فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە نیویۆرك لەگەڵ سامح شوكری، وەزیری دەرەوەی میسر، و ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، كۆبووەوە و لە میانیدا، ڕێگاكانی كاراكردنی ھاریكارییەكانی نێوان ھەرسێ وڵاتیان تاوتوێ كرد، بەتایبەت لە بوارەكانی ئابووریی و سیاسییدا.
كۆبوونەوەكەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی عێراق، میسر و ئوردن لە پەراوێزی خولی 78مین كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك ئەنجامدرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێكردنی ڕێگاكانی كاراكردنی ھاریكارییەكانی نێوان عێراق، میسر و ئوردن بە تایبەت لە بوارەكانی ئابووریی و سیاسییدا تاوتوێكراوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیشدراوە كە لە كۆبوونەوەكەدا فوئاد حوسێن، سامح شوكری و ئەیمەن سەفەدی ھاوڕابوون لەسەر گرنگی تەواوكردنی ئەو پرۆژانەی كە لە نێوان عێراق، میسر و ئوردن لە بوارەكانی كارەبا و وزەی نوێبووەوە، پەیوەندییەكان، بازرگانی، پیشەسازی، گواستنەوە، تەندروستیی، پیشەسازییەكانی دەرمان، خانووبەرە، بیناسازی، رۆشنبیری، گەشتیاریی، گەنجان و وەرزش پێشنیازكراون، ھەروەھا باسیان لە پتەوتركردنی ھاریكارییەكانی نێوان ھەر سێ وڵات كردووە لە بوارەكانی ئەمنی و بەرگرییدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە لە میانی كۆبوونەوەكەدا، بەدواداچوون بۆ ئەنجامی دوایین لووتكەی سێقۆڵیی نێوان عێراق، میسر و ئوردن كراوە كە لە حوزەیرانی 2021دا لە بەغدا بەڕێوەچوو.
ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا، وەزیرانی دەرەوەی عێراق، میسر و ئوردن باسیان لە ڕەوشی ناوچەكە كردووە و لەمبارەیەوە جەختیان كردووەتەوە لە گرنگی بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەكەدا، ھەروەھا گفتوگۆیان كردووە لە بارەی پرسی فەڵەستین بەو پێیەی پرسێكی ناوەندییە لە چوارچێوەی گرنگییدان بە گەڕاندنەوەی مافە ڕەواكانی فەڵەستینییەكان.
وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا، ھاتووە: ھەروەھا لە میانی كۆبوونەوەكەدا ڕەوشی سووریا خراوەتە بەرباس و لەمبارەیەوە باس لەو ھەوڵانە كراوە كە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانی سووریا خراونەتەگەڕ.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، فوئاد حوسێن، سامح شوكری و ئەیمەن سەفەدی ڕێككەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە ھەماھەنگی سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ لووتكەی سێقۆڵی كە بڕیارە لە ماوەكانی داھاتوودا لە قاھیرە بەڕێوەبچێت.
ئامادەكاریی بۆ لووتكەی سێقۆڵیی نێوان عێراق، میسر و ئوردن دەكرێت
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و میسر و ئوردن لە نیویۆرك كۆبوونەوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.