Erbil 7°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 06:48

بە گوژمەی ملیارێک و 528 ملیۆن دینار ڕێگەی دۆڵی سماقوڵی نۆژەن دەکرێتەوە

کوردستان TV
100%


دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیاوەری بریکاری وەزارەت بۆ ڕێگاوبان و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەرێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، چەند پێگەیەکی جیاوازی پڕۆژەکەی بەسەرکردەوە.

لە کاتێکدا، ڕۆژی 9ی ئایاری 2023، دوای ڕۆژێک لە سەردانەکەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ لای خۆپیشاندەرانی دۆڵی سماقوڵی و پێدانی بەڵێن بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی سماقوڵی تاوەکو بەنداوەکە و لەوێشەوە تاوەکو سێڕیانی هیزۆپ دەستیپێکرد.

جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەچەند قۆناغێک و لەچەند شوێنێکی جیاجیادا بوو، بەشێکی بە درێژایی 25کم لە سێڕیانی سولاوک تاوەکو بەنداوی سماقوڵیە کە پێکهاتوە لە قیرتاوکردن و تێکەڵەڕێژکردن و چاککردنەوەی شوێنە تێکچوەکان، هەروەها بڕگەی فەرشکردنی تێکەڵەی قیر بەهەردو چینی ستابلایزەر و بایندەر بۆ چەند شوێنێکی جیاواز و پێویست بە ڕوبەری 32 هەزار م2، بە گوژمەی زیاتر لە 564 ملیۆن دینار، ئەم قۆناغەش ڕێژەی کارەکانی لە کۆتاییدایە.

بەشێکی تری پڕۆژەکە، دروستکردنی دیواری پاڵپشتە لە ڕێگەی سماقوڵی هیزۆپ، کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن نوسراو ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کراوە و ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی بۆ وەرگیراوە. لە بەنداوی سماقوڵی تاوەکو سێڕیانی هیزۆپ قۆناغێکی دیکەی پڕۆژەکەیە، کە پێکهاتوە لە 9کم، کە حەوت کیلۆمەتری هەڵگرتنی قیرە کۆنەکە و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ڕێگەکەیە بە گوژمەی 964 ملیۆن دینار.

هاوکات لەسەر فەرمانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کێرڤی بەشێکی ڕێگەکە لەنزیک گوندی هیزۆپی گەورە کە بەشێکە لەڕێگەی سماقوڵی هیزۆپ، پێشتر ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاووڵاتییان دروستکردبوو، ئەوەش چاکدەکرێت و ئەو بەشەی ڕێگەکە نۆژەندەکرێتەوە.

جگەلەوانەش، لەسەر فەرمانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و دوای داواکاری دانیشتوانی ناوچەکە، ژمارەیەک لە گوندەکانی سنورەکە قیرتاو و تێکەڵەڕێژکران و بەشێکیان تەواوبوون و بەشێکیان کارکردن تیایدا بەردەوامە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.