Erbil 19°C دووشەممە 07 تشرینی یەکەم 02:16

ئازه‌ربایجان هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ناوچه‌یه‌كی ئه‌رمینيا ده‌ست پێ كرد

کوردستان TV
100%

دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌م سوپای ئازه‌ربایجان هێرشێكی سه‌ربازی به‌ناوی "ئۆپه‌ڕاسیۆنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر" بۆ سه‌ر سوپای ئه‌رمینیا له‌ هه‌رێمی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ ده‌ست پێ كرد.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ دوو ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌دا 6 هاووڵاتیی ئازه‌ربایجان گیانیان له‌ده‌ست دا، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئازه‌ربایجان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌ستیان به‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنێكی سه‌ربازی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر كردووه‌ له‌ سنووری ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌كه‌دا هیچ هاووڵاتییه‌كی مه‌ده‌نی یاخود ژێرخانی مه‌ده‌نی ئه‌رمینیا ناكرێته‌ ئامانج، به‌ڵكو ته‌نیا ئامانجه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌پێكرێن و ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌كه‌ش به‌ چه‌كی پێشكه‌وتوو و بێ هه‌ڵه‌ ئه‌نجام ده‌درێن.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ كاتێكی تری ئه‌مڕۆ سێشه‌مدا ڕایگه‌یاندبوو كه‌ چه‌ند شوێنێكی سه‌ربازی سوپای ئه‌رمینیایان بۆردومان كردووه‌.

داواشی له‌ حكوومه‌تی ئه‌رمینیا كردبوو ده‌ستبه‌جێ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی سوپاكه‌ی له‌ له‌ سنووری هه‌رێمی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ بكشێنێته‌وه‌.

لای خۆشییه‌وه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌رمینیا هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ڕه‌تكردبووه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی ئازه‌ربایجان خستبوویه‌‌ پاڵ سوپای وڵاته‌كه‌یان و جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی هه‌ر هێرشێك ده‌بنه‌وه‌ كه‌ بكرێته‌ سه‌ر سوپاكه‌یان.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.