یەكێتی هاوردە و هەناردەكاران لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایدەگەیەنێت، قەیرانی مووچە كاریگەری لەسەر چالاكییە بازرگانییەكانی سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستاندا هەبووە.
شێخ عەتا محەمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكاران لە هەرێمی كوردستان راگەیاند: قەیرانی دارایی بەتایبەت دواكەوتنی خەرجكردنی مووچە، كاریگەری زۆری لەسەر جووڵەی بازرگانی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بە گشتی هەبووە.
هەروەها گوتی: دواكەوتنی خەرجكردنی مووچە كە سەرچاوەیەكی گرنگی جوڵەی بازاڕە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، ترسی لای بازرگانان دروستكرد سەبارەت بە هاوردەكردنی كەرەستە لە دەرەوەی وڵاتەوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی توانای كڕینی هاووڵاتیانەوە.
گوتیشی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی زیاتر لە 50% دابەزیوە.
شایانی باسە دوای سەردانەكەی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی دیكەی عێراق، سەبارەت بە مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، رۆژی یەكشەممە رابردوو 17ـی 09ـی 2023 كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بڕیاری ناردنی بڕی 2 ترلیۆن و 100 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی سێ مانگی هەرێمی كوردستان بەشێوەی قەرز دا.
دواتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ئەو 700 ملیار دینارەی كە بڕیارە وەك قەرز لەلایەن حكوومەتی ناوەندیی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، بۆ مووچەی مانگی تەممووز (مانگی حەوت) تەرخان دەكرێت.
هەر سەبارەت بەم پرسە دوێنێ چوارشەمە 20ـی 09ـی 2023 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكوومەت، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد كە لەگەڵ گەیشتنی یەكەم گوژمەی پارەكە كە 700 ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵەوە، ڕاستەخۆ بەبێ دواكەوتن دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكرێت.
لەعێراق مووچەی مانگەكانی 7 و 8 و 9 ی فەرمانبەرانی حكومەت دابەش كراوە،كەچی تائێستا مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، مووچەی مانگی 7یان وەرنەگرتووە كە چاوەڕێ دەكرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دابەش بكرێت.
بەهۆی دواكەوتنی مووچە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە ڕێژەی زیاتر لە 50% دابەزیوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.