Erbil 20°C چوارشەممە 23 تشرینی یەکەم 16:45

هه‌واڵه‌ دڵخۆشكه‌ره‌كه‌ گه‌یشت.. مانگی داهاتوو بارانێكی زۆر ده‌بارێت

کوردستان TV
100%

شاره‌زایه‌كی كه‌شناسی هه‌واڵێكی خۆشی گه‌یانده‌ جوتیاران و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ئاشكرای كرد كه‌ به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كان مانگی داهاتوو بارانێكی زۆر ده‌بارێت.

ئاراس جه‌بار شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگه‌یاند: بەگوێرەی دواین گۆڕانکارییەکانی نەخشه‌ی ئەوروپی (ECMWF)  دوورمەودا، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی مانگی داھاتوودا رێژەیەکی زۆری باران لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ببارێت کە رێژەیەکی زۆر بەرزە بە نیسبەت مانگی 10 و دڵخۆشکەرە.

ڕاشیگه‌یاند: وێڕای کەمبوونەوەی رێژەی دروستی پێشبینییە دوورمەوداکان، بەڵام لە ئێستاوە دەرکەوتنی بارانێکی زۆر بۆ مانگی داھاتوو ئاماژەیەکی ڕوونە کە پاییزێکی پڕ باران و کەم وێنەمان لە پێش دەبێت.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: هه‌ر به‌ گوێره‌ی پێشبینییه‌كان هه‌رێمی كوردستان و عێراق بە دوور دەبێت لە مەترسی و کارەسات کە بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا و ڕوودانی دیاردەی (ئێڵ نینۆ) دیاردە کەشییەکان توندبوون و لە ماوەکانی ڕابردوو تا ئێستا چەندین وڵات و ناوچەی جیاواز دووچاری لافاو و گەردەلوول و باوبارانی بەھێز بوونەتەوە کە لەھەندێکیان بەداخەوە زیانی گیانی بەدوادا ھاتووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ زیادبوون و توندبوونی ئەم ڕووداوانە لە ساڵێکی وەک ئەمساڵ له‌سه‌ر ئاستی جیھان چاوەروانکراوە کە بە تێکڕا دەریا و زەریاکان گەرمبوونی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە شەپۆلەکان و سیستەمە نزمەپەستانییەکان لەبەرگە ھەوادا لەکاتی ئاسایی ناجێگیرتر و بەھێزتر دروست دەبن کە زۆر کات توانای بەرھەمھێنانی بارانی زۆر و لێکەوتەی مەترسیداریان دەبێت بۆ سەر ئەو ناوچانەی روویان تێ دەکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.