Erbil 15°C سێشەممە 21 ئایار 17:50

نێچیرڤان بارزانی بەرکەوتووانی ئاگرەکەی حەمدانییە بەسەرده‌كاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی تەندروستی بەرکەوتووانی ئاگرەکەی حەمدانییە سەردانی نەخۆشخانەی ئيمێرجێنسى له‌ هه‌ولێر کرد و ڕایگەیاند، ئەو چاودێرییەی لە نەخۆشخانەی ئيمێرجێنسى بۆ بەرکەوتووانی ئاگرەکەی حەمدانییە دەکرێت جێی شانازییە بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان.

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27ـی 09ـی 2023  له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئيمێرجێنسى له‌ هه‌ولێر، بەرکەوتووانی ڕووداوى ئاگركره‌وتنه‌وه‌ى شه‌وى ڕابردووى حه‌مدانييه‌ى به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و له‌ نزيكه‌وه‌ له‌ دۆخى ته‌ندروستييانى پرسى.

نێچيرڤان بارزانى هه‌موو پشتگيرى و يارمه‌تييه‌كى بۆ به‌ركه‌وتووانى ڕووداوه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌ و سوپاس و پێزانينى بۆ كارمه‌ندانى نه‌خۆشخانه‌ و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى كه‌ خزمه‌ت و يارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ به‌ركه‌وتووان ده‌كه‌ن.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دواى به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌ش بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن قسەی کرد و ئەمەش دەقی گوتەکانییەتی:-

پێش هەموو شتێک دەمەوێ سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ئەم خەڵکە بکەین. کارەساتێکی گەورە بوو، کارەساتێکی مرۆیی گەورە بوو. دەمەوێ دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەریمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر بکەم کە بەڕاستی هەر لەگەڵ ڕوودانی کارەساتەکە و لە یەکەم کاتژمێری ڕووداوەکەدا، ئەمبۆلانسیان نارد. دەمەوێ پڕ بە دڵ سوپاس و دەستخۆشی له‌ کارمەندانی تەندروستی بکەم. ئەوەی لێرە بینیم، ئەو چاودێرییەی بۆ نەخۆشەکان دەیکەن، بەڕاستی جێی شانازییە، جێی شانازییە بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان.

ئەمە کارەساتیکی گەورەی مرۆیيیە، ئێمە دەبێ هەموومان لەگەڵ ئەو خوشک و برایانە بوەستین، بەڵکوو خوای گەورە ئارامییان پێ ببەخشێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ من لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقیش قسەمان کردووە. جەنابیان زۆر په‌رۆشه‌ و دەستبەجێ وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی ناردووەتە مووسڵ و دێنە ئێرەش. ئێمە داوامان لێ کردوون کە بە ڕاستی لێکۆڵینەوەیەکی جددی لەم ڕووداوە بکرێت و دەبێ قوربانییەکان قەرەبوو بکرێنەوە. جەنابی سەرۆک وزەیران لە بەغدا بە سوپاسەوە، بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەم بابەتە و بەڵێنی داوە لە ئەنجوومەنی وەزیران باسی بکات و هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی ئازارەکانی ئەم خەڵکە کەم ببێتەوە. هيوادارم خوای گەورە ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت. بە ڕاستی کارەساتێکی زۆر گەورەیە و هەموومان نزا دەکەین کە نەخۆشەکان بە زووترین کات چاک ببنەوە.

ئەوەی لە کاديری تەندروستیی ئەم نەخۆشخانەیە، نەخۆشخانەی ئیمرجێنسیم بیست، دەڵێن ئێمە دەتوانین لێرە چارەسەری هەموویان بکەین. دیسانەوە دەڵێم، سوپاسێکی گەرمی ئەو کارمەندانە دەکەم و دەستخۆشییان لێ دەکەم بۆ ئەو کارە مرۆییيەی ئەم ستافە ئه‌مڕۆ لێرە بینیم ئەنجامیان داوە. دیسانەوە سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەریمی کوردستان، به‌ڕێزان وەزیری تەندروستی و پارێزگاری هەولێر دەکەم کە بە پەرۆشەوە هاتوون.

لێرەوە دەمەوێ بڵێم، هەر شتێک کە پێویست بێت بۆ ئەوانە، ئێمە لە خزمەتدا دەبین و بۆیان دەکەین. ئەوانە ئازیزی ئێمەن و ئەو ئازار و کارەساتەی بەسەر ئەواندا هاتووە وا حیسابی دەکەین هی خۆمانە، هی هەرێمی کوردستانە و هی خەڵکی هەرێمە. هەموومان بە دڵ و بە گیان لەگەڵیانین، لەم ئازارەی کە ئەمڕۆ ئەوان تووشی بوون، هەموومان لەگەڵیان دەمێنینەوە، خوا ئارامی و هێزی بەرگەگرتنیان بداتێ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.