایه‌ر تۆفیقى نەمر گوتوویه‌تی له‌بابمه‌وه فیرییان بووه، له زۆربه‌ی دانیشتنه‌كانی ئێواران بابم له‌گه‌ڵ خۆی بردوومی، له‌ئه‌نجامی به‌دواداچوونێكی زۆر بۆم ساغ بۆته‌وه، گۆرانی شیرین به‌هاره :
( شیرین به‌هاره، به‌هاری شادان
بێ به‌هره‌ن له‌ژین، گه‌ل ناموردان
جه‌ژن و به‌هار و سه‌یران و خۆشیی
گشتی پیرۆزی گه‌ردن ئازادان)(3).
هی باوكمه و پاشان له‌لایه‌ن هونەرمەند تایه‌ر تۆفیق گوتراوه‌ته‌وه ) (4) .
ئه‌و تێكه‌ڵاوبوونه‌ی هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی به‌زم و سه‌رگه‌رمی باوكی و براده‌ره‌كانی و هه‌روه‌ها ئه‌و ژینگه پاك و بێگه‌رد و لێوان لێو له هونه‌ر و ئاوازی ڕه‌سه‌نی شاری كۆیه، ئه‌مانه كاریگه‌ری بێ ئه‌ندازەى له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د داناوە و حه‌زی بۆ دنیای ئاواز و گۆرانی له‌ناخیداچرۆى کردووە، كاتێك قۆناغی ناوه‌ندی ته‌واو کردووە، ئه‌ویش دوای یه‌ك دووساڵ دواكه‌وتن له‌خوێندن به‌هۆی بارودۆخی تەندروستى و هەم زیندانیكردنی باوكی، له‌به‌رئه‌وه‌ی باوكی كه‌سێكی نیشتمان په‌روه‌ربووه له‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی (7) جار خراوه‌ته زیندانه‌وه، دواین جاری زیندانی كردنی له‌كوده‌تای شوومی ڕۆژی (8/2/1963) به‌عسیه‌كاندا بووه، هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د زۆر ئاره‌زووی بووه درێژه به‌خوێندن بدات و بچێته په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی شاری به‌غدا بخوێنێ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاقانه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی بووه، باوكی حه‌زی نه‌كردووه له‌به‌رچاوی دوور بكه‌وێته‌وه، ئه‌ویش ڕێزى له‌بڕیاره‌كه‌ی باوكی گرتووە و چونکە نەخۆشیش بووە بۆیە ده‌ست به‌رداری حه‌زو خولیاكه‌ی خۆى بووە، (دوای ئه‌وه‌ی بابم له‌ساڵی (1963) ساڵێک زیاتر لە (کەرکوک) سجن بوو دوای ئازادبوونیشی چونکە زۆر ئه‌شكه‌نجه‌یان دابوو، ده‌توانم بڵێم: بابم نیمچه ئیفلیج ببوو، هه‌ربەو هۆیەوەو له‌به‌رئه‌و نه‌خۆشیانه بوو كه له‌زیندانى ئەوساڵى بەبەفرو باران و سەرماوە تووشی ببوو، بۆیە پێی گوتم: كوڕی خۆم ئه‌من ده‌زانم ده‌مرم تۆ دایك و دوو خوشكت هه‌یه، تکات لێدەکەم مه‌ڕۆ ئاماده‌یی و مه‌ڕۆ كۆلیج؟! گوتم ئه‌دی؟! گوتی بڕۆ دارالمعلمین، ماوه‌ی (3) ساڵ بخوێنه و ده‌بیته مامۆستا و ئاگات له‌دووخوشكەکەت و لەدایكت ده‌بێ، منیش دڵیم نەشکاند و به‌قسه‌ی بابم كرد و چوومه (خانه‌ی مامۆستایان_دار المعلمین) له‌شاری هه‌ولێر خوێندم، بەداخەوە بابم قسەکەى ڕاست بوو، چەن مانگێک دواى دامەزراندنم بەمامۆستا کۆچى دوایی كرد(5).
هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی فه‌رمایشته‌كه‌ی باوكی، ڕوویکردۆتە شاری هه‌ولێر و له‌ساڵی خوێندنی ( 1965 _1966) له‌په‌مانگای پێگه‌یاندنی مامۆستایان له‌شاری هه‌ولێر وه‌رگیراوە و دوای سێ ساڵ خوێندن، له‌ساڵی خوێندنی (1967_ 1968) په‌یمانگاى ته‌واوکردووە، دوای به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی په‌یمانگای پێگه‌یاندنی مامۆستایان، ئه‌و گه‌نجه خوێن شیرین و لاوه جوان و شیكپۆشه، ته‌مه‌نی هێشتا (20) به‌هاره‌و لێوان لێوه له‌ووزه و عه‌شق بۆ مۆسیقا، له‌ڕێكه‌وتی ( 31/3/1969) وه‌ك مامۆستا له گوندی (دێگه‌ڵه) دا‌مه‌زراوە و وانه‌ی به‌قوتابیه چاوگه‌شه‌كانی ئه‌و گونده گوتووته‌وه.
هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د و په‌یمانگا بچكۆلانه‌كه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی كۆیه ...؟!
شاری كۆیه به‌هۆی ئه‌و مێژووه پرشنگداره‌ی هه‌یه‌تی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه ناوچه‌ی گه‌شه‌كردن و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌ده‌ب وهونه‌ری ئاواز و گۆرانی كوردی بووه، له‌وپێگه جوگرافیا بچوكه‌دا، كۆیه خاوه‌نی (3) كه‌سایه‌تی، سێ هونه‌رمه‌ندی ده‌ست و په‌نجه ڕه‌نگین ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدابووه له (بواری مۆسیقا) دا، هونه‌رمه‌ندان : (ئه‌نوه‌ر تاهیر، ناسراو به‌مه‌لا ئه‌نوه‌ر (1941_ 14/1/1996) ژه‌نیاری ئامێری ( قانوون) ، (سه‌ردار ئه‌حمه‌د ، ناسراو به باب سه‌ردارـ1945_ 17/3/2019) ژه‌نیاری ( فلوت و شمشاڵ) یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ند به‌شێوه‌ی ئه‌كادیمیی ئامێری (فلوت)ی هێناوەتە كوردستان،(زاهیر محه‌مه‌د ، ناسراو به‌زاهیر مه‌دانه ،1939) ژه‌نیاری ئامێری (کەمان ـ Violin). به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ند (سه‌ردار ئه‌حمه‌د) بۆته مامۆستا‌و فێرگه‌یه‌كی به‌پیت و به‌نرخ و لێوان لێو له فێربوونی مۆسیقا ، هه‌روه‌ها ڕێنیشانده‌ریشی ده‌بێت هەتا ببێته یه‌كێك له‌دامه‌زرێنه‌رانی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه، مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ لاپه‌ڕه ڕۆشنه‌كانی دوێنێ سه‌باره‌ت به‌ناسینی هونه‌رمه‌ند سه‌ردار ئه‌حمه‌د (خولیای مۆسیقا له‌مێشكی دابووم ئاگام له‌خۆم نه‌مابوو، ڕۆژێكیان دیتم له‌سه‌ر كۆڵانه‌ی (ڕه‌زان) ده‌ڕۆم ده‌نگی شمشاڵێك دێ، ئه‌و ده‌نگه وه‌ك سیحر ڕایكێشام و به‌دوای ده‌نگه‌كه‌دا چووم به‌ناو ئه‌و دارانه و جریوه‌ی باڵنده‌كان، خوڕه خوڕی ئاوی ڕووباره‌كه دیتم كوڕێك دانیشتووه و ئه‌م شمشاڵه لێده‌دا، خۆشم نه‌مزانی چۆن به‌دوای ده‌نگه‌كه‌دا ڕۆیشتم و گه‌یشتمه لای ئه‌و لاوه، كه‌سه‌یرمکرد مامۆستا ( سه‌ردار ئه‌حمه‌د)ه نه‌مزانی له‌خۆشیا چیبكه‌م؟! گوتم: به‌ڕاستی شتی وا له‌شارى كۆیه هه‌یه؟ مۆسیقا و نه‌غمه‌ی ئاوا شیرین، ژەنینى ئه‌وجۆرە مۆسیقا خاوێنه له‌شاری خۆم هه‌یه و نازانم؟ زۆری پێخۆش بوو چونکە دراوسێش بووین وایلێهات بووینه براده‌ر و هاتوچۆی یه‌كترمان ده‌كرد، چایخانه‌یه‌ك هه‌بوو لەسەر ڕەزان ئیواران ده‌چووینه ئه‌وێ، من پرسیارم لێده‌كرد، كاك سه‌ردار ئه‌و نۆته كرۆشه چۆن دەژەنرێت؟ ئه‌و نوقته‌ی له‌پێشیه‌تی بۆ چییه؟ ئه‌و ده‌سرازه به‌سه‌ر نۆته‌كه‌دا کارى چییه؟ من ئه‌وها فێربوومه، سەردارى باب سەردار کاتێ دیتی به‌هره‌م هه‌یه، منی برده لاى هونەرمەندانى (تیپی مۆسیقاى باواجی)، كه‌واته ده‌سپێكم بۆ تیپی مۆسیقاى باواجی كۆیه له‌ساڵی (1965) بوو، دیارە له‌ڕێگای مامۆستا سه‌ردار ئه‌حمه‌دیشه‌وه بوو ) (6).
هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د نایشارێته‌وه و زۆر به‌ڕاشكاوانه ڕۆڵی مامۆستاكه‌ی به‌رز ده‌نرخێنێ و هه‌میشه به‌مامۆستای خۆی ده‌زانێ و ده‌ڵێت: (به‌ڕاستی من شانسم هه‌بوو له‌و شاره بچوكه سێ هونه‌رمه‌ند ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا هەبوون، بەتایبەتى مامۆستا سه‌ردار بۆ من (معهد فنون جه‌میله)ی كۆیه بوو، هه‌رله‌وڕوانگه‌یه‌وه ناوم ناوه په‌یمانگای بچكۆلانه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی كۆیه، چونكه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك سوودم لەمامۆستا سه‌ردار وه‌رگرت، هه‌موو مه‌قامه‌كانی فێركردم و پاشان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی نۆته‌ی فێركردم) (7).
ئه‌وه خوێندنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د بووه بۆ مامۆستاكه‌ی، ئایا ڕوانگه و خوێندنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند (سه‌ردار ئه‌حمه‌د) بۆ قوتابی و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی ده‌بێ چی بووبێت؟ (وریا ئه‌حمه‌د تازه پێگه‌یشتبوو، من گوتم: یارمه‌تیت ده‌ده‌م به‌ڵام به‌شه‌رتێك ئامۆژگارییه‌كانم وه‌رگریت و پرۆڤه بكه‌یت، ئه‌و ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی و منیش له‌گه‌ڵی به‌رده‌وام بووم، ماوه‌ی ساڵێكی نۆته‌شم له‌گه‌ڵ هه‌وڵ ده‌دا و پرۆڤه‌شم پێده‌كرد، ئه‌و مه‌قامانه‌ی خۆم ده‌مزانی و شاره‌زایم هه‌بوو له‌گه‌ڵ شێوه‌ی سۆڵۆ و چۆن سۆلۆ وه‌رده‌گرێ، یان له‌مه‌قامێكەوە چۆن دەچیت بۆ مه‌قام تر؟ ئینجا هه‌ندێك ڕیتم هه‌بوو هه‌وڵم له‌گه‌ڵ دا، دوو كتێبی مامۆستا (جه‌میل به‌شیر،1921 موصل _ 22/9/1977 له‌نده‌ن) م هه‌بوو تایبه‌ت به ئامێری (عود) بوو هه‌ردوكیانم دایه (له‌وانه‌یه كتێبی عود و ڕێگای فێربوونی بووبێت..!، ئه‌و كتێبه دووبه‌رگه ساڵی (1961) چاپكراوه ،، ج،د) له‌گه‌ڵ كتێبێكی تر له ( مصر)ه‌وه هاتبوو، ئه‌و زۆر ڕۆشنبیرتر بوو له‌من ..! به‌وه‌ی هه‌وڵێ زیاتری ده‌دا بۆ خوێندنه‌وه و نووسین، وریا ئه‌حمه‌د وای لێهاتبوو ده‌چووینه چایخانه‌ى ناو ڕه‌زه‌كانی كۆیه له‌وێش ده‌رسی تیۆریم پێده‌گوت، بۆڕۆژی داهاتوو زۆر به‌باشیی ده‌رسه‌كه‌ی ئاماده‌ده‌كرد، وایلێهات له‌ماڵه‌وه پێكه‌وه به‌ئامێره‌كانمان شتی فۆلكلۆریمان ده‌ژه‌نی ئه‌وه بۆ هه‌ردوو لامان زۆرباش بوو، دوای ساڵێك له‌هه‌وڵدان له‌گه‌ڵى توانایه‌كی زۆر باشی په‌یداكرد و ئه‌و مه‌به‌سته‌ی ئه‌من ده‌مویست ئه‌و زۆر به‌باشی جێبه‌جێی كرد، من شانازی پێوه ده‌كه‌م كه‌بووه هونه‌رمه‌ندێكی باش و سه‌ركه‌وتوو) (8).
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د دوای سوودوه‌رگرتن له زانیارییه‌كانی مامۆستا سه‌ردار ئه‌حمه‌د و زیاتر هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ بۆ ڕۆچوونه قوڵایی دنیای مۆسیقا و هه‌وڵی زیاتر ده‌دات كه‌پاشخانی هونه‌ریی خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات، له‌هه‌رشوێنێك تروسكایه‌كی به‌دی كردبێت هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵگرتووه، (هاوینى ساڵى (١٩٧٥) له‌شاری به‌غدا خولێكی مۆسیقا بۆماوه‌ی (2) مانگ هه‌بوو، منیش مه‌به‌ستم بوو به‌شداری بكه‌م، ئەوسا تازە بۆ (بەڕێوەبەرایەتى چالاکى قوتابخانەکانى هەولێر) گوێزرابوومەوە، ئەوان ناردمیانه به‌غدا و به‌شداری خولی مۆسیقاكه بووم، مامۆستا یه‌كمان هه‌بوو (جه‌میل سه‌لیم)ى ناوبوو یادى بەخێربێت، دواى تەواوبوونى خوولەکەى موزیک كردمه مامۆستای تایبەتى خۆم و دواتر له‌ڕووی كۆمه‌ڵایتیه‌وه تێكه‌ڵاوی خێزانیشمان پەیداکرد، چەندینجار بۆ شاری هه‌ولێر و كۆیه و شه‌قڵاوه میوانداریم كرد، ئه‌و مامۆستایه لەماوەى چەن ساڵێکدا زۆر خزمه‌تی كردم بەتایبەتى له‌فێربوونی نۆته به‌شێوه‌ی (نووسین و خوێندنه‌وه)، دوای دوو مانگ به‌شداریكردنم له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراق من به‌یه‌كه‌م واتە به‌پله‌ی (ئیمتیاز) ده‌رچووم (9).
له‌ده‌ستپێكی خوێندنی ساڵی (1970) ڕاژه‌كه‌ی مامۆستا وریا له‌گوندی ( دێگه‌ڵه) وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ ناو شاری كۆیه‌و له‌قوتابخانه‌ی (به‌یان) وه‌ك مامۆستایه‌كی چالاك و دڵسۆز ده‌ست به‌كارده‌بێت.
له‌ساڵی (1971) مامۆستا (سوڵتان عه‌بدوڵڵا) وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری هونه‌ری سه‌ردانی شاری كۆیه ده‌كات، دوای بینین و خوێندنه‌وه بۆ مامۆستا وریائه‌حمه‌د، بڕیارده‌دات وه‌ك مامۆستایانی هونه‌ر (ئه‌نوه‌ر تاهیر، سه‌ردار ئه‌حمه‌د و زاهیر محه‌مه‌د) ئه‌ویش بكرێت به مامۆستای چالاكی قوتابخانه‌كانی كۆیه‌و وانه‌ی ( سروود و مۆسیقا) بڵێته‌وه(10).
سه‌باره‌ت به نه‌رم و نیانی و دڵسۆزیی بۆ وانه‌كه‌یی و قوتابییه‌كانی، یه‌كێك له‌قوتابییه‌كانی ئێستا یه‌كێكه له هونه‌رمه‌نده دیاره‌كانی (تیپی مۆسیقاى باواجی كۆیه) هونه‌رمه‌ند (سه‌فین عه‌بدولڕه‌زاق) به‌یاده‌وه‌رییه شیرینه‌كانی ده‌مباته‌وه بۆناو پۆلی وانه گوتنه‌وه و پێمان ده‌ڵێت: مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د به‌وشێوه‌یه په‌روه‌رده‌ی كردین (سەیرە لەکۆیە هونەرمەندێکی خۆڕسک، هونەرمەند وپەروەردەکارو مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د لەناوەڕاستی حەفتاکان قوتابی بووم لە قوتابخانەی زانست لە کۆیە، مامۆستا وریا وانەی سروودی پێدەگوتین بە عودەکەیەوە ئەگەر دەهات جۆش و خرۆشێکی دەخستە دڵمان پێمانخۆش بوو وانەکەی تەواو نەبێت و سروودە ڕەسەنەکانی پێدەگوتین لەوانە (ئەی کوردینە..شاری کۆیە...خوایە وەتەن ئاواکەی..شاخی ڕەنگاو ڕەنگی گۆیژە.....زۆری تر) مامۆستا وریا کەسایەتیەکی زۆر ڕوح سوک و لەبەردڵان بوو، هەمیشە لێو بەخەندە بوو لەوسەردەمە قوتابی حەسیرمەیدان و ئەشکەنجە دەدرا بەشوڕە داری بەلاروک و هەنار و سۆندە و قەڵەم لەناو پەنجەکان و بەڕاستە (مسطره) لێدان بەلای تیژەکەی، تەنها وانە مامۆستا وریا هەبوو کە ئەو هات و هاوارو فرمێسکانەی کە وشک نەدەبوون لەچاوی ئەو منداڵە چاوگەشانە لەبیربباتەوە و دووباره ئومێد بەژیان و ڕۆژێکی نوێ دەست پێبکەینەوە، مامۆستا وریا ئەشکەنجەی نەبوو تەنها خۆشی و پێکەنینی دەخستە دڵ و دەرونمان وە بەشێوازێکی نوێی وانەوتنەوە پەیامەکەی دەگەیاند و بەشێوەکی پەروەردەییانە و ئامۆژگاری وانەکانی لەپۆل کۆنترۆڵ دەکرد کە زۆر سوود بەخش بوون) (11).
تیپی مۆسیقا و هه‌ڵاتنی خۆری هونه‌ری هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د...!
دوای ته‌واوكردنی خوێندن و گه‌ڕانه‌وه بۆ زێده‌كه‌ی، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (باكووری 5/11/1928_2/11/2022) ، له‌ساڵی (1957) وه‌ك مامۆستا گه‌ڕاوەته‌وه ئه‌و قوتابخانه‌ی ڕۆژێك قوتابی بووه، به‌ڵام ئێستا وه‌ك مامۆستای وانه‌ی( ئینگلیزی)، مامۆستا باكووری له‌وه‌رزی هاوینی ساڵی (1958) بۆماوه‌ی (2) دوو مانگ خولێكی فێربوونی مۆسیقاى له‌شاری كۆیه کردۆته‌وه‌و كۆمه‌ڵێك له قوتابی به‌هره‌مه‌ند به‌شداری خوله‌كه بوونە، به‌ڵام ته‌نها به‌شێوه‌ی گوێگرتن (سه‌ماعی) قوتابییه‌كانى فێرکردووە، نه‌ك به( نۆته) ، له‌هه‌مان ساڵدا (1958) مامۆستا باكووری تیپێكی مۆسیقا له‌و قوتابییه به‌هره‌مه‌ندانه دروست کردووە و ناویان ناوە (تیپی مۆسیقاى باواجی كۆیه) سه‌ربه (كۆمه‌ڵه‌ی بوژانه‌وه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی كورد له كۆیه ) بووە.
مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: (سه‌ره‌تا كه تیپی مۆسیقاى باواجی، یه‌كه‌مجار له‌سه‌رده‌ستی هونه‌رمه‌ندی پایه‌به‌رز مامۆستا ( باكووری) دامه‌زرا ، ئه‌وكاته من ته‌مه‌نم ( 8 بۆ 9) ساڵ ده‌بووم دایكم ده‌ستی ده‌گرتم و ده‌چووینه حه‌فله‌و ئاهه‌نگه‌كانیان، به‌ڵام دوایی له‌ساڵی (1965 بۆ 1966) ئێمه ده‌ستمان پێكرد) (12).
تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند سه‌رله‌نوێ بنیات ده‌نێنه‌وه و له‌شاری كۆیه‌و ڕانیه‌و قه‌ڵادزێ چالاكی هونه‌ریی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌رله‌وه‌ی ببنه خاوه‌نی مۆڵه‌تی فه‌رمی تیپی مۆسیقاى باواجی چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان ده‌گوازنه‌وه بۆ شاری سلێمانی، له‌پایزی ساڵی (1970)، (كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی مه‌ڵبه‌ندی گشتی سلێمانی) ئه‌وكاته هونه‌رمه‌ند (ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره6/6/1930_22/12/2004 ) سه‌رۆكی تیپی كۆمه‌ڵ بووه، له‌هۆڵی ئاماده‌یی سلێمانی كچان له‌ڕێكه‌وتی ( 13/9/1970) ئاهه‌نگێكی هاوبه‌ش له‌نێوان هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقاى باواجی و كۆمه‌ڵى هونه‌ر و وێژه سازده‌كرێت كه‌ماوه‌ی (10) ڕۆژ ئه‌و ئاهه‌نگه به‌رده‌وامی هه‌بووه، هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربووی ئه‌و ئاهه‌نگه ، هونه‌رمه‌ندان ( سه‌ردار ئه‌حمه‌د، زاهیر محه‌مه‌د، (جان تۆماس جانۆ ، 1947_6/7/2023) ، ئه‌نوه‌ر تاهیر مام خدر ، وریا ئه‌حمه‌د، نامدار قه‌ره‌داخی، (شه‌وكه‌ت ڕه‌شید،1930_17/4/1991)( ئه‌وكاته ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای سۆلاڤی كه‌ركوك و ئه‌ندامی شانازی تیپی مۆسیقاى باواجی و تیپی كۆمه‌ڵى هونه‌ر و وێژه‌ش بووه) ، سه‌لاح ڕه‌شید ، هارووت باڵانگیان)، هه‌مان ئاهه‌نگ بۆماوه‌ی (10) ده‌ڕۆژ ئاهه‌نگی مۆسیقا و گۆرانی له‌هۆڵی (گه‌ل) پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ری شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ن.
به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند، كه هه‌رسێكیان ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا بوون، هونه‌رمه‌ندان ( زاهیر محه‌مه‌د ، ئه‌نوه‌ر تاهیر و سه‌ردارئه‌حمه‌د) ، به‌هاوكاری به‌ڕێز (جه‌لال بێتوشی) كه ئه‌وكات (به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای سینه‌ما و شانۆ) بووە له‌به‌غدا، به‌نوسراوی ژمارە (812) له‌ڕێكه‌وتی (1/3/1972) مۆڵه‌تی فه‌رمی بۆتیپی مۆسیقاى باواجی وه‌رده‌گرن، ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە بریتی بوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه: ( زاهیر محه‌مه‌د ئیبراهیم ، ئه‌نوه‌ر تاهیر خدر، سه‌ردار ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا، وریا ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د، سیامه‌ند عیزه‌ت تاهیر، سه‌لاح حسێن ئه‌حمه‌د، فوئاد سه‌عید ئه‌حمه‌د، عه‌تاڵڵا حه‌ننا و ئیسماعیل مسته‌فا قادر خۆشناو). مامۆستا و هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د، وه‌ك ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و ئاوازدانه‌ر و گۆرانیبێژی سه‌ره‌تای تیپی مۆسیقاى باواجی كۆیه ده‌ست به‌كاربووە.
دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی له‌به‌هاری ساڵی (1972)، هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه، كۆمه‌ڵه به‌رهه‌مێكی به‌رزو ناوازه ئاماده ده‌كه‌ن و له‌وه‌رزی هاوینی هه‌مان ساڵ، به‌ره‌و شاری به‌غدا به‌ڕێ ده‌كه‌ون و له‌ستۆدیۆی ژماره (2) به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ، (11) به‌رهه‌می هونه‌ری كه‌پێكهاتووه له ( سروود، گۆرانی و گه‌شتی گۆرانی و پارچه مۆسیقا) له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا به‌شێوه‌ی ڕه‌ش و سپی، یه‌كه‌م به‌رهه‌می تیپی مۆسیقاى باواجی کۆیە تۆمارده‌كه‌ن.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییانه، تیپی مۆسیقاى باواجی له‌ناو خه‌ڵكدا ده‌بێته جێی باس و خواس و سه‌رسام بوون به و میلۆدی و تێكسته خۆشانەی تیپەکە، ئه‌و به‌رهه‌مانه بوونه وێردی سه‌رزاری هۆگرانی گۆرانی و ئاوازی ڕه‌سه‌ن، له‌كۆتایی ساڵی((1972 تیپی مۆسیقاى باواجی به‌گوڕو تینێكی زۆرتر و باوه‌ڕ به‌خۆبوونه‌وه، كۆمه‌ڵه به‌رهه‌مێكی دیكه ئەمجارە له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆمار ده‌كه‌ن، له‌نێوان ساڵی (1972 هەتا 1974) تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە نزیكه‌ی (20) به‌رهه‌م بۆ تەلەفزیۆمى بەغداو کەرکوک تۆمارده‌كه‌ن.
مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د سه‌باره‌ت به‌كاره سه‌ره‌تاییه‌كانی تیپی مۆسیقاى باواجی و نه‌بوونی گۆرانیبێژ ده‌ڵێت: (سه‌ره‌تا له‌به‌رئه‌وه‌ی گۆرانیبێژمان كه‌مبوو، خۆمان گۆرانیمان گوت، من گۆرانییه‌كم گوت، مامۆستا ئه‌نوه‌ر تاهیریش گۆرانییه‌كی گوت و هه‌روه‌ها مامۆستا زاهیر محه‌مه‌دیش گۆرانییه‌كی خوێند، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆمان مامۆستای سروود بووین له‌قوتابخانەکان ده‌گه‌ڕاین چ منداڵێك ده‌نگی خۆشبوایه ده‌مانهێناو پرۆڤه‌مان پێده‌كرد و دواتر گۆرانیمان پێ ده‌گوتن وه‌ك (گوشاد كه‌مال ، دلێر صادق و قاسم فه‌ره‌جوڵڵا)، كه‌به‌رهه‌مه‌كان كه‌وته به‌ر دیده‌و گوێی بینه‌ر و گوێگر له‌ڕۆژنامه‌كاندا ڕه‌خنه‌مان لێ‌گیرا سه‌باره‌ت به‌گۆرانی گه‌وره‌كان به‌ده‌نگی منداڵان، ناچار وازمان له‌وكاره هێنا و دواتر گۆرانیبێژی ده‌نگخۆشمان دۆزییه‌وه وه‌ك (سه‌لاح محه‌مه‌د، ئیبراهیم سابیر و عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل) (13).
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د به‌یاوه‌ری هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی و ئه‌نوه‌ر توفی، زاهیر محه‌مه‌د و ( جه‌لال عه‌زیز ڕه‌سوڵ، 1928 سلێمانی _ 19/4/2008 له‌نده‌ن) له‌ساڵی (1973) به‌شداری له:
(میهره‌جانی ده‌یه‌می لاوان و قوتابیانی جیهان) له (به‌رلین)ی ئەوساى پایته‌ختی (ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات) کردووە (14).
هونه‌رمه‌ند وه‌ك ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ری تیپی مۆسیقاى باواجی كۆیه ، له مانگی (2 ی ساڵی 1974) به‌شداری له ( میهره‌جانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی له‌شاری به‌غدا) کردووە، له‌و میهره‌جانەدا (تیپی مۆسیقای سلێمانی) بەپله‌ی ( ئیمتیاز) و (تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه)، بەپله‌ی (یه‌كه‌م) له‌سه‌ر ئاستی تیپه به‌شداربووه‌كان دەرچوون.
هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د و (تیپی مۆسیقای شۆڕش) له (1974 تا 19/3/1975) .
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د له به‌هاری ساڵی (1974) وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی وه‌ك هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی ده‌بێته پێشمه‌رگه‌و یه‌كێك ده‌بێت له‌دامه‌زرێنه‌ر و موزیكژه‌ن و ئاوازدانه‌ر و ته‌نانه‌ت كۆرسی گۆرانی و سروود له‌ناو تیپەکەدا.
تیپی مۆسیقای شۆڕش جیا له‌وكاره هونه‌رییانه‌ی ئه‌نجامیاندا و چه‌ندین سروودیان بۆ ئێزگەى (دەنگى کوردستانى عیراق) و بۆپێشمه‌رگه‌و نه‌به‌ردییه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلول تۆماركرد، وه‌ك هه‌ستێكی شۆڕشگێڕی و نه‌ته‌وه‌ییانه، بڕیارده‌ده‌ن گه‌شتێكی هونه‌ری مۆسیقا و شانۆ بۆ ئۆردوگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌نجامبده‌ن، بۆته‌واوی خه‌ڵكی ئاواره‌و كه‌س و كاری پێشمه‌رگه ئەوانەى له‌ئۆردوگاكاندا ده‌ژین، به‌ڵی ئه‌و گه‌شته هونه‌رییه‌یان ئه‌نجامدا و شه‌وق و تین و ووره و ووزه‌یه‌كی زۆریان به‌خشیی به ئاواره‌كان.
له‌دوای نسكۆی ساڵی (1975) هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د ده‌گه‌ڕێته‌وه باشووری كوردستان و هه‌واره‌كه‌ی له‌شاره‌كه‌ی ( قه‌ڵا و مناره) هه‌ڵده‌دات و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ركاری مامۆستایه‌تیه‌كه‌ی، لەهاوینى ساڵی (1975) له (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كانی شاری هه‌ولێر)، وه‌ك سه‌رۆكی تیپی مۆسیقا بۆ ماوه‌ی (8) ساڵ ده‌ست به‌كارده‌بێت و به‌رده‌وام سه‌رقاڵی چالاكی هونه‌ریی و پێگه‌یاندنی به‌هره‌مه‌ندانه، له (مه‌ڵبه‌ندی چالاكی قوتابخانه‌كانی هه‌ولێر) به‌یارمه‌تی كارگێڕانی ئه‌و ده‌زگایه و كۆبوونه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانی جگه‌رسۆزی شاره‌كه توانیمان به‌ده‌یان قوتابی ئاره‌زوومه‌ند فێری مۆسیقا بكه‌ن، به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌م كاری فێركردنه‌دا، هەتا دواڕۆژی مانه‌وه‌م له‌مه‌ڵبه‌ندی ناوبراودا واته ساڵى (1984) به‌رده‌وام بووم (15).
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د له‌ساڵی (1975) به‌دواوه ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌بینێ له بوژاندنه‌وه‌ی مۆسیقا و هه‌روه‌ها خاوه‌نی بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی (تیپی مۆسیقای منداڵان له‌شاری هه‌ولێر) بووه، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی مامۆستا وریا و هاوڕێ هونه‌رمه‌ند و مامۆستاكانی تر له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كان، تیپی مۆسیقای منداڵانی هه‌ولێر بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵێك توانیان پێش بكه‌ون و له‌سه‌رئاستی هه‌موو عێراق له میهره‌جانه‌كاندا پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنن، یه‌كه‌م ئاهه‌نگیان له‌ڕۆژی مۆسیقای جیهانی له‌ساڵی (1978) ئه‌نجامدا.
هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د و تیپی هونه‌ری هه‌ولێر ..!
له‌دوای به‌یاننامه‌ی (11ی ئاداری ساڵی 1970) هاتنه كایه‌ی كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئارام و ئازادی بۆ هه‌موو كایه‌كانی ژیان به‌گشتی و بواری هونه‌ر و مۆسیقای كوردی به‌تایبه‌تی، (تیپی هونه‌ری هه‌ولێر) ده‌رفه‌تیان بۆده‌ڕه‌خسێ كه مۆڵه‌تی فه‌رمی به‌ژماره (713) له(22/2/1971) وه‌ربگرن و ئازادانه چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان درێژه پێبده‌ن.
قۆناغی دووه‌می (تیپی هونه‌ری هه‌ولێر) له‌هاوینى ساڵی (1975)وه ده‌ست پێده‌كاته‌وه، مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د و چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ده‌ست و په‌نجه زێڕین ڕۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بوو له بره‌ودان و پێشخستنی تیپەکەدا، ئه‌م قۆناغه‌ش وێستگه‌یه‌كی گرنگ و مێژووییه له‌ژیانی هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د، جیا له‌ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر سه‌رۆكی تیپی هونه‌ری هه‌ولێریش بووه، خۆری هونه‌ریی زیاتر ده‌گه‌شێته‌وه و توانا‌و هه‌وڵه‌كانی زیاتر چڕتر ده‌كاته‌وه له‌به‌ره‌وپێشبردنی ڕه‌وتی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی .
له‌ساڵی (1978) هونه‌رمه‌ندانی تیپی هونه‌ری هه‌ولێر، شۆڕشێكی هونه‌ری له‌شاری هه‌ولێر به‌رپاده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵه به‌رهه‌مێك كه پێكهاتووه له (21) گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ندان (حه‌مه جه‌زا3/2/1949_1/10/2010 ) ، ( قادر زیره‌ك1954_17/7/1981 ) ،( شه‌هید قادر قابان،1937_28/2/1981 ڕۆژی سه‌رنگوومكردنی) و ( سامان محه‌مه‌د ، ناسراو به‌سامان كه‌ركووكی ) و ( تەنیاعاره‌ب عوسمان ) و ( كاوه ژاژڵه‌یی) ،( سه‌لاح محه‌مه‌د) و(ئیبراهیم سابیر) و(جه‌عفه‌ر سه‌لیم ) و( جه‌لال سه‌عید 1953_9/12/2013) و (جەبار ئەحمەد) و (سابیر عەبدولڕەحمان) ئه‌و به‌رهه‌مانه له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا بۆیەکەمجار به‌شێوه‌ی (ڕه‌نگاو ڕه‌نگ) تۆمارده‌كرێن و بڵاوده‌كرێنه‌وه، ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییانه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆرباشیی هه‌بوو له‌ناو جه‌ماوه‌ردا.
هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د ساڵی (1980) تۆمارگایه‌ك داده‌نێت به‌ناوی تۆمارگای (دڵدار) له‌ڕێی ئه‌م تۆمارگایه‌وه په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی زیاتر فراوان ده‌بێت و له‌نزیكه‌وه ئاشنا ده‌بێت به به‌هره‌مه‌ندان و شاعیران و ڕۆشنبیران، پاشان له‌هه‌مان ساڵدا، خولێكی مۆسیقا بۆ (هه‌موو ئامێره‌كانی مۆسیقا) بۆكچانی شاری هه‌ولێر ده‌كاته‌وه، (له‌سه‌ر داوای یه‌كیه‌تی ئافره‌تان لقی هه‌ولێر، تیپێكی مۆسیقا بۆكچان دامه‌زرێنم، ماوه‌ی (3 بۆ4) ساڵ له‌ڕۆژانی هه‌ینی به‌ته‌نیا فێرم ده‌كردن، خوولەکە بۆهه‌موو ئامێره‌كان بوو كه‌مێك زه‌حمه‌ت بوو، بۆنموونە: ده‌چوومه لای مامۆستا سه‌ردار ئه‌حمه‌د له‌كۆیه، فلوتم فێربكات، چۆن فووی تێده‌كرێت، چۆن ده‌گیرێت؟ بۆئەوەى کچەکان فێربکەم، دواتر بەهیممەتى ئێمە هه‌ندێك له‌و كچانه چوونه (په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی موسڵ)، پاشان هەر خۆم ناوم نان: (تیپی مۆسیقای خانزادى کچان) و وردە وردە ناوداربوون و به‌شدارییان له‌زۆر ئاهه‌نگ و فیستڤاڵدا كرد، ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵێك گۆرانی‌یان بۆته‌له‌فزیۆن تۆماركرد، سه‌ره‌تا بۆ تەلەفزیۆنى بەفدا به‌رنامه‌ی (سه‌ره أربیلیه) له هاوینه‌هه‌واری (سه‌ری ڕه‌ش) و دواتریش بۆ (ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك) بەرهەمیان تۆماركرد(16).
هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د و ئاوازدانان...!
مه‌رج نییه هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك توانای ئاوازدانانی هه‌بێت، چونكه توانا‌و سه‌لیقه‌ی هونه‌ری پێویسته و ده‌بێت شاره‌زایی هه‌بێت له‌هه‌ڵبژاردنی هۆنراوه‌ی گۆرانیدا، مامۆستا وریا له‌سه‌ره‌تای هاتنه ناو كاری هونه‌رییه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌ست و په‌نجه‌ی له‌سه‌ر ژێی ئامێری (عود و جومبوش)ه‌كه‌ی هه‌سته ناسكه‌كه‌شی هاوته‌ریب كردووه به‌دانانی ئاواز بۆهونه‌رمه‌ندان و تۆماركردنی پارچه مۆسیقا، یه‌كه‌م پارچه مۆسیقا له‌ئاوازی خۆی له‌ئیزگه‌ی كوردی به‌غدا تۆماركردووه به‌ناوی (هه‌واران).
له‌ساڵی (1986) ئاوازی مۆسیقای بۆ دوو زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی به‌ناوه‌كانی ( كۆلاره) و(قاسپه‌ی كه‌و) داناوه، ئاوازی چیرۆكی ته‌مسیلی كۆلاره، له‌هۆنراوه‌ی شاعیری شه‌هید(دڵشاد مه‌ریوانی 28/3/1947_13/3/1989) بووه و به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند (زیاد ئه‌سعه‌د) خوێندراوه، به‌ڵام ته‌مسیلی ( قاسپه‌ی كه‌و) تۆماریشكرا، بەڵام لەبەر هەندێ هۆ بڵاونەکرایەوە.
له‌سه‌ره‌تای ساڵی (1988) هونه‌رمه‌ند سێ پارچه مۆسیقای دیكه‌ی بۆ ته‌له‌فزیۆن تۆماركردووه ( سێوه ، شیرین به‌هاره و سه‌وداڵی) به‌هاوكاری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند (سه‌ردار ئه‌حمه‌د _ئامێری فلوت) و (ئامانج غازی_ ئامێری عود و چه‌لۆ) ،
پارچه مۆسیقای (یاد) به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند (سه‌ردار ئه‌حمه_ شمشاڵ) ، پارچه مۆسیقای ( دووری)، پارچه مۆسیقای ( پایز)، پارچه مۆسیقای (گوڵەپایزە) و پارچە مۆسیقاى (دوو نه‌وه)، ئه‌م پارچه مۆسیقایه هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ تاقه كوڕه‌كه‌ی ناوی (دڵدار)ه و ژه‌نیاری ئامێری ( پیانۆ)یه پێكه‌وه تۆماریان كردووه، ئه‌وانه به‌شێك بوون له‌و پارچه مۆسیقایانه له‌ئاوازی هونه‌رمه‌ند بوون، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی نیوسه‌ده له‌ته‌مه‌نی هونه‌ری، هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د چه‌ندین ئاوازی بۆ هونه‌رمه‌ندان (حه‌مه جه‌زا ، تەنیا عاره‌ب عوسمان، قادر زیره‌ك، زیاد ئه‌سعه‌د، فاتێ، ڕزگار ڕه‌نجه‌ڕۆ، چۆپی و ته‌نیا ئیدریس ... تاد) داناوه و چه‌ندین گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ندان ئاماده‌كردووه و له‌چه‌ندین ئاهه‌نگ و فیستڤاڵ و بۆنه و یادی نه‌ته‌وه‌یی به‌خۆیی و عوده‌كه‌یی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری هاوڕێی بۆ زۆر له هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌شار و له‌شاخ و له‌هه‌نده‌ران و له‌زۆربه‌ی كه‌ناڵه لۆكاڵی و ئاسمانیه‌كان له‌ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی وڵات مۆسیقای ژه‌نیوه، هه‌روه‌ها پشتیوان و هاوكار و ڕێنیشانده‌ری هونه‌رمه‌ندان بووه له‌ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییان دا.
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت (هه‌رگیز ئه‌و ڕۆژه خۆشه‌م له‌یادناچێ کاتێک بۆیه‌كه‌م جار له‌پشتی مامۆستا (تایه‌ر تۆفیق 1922_20/10/1987 ) دانیشم ومۆسیقا بژه‌نم، ئەویش له‌ئاهه‌نگی دانانی په‌یكه‌ری شاعیری گه‌وره (حاجی قادری كۆیی، 1815_ 1897) له‌ساڵی حه‌فتایه‌كان، جوان له‌یادمه مامۆستا (هێمن، 1921_16/4/1986) و دەیان شاعیر و ئەدیبى کورد و عەرەب ئامادەبوون، ئاى چ ڕۆژێكی خۆش بوو) (17) .
لایه‌نێكی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د، دڵسۆزیی و خه‌مخۆریی بۆ هونه‌ری زاره‌كی یه بۆئه‌و مه‌به‌سته ئه‌م هونه‌رمه‌نده خۆنه‌ویسته ماوه‌ی (8 بۆ 9) ساڵ زیاتر خۆی بۆکارى (گه‌ڕانی مه‌یدانی) ته‌رخانكردووه، كه‌شكۆڵی هه‌ڵگرتووه‌و گه‌رمێن و كوێستان، گوند به‌گوند به‌دوای كه‌سانی خاوه‌ن به‌هره‌و ده‌نگخۆش و شایه‌ر و به‌یتبێژ و ده‌فژه‌ن و زوڕناو باڵه‌بان ژه‌ن و حه‌یرانبێژ و لاوك بێژ و مه‌قامبێژ و ته‌نانه‌ت دیداری له‌گه‌ڵ شوانانیشدا كردووه و زانیاری له‌سه‌ر شێوازی لێدانی شمشاڵه‌كه‌یاندا وه‌رگرتووه، هونه‌رمه‌ند مامۆستا (سه‌ردار ئه‌حمه‌د) له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (وریا ئه‌حمه‌د كه‌وته هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی فۆلكلۆر له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆی ده‌چووه گونده‌كانی ده‌شتی كۆیه، به‌وكاره‌ی زانیاری زیاتری كۆكرده‌وه و به‌ره‌وپێشتر ڕۆیی ته‌نها مه‌به‌ستیشی، خزمه‌تی هونه‌ری میلله‌ته‌كه‌ی خۆی بوو) (18).
له‌ڕێی ئه‌مكاره‌یه‌وه (گه‌ڕانی مه‌یدانی) هونه‌رمه‌ند هه‌م پاشخانی هونه‌ریی خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد‌و چه‌ندین كاسێتی تۆماركرد له‌ده‌نگ و هونه‌ر و زانیارییه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی وتوێژی له‌ته‌كدا كردبوون.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991)، قۆناغێكی دیكه له‌ژیانی خه‌ڵكی كورد به‌گشتی و هونه‌رمه‌ندانی كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌ست پێده‌كات، مامۆستا وریا له‌م قۆناغه‌شدا تیپێكی مۆسیقای به‌ناوی (زیرو به‌م) داده‌مه‌زرێنێ، له‌ساڵی (1997) به‌هۆی ئه‌وبارودۆخه دژواره‌ی به‌سه‌ر باشووری كوردستاندا هات و به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆ وه زۆر له‌كه‌سایه‌تی و هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیران وڵاتیان جێهێشت و ڕووه‌و هه‌نده‌ران كۆچیان كرد، مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د ئه‌ویش به‌ناچاری زێده‌كه‌ی به‌جێدێڵێ و ده‌ستبه‌رداری پیرۆزییه‌كانی وڵات ده‌بێت و كۆچ به‌ره‌و تاراوگه ده‌كات، له‌وڵاتی ( هۆڵه‌ندا) ده‌گیرسێته‌وه، ماوه‌ی (8) ساڵ له‌ژیانی غوربه‌ت و دوور له‌نیشتمان ده‌مێنێته‌وه هەتا ساڵی (2005) به‌یه‌كجاری ده‌گه‌ڕێته‌وه ئامێزی نیشتمان، ئه‌سته‌مه بۆ هونه‌رمه‌ند ژیانی تاراوگه چونكه مردنێكی له‌سه‌ره‌خۆیه، به‌ڵام له‌و هه‌شت ساڵه‌دا كه‌سێكی ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بووه، به‌ڵكو چه‌ندین چالاكی هونه‌ریی ئه‌نجامداوه، له‌تەک ئه‌وه‌شدا دوو تیپی مۆسیقای دامه‌زراندووه و خۆشی سه‌رۆكی هه‌ردوو تیپ بووه به‌ناوه‌كانی (گرووپى دلارام) و(شه‌هابه‌ی هه‌ولێری )، هه‌روه‌ها وه‌ك ژه‌نیارێكی دێرین و خاوه‌ن ئه‌زموون و مێژوویه‌كی زێڕین، له كه‌ناڵی ئاسمانی (میدیا تی ڤی) له(برۆكسل) بۆماوه‌ی چه‌ندساڵێك سه‌رپه‌رشتی تیپی (كۆما باخچه‌ی گوڵان)ى کردووە.
ئه‌و ماوه‌یه ژیان و تێكۆشانی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند له‌هه‌نده‌ران، په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی فراوانتربووە له‌گه‌ڵ ته‌واوی هونه‌رمه‌ندانی هه‌رچوار پارچه‌كه‌ی كوردستان، ڕایه‌ڵه‌یه‌كی پته‌و به‌هێز له‌نێوانیاندا و ڕاوبۆچوون و زانیاریی گۆڕینه‌وه ده‌رباره‌ی ئاواز و گۆرانی و لاوك و مه‌قامی ڕه‌سه‌نی كوردی له‌نێوانیاندا دروست بووە، (باوه‌ڕناكه‌م هیچ كه‌س وه‌ك من په‌یوه‌ندی زۆری هه‌بێ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كانی دى، من هونه‌ره‌كه‌م ته‌رخانكردووه بۆ كوردایه‌تی، نه‌ك بۆ شارچێتی، له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌وته‌له‌فزیۆنه سه‌رۆكی تیپی مۆسیقا بووم، زیاتر كاركردنمان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژئاوا و باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو، كه‌م گۆرانیبێژ هه‌یه له‌وپارچانه كه من نه‌یناسم و ئیشم بۆ نه‌كردبێت) (19).
له‌ساڵی (2005) به‌یه‌كجاری گه‌ڕاوەته‌وه كوردستان و تیپى مۆسیقاى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌له‌پووری كوردى لەهەولێر پەرەپێداوە و جارێكی دیكه تیپی مۆسیقای (زیرو به‌م) وه‌ك سه‌رۆك تیپ بووژاندۆته‌وه و تائێستاش وەک سەرۆکى ئەوتیپە له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وامه.
لایه‌نێكی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د، خامه‌ی باڵا‌و ڕه‌نگینیه‌تی، له‌ده‌سپێكی كاری هونه‌رییه‌وه، له‌ڕێی ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانه‌وه وه‌ك ( هاوکارى ، به‌یان ، ئۆتۆنۆمی ، كاروان و هه‌رێمی كوردستان... تاد) بابه‌تی هونه‌ریی و دیداری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان و ژیاننامه‌ی هونه‌رمه‌ندان و ئامێره‌كانی مۆسیقا نووسیوه و بڵاوكردۆته‌وه، هه‌وره‌ها چه‌ندین كۆڕ‌و سیمیناری له‌سه‌ر مۆسیقا و گۆرانی كوردی له‌ناوه‌وه‌ی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێشكه‌ش كردووه، له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌ی خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی، ده‌لاقه‌ی كتێبخانه‌ی كوردی بێبه‌ش نه‌كردووه و به‌ڵكو (10) به‌رهه‌می ناوازه‌ی نووسیوه و چاپی كردووه و بڵاویكردۆته‌وه، به‌رهه‌مه چاپكراوه‌كانی :
1/ كتێبی (ئامێره‌كانی مۆسیقای كوردی) ، ساڵی (1989) .
2/ كتێبی ( باڵه‌بان) ، ساڵی (1997).
3/ گۆڤاری ( چلاواز ژمارە ١، ساڵی (2005).
4/ كتێبی ( ته‌میره) ساڵی ( 2008).
5/ كتێبی ( كه‌شكۆڵی نووسینه‌كانم ) ، ساڵی ( 2009)
٦/ كتێبی ( ئه‌حمه‌دی حه‌مه مه‌لای باوك و هونه‌رمه‌ند و نیشتمان په‌روه‌ر)، ساڵی ( 2011).
7/ كتێبی ( خالید دلێر ) ساڵی ( 2015) .
8/ كتێبی ( ئامێره‌كانی موزیكی كوردی ) ساڵی (2016) .
9/ كتێبی ( ده‌هۆڵ) ساڵی ( 2020) .
10/ كتێبی ( مێژووی گۆرانی و موزیكی ناوچه‌ی كۆیه) ساڵی( 2020).
خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت و ده‌ستخۆشیی و سوپاسگوزاری بۆماندبوونی و شه‌ونخونی مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د.
له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵات هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د له‌نێوان ساڵی ( 2005 تا 2011) چه‌ند پۆستێك ده‌خرێته ئه‌ستۆی و زۆر به‌ئه‌مانه‌ته‌وه شان ده‌داته به‌ر ئه‌و ئه‌ركه پیرۆزانه‌ی پێی سپێردراوه، وه‌ك :
1/ ئه‌ندامی ڕاوێژكاری ده‌زگای موزیك و كه‌له‌پووری كورد بووه .
2/ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (چلاواز)، گۆڤارێكی مانگانه‌ی تایبه‌ت به‌بواره‌كانی موزیك، ده‌زگای موزیك و كه‌له‌پووری كوردلەهەولێر ده‌ریکردووە و (61) ژماره‌ی لێده‌رچووه.
3/ له‌وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان به‌ناونیشانی (شاره‌زا) بۆ ماوه‌ی (7) ساڵ له‌بواری مۆسیقا دامه‌زراوه.
4/ چه‌ند ساڵێك له‌به‌شی موزیكی كۆلیژی هونه‌ره‌جوانه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین وانه‌بێژ بووه.
ناو و كاره‌هونه‌رییه‌كانی به‌هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئاشنایه‌و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی دیاری مۆسیقا و گۆرانی لێی ده‌ڕوانن، له‌هاوینی ساڵی (2017) له‌ڕێی یه‌كێك له قوتابییه‌كانی به‌ناو ( خالید پیشداد) بانگهێشتی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د کراوە هەتا له‌هه‌ردوو شاری ( سنه و سه‌قز)ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سیمیناری (مه‌قام و هه‌ندێ له‌شێوه گوتنه‌كانی باشووری كوردستان) پێشكه‌ش به هونه‌رمه‌ندان و گه‌نج و لاوی به‌هره‌مه‌ندی هه‌ردوو شاری (سنه‌و سه‌قز) بكات ، به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵی و لێبوورده‌ییه‌وه له‌هه‌ردوو شاری ( سنه‌و سه‌قز) به‌ئه‌زموونی چه‌ندین ساڵه‌ی دڵی ئاماده‌بووانی خۆشكردووه.
ئه‌گه‌ر به‌ووردی ڕۆبچینه ناو هه‌موو قۆناغه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده دره‌وشاوه‌یه‌ی كۆڕی ئاواز و گۆرانی كوردییه‌وه، له‌ده‌ستپێك و هاتنه ناو دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانیه‌وه تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات، ده‌بێت قۆناغبه‌ندی ژیانی هونه‌ریی له‌دوو توێی كتێبێكی قه‌باره گه‌وره‌دا چاپ بكرێت و بخرێته به‌ردییه‌ی هۆگران و هه‌وادارانی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی مۆسیقا و گۆرانی، ژیانی مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د لیپاولیپه له كۆشش و تێكۆشان و خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی، له‌وه‌ڵامی نیو سه‌ده خزمه‌تكردن به ئاواز و پاراستنی ڕه‌سه‌نایه‌تی گۆرانی و میلۆدی كوردی له‌دوای خانه‌شین بوونی به‌داخه‌وه پاداشته‌كه‌ی بڕینی قوتی ژیانی بوو، بڕینی (3) ساڵ مووچه‌كه‌ی بوو به‌ناوی چاكسازییه‌وه، مامۆستا و نووسه‌رى کۆچکردوو (عه‌بدولكه‌ریم شێخانی، 1933 كۆیه _ 12/8/2023هه‌ولێر) ڕه‌وانشاد له واڵه‌كه‌ی خۆی به‌ناوی (خرتكه‌و پرتكه) له‌مانگی حوزه‌یرانی ساڵی (2022) ده‌رباره‌ی مامۆستا وریا نووسیویه‌تی (کەس نییە وریا ئەحمەدی هونەرمەندی عودژەن نەناسێ، ئەو چەند ساڵە (سەرپەرشتیارى هونەرى ـ لەچالاکى قوتابخانەکانى هەولێر) بووە و چەندان نەوەی پێگەیاندووە وچەندان موسیقاژەن لەسەر دەستی ئەو پێگەییون و ڕۆڵی بەرچاویان لە مەیدانی هونەری مۆسیقا دیوە و دەبینن، کەچى دوای (10) ساڵ گوتیان تۆ خزمەتت کەمە و خانەنشینی ناتگرێتەوە و مووچەکەیان بڕی، ئەوە (21) مانگە بێ مووچەیە و وەکو دەڵێن لەسەر (ڕێنگ) دەڕوات ).
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د ، له‌گه‌ڵ خاتوو ( خومار) پورزای مامۆستا وریا ژیانی هاوبه‌شی پێكهێناوه و وه‌ك پیشه (مامۆستا) یه، به‌روبوومی ئه‌و هاوسه‌رگیریه، په‌روه‌ردگار پێنج منداڵی پێ به‌خشیون: یه‌ك كوڕ و چوار كچ ، ته‌مه‌ندار بن و له‌سایه‌و سۆزی هه‌ردوو مامۆستا ( وریا و خومار خان) بێ به‌ش نه‌بن.
هونه‌رمه‌ند فه‌رهه‌نگ غه‌فور ده‌ڵێت ( مامۆستا وریائه‌حمه‌د، تۆ كه هاتی، دونیای هونه‌ری كوردیت وه‌ك خۆت پڕكرد له جوانی)( 20) .
له‌باره‌ته‌قای ئه‌و جوانیه و مێژووه پڕ به‌خششه به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، سه‌ری ڕێز‌و حورمه‌ت له‌ئاست گه‌وره‌یی داده‌نه‌وێنم و پێی ده‌ڵێم: سوپاسگوزاری ماندوبوونتین و ناو و نازناو و عوده‌كه‌ت بۆهه‌میشه پرشنگدار و ته‌مه‌نداربن بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی.
جه‌مالی ده‌لاك ( 27/9/2023) هه‌ولێر .
سه‌رچاوه:
(1) دیوانی زه‌ینه‌ب خان، كچه كورد، لاپه‌ڕه (96) .
(2) كتێبی ( ئه‌حمه‌دی حه‌مه مه‌لا، باوك و هونه‌رمه‌ند و نیشتمانپه‌روه‌ر) كۆكردنه‌وه‌و نووسینی ( وریا ئه‌حمه‌د حه‌مه مه‌لا) پێشه‌كی ( كه‌ریم مسته‌فا حه‌وێزی ، ناسراو به‌كه‌ریم شاره‌زا) لاپه‌ڕه ( 5).
(3) هۆنراوه‌ی یادگار و هیوا، ناسراو به شیرین به‌هاره، هۆنراوه‌ی (برایم ئه‌حمه‌د) ساڵی (1932) نووسیویه‌تی .
( 4 و 7 و 8 و 18 و 19 ) دیكۆمێنته‌ری ( وریا ئه‌حمه‌د، نه‌رمتر له‌وئاوازه‌ی ده‌یژه‌نێت) ڕادیۆی ( ڕووداو) (9/2/2017) یوتیوب.
(5 و 9 و 12 و 13 و 16 ) گوزه‌رێك به‌نێو ته‌مه‌نی وریا ئه‌حمه‌د ، كه‌ناڵی كوردستان تی ڤی، ( 7/8/2022) یوتیوب.
(6) گۆڤاری ( ڕامان ) هه‌ڤپه‌یڤینی ( ئازاد عه‌بدولواحید) ژماره (95) نیسانی (2005) لاپه‌ڕه (49).
(10) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (وریا ئه‌حمه‌د) و ناردنی زانیاری له‌ڕێگه‌ی ( ڤایبه‌ر)ه‌وه ، ڕۆژی چوارشه‌ممه (20/9/2023) .
(11) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (سه‌فین عه‌بدولڕه‌زاق) و ناردنی زانیارییه‌كان له‌ڕێی (ماسنجه‌ر)ه‌وه، رۆژی شه‌ممه (16/9/2023) ، ( هه‌ولێر _ كۆیه).
(14) كاتێك وێنه ده‌دوێ، گۆڤاری چلاواز، ژماره (49) له ئاداری (2010) لاپه‌ڕه ( 32) ئاماده‌كردنی : باوكی دێرین.
(15) له‌نێو په‌رستگه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌دا، گۆڤاری (ڕه‌نگین) ژماره (10) ی ئابی (1988) ئاماده‌كردنی ( سیڤه‌ر) لاپه‌ڕه (12).
(20) سایتی كوردستان تی ڤی (20/11/2019).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.