وەزارەتى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى هاوشێوەى سێ ساڵی ڕابردوو سەرجەم دەرچووانى قۆناغى 12 ئامادەی لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان وەرگرت و سەرەڕاى ئەوەش (20197) کورسى بەتاڵ ماوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەم لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیدا کە لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو، ئەنجامى وەرگرتنى قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگەکان ئاشکرا کرا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا د.خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچهون باسى لە وردەکارى وەرگرتنى دەرچووانى 12ی ئامادەیى کرد، بۆ ئەوەش گوتى: پلانى گشتى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) بریتى بوو لە (63013)، هاوکات کۆى گشتى ژمارەى دەرچووانى پۆلى 12ی ئامادەیی بریتى بوو لە (47788) دەرچوو، لەو ژمارەیەدا (37290) فۆرمى زانکۆلاینیان پڕکردەوە، هاوکات (2598) پێشکەشکار لە دەرچووانی ساڵی (2022) فۆرمیان پڕکردەوە، لەگەڵ (6882) پێشکەشکار لەدەرچووانی ساڵانی ڕابردوو، بەو شێوەیە کۆى پێشکەشکاران ژمارەیان گەیشتە (46770) پێشکەشکار.
ڕاشیگهیاند: لە ئەنجامدا (42985) وەرگیران، بەشێوەیەک وەرگیراوی دەرچووانی ئەمساڵ بریتى لە (36092) و وەرگیراوانی ساڵانی ڕابردووش بریتیە لە (6893) پێشکەشکار.
ههروهها ڕایگەیاند: بۆ ئەمساڵى خوێندنیش وەک ساڵانى ڕابردوو (96.8 %) دەرچووانى قۆناغى 12ى ئامادەییمان لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان وەرگرت، تەنیا ژمارەیەکى کەم لە پێشکەشکاران نەبێت، کە ژمارەیان (1198) قوتابییه، کە بەهۆى هەڵە لە پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان ناویان نەهاتۆتەوە، ئەوانیش لە ڕێگەى فۆرمى سکاڵا دواتر بەپێى نمرەکانیان لە بەشە شایستەکان جێگەیان دەکرێتەوە، بەوەش ڕێژەى وەرگرتن دەبێتە (100 %).
ئەوەشى ڕاگەیاند: دواى تەواوبوونى پرۆسەکە لە ئێستادا (20197) کورسى بەتاڵ ماوەتەوە، کە ئەوەش بریتییە لە سوود وەرگرتن لەوپەڕى تواناى زانکۆکانمان، دووپاتیشی کردەوە وەک ساڵانى ڕابردوو دەرفەتى تەواو بۆ دەرچووانى کەرکوک و خانەقین و شەنگال ڕەخسێندراوە و لە داهاتوویەکى نزیکدا ئەوانیش وەردەگیرێن.
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن باسى لە چۆنیەتى پێشکەشکردنى سکاڵا لە ڕێگەى زانکۆلاین کرد و ڕاشیگەیاند لە ئێستاوە دەرچووان دەتوانن لە ڕێگەى (https://www.regayzanko.com/ ) بەهەمان پاسۆرد و یوزەرنەیمى تایبەت بەخۆیان ئەنجامى وەرگرتنیان بدۆزنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.